ئەمەریکا سزای سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەدات

بەهۆی پێشێلکاری بەرامبەر مافی مرۆڤ لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی عێراق، ئەمەریکا سزای فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەدات.

 
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە بەیانێکدا هاتووە " ئەندامانی هاوپەیمان لەگەڵ ئێران لە حەشدی شەعبی، هێرشیان کردووەتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی عێراقی کە خۆپیشاندانیان کردووە دژی گەندەڵی و بێکاری و خراپی دۆخی خزمەتگوزاریی و دەستوەردانی ئێران لە کاروباری عێراق".  


  
هەروەها ئەو وەزارەتەی ئەمەریکا دەڵێت "فالح فەیاز بەشێکە لەو شانەی قەیرانەی کە لە بنەڕەتدا لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی پێکهێنرا لەکۆتایی ساڵی 2019 بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزاییەکانی عێراق بە پشتیوانی سوپای پاسدارانی ئێرانی و فەیلەقی قودس".  


  
ستیڤن منوچین وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت "لەرێگەی فەرمانکردن بە کوشتنی خۆپیشاندەران و سەرپەرشتیکردنی ئەو پرۆسانە، چەکداران و سیاسەتمەدارانی هاوپەیمان لەگەڵ ئێران وەکو فالح فەیاز هەڵمەتێکی توندیان دژی دیموکراتیەت لە عێراق و کۆمەڵگەی مەدەنی ئەنجامداوە".   




جەختیشیکردووەتەوە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە سزادانی ئەوانەی پیشێلکاری بەرانبەر مافەکانی مرۆڤ ئەنجام دەدەن لە عێراق کە ئامانجیان بێبەشکردنی گەلە لە دەربڕینی ناڕەزایی ئاشتیخوازانە و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ریشەکێشکردنی گەندەڵی.  

 

 
ئەمە هەنگاوێکی نوێیە کە ئەمەریکا بەرامبەر پێشێشلکردنی مافی مرۆڤ لەعێراقدا دەینێت و سزای بەرپرسانی عێراقی دەدات.

 


PM:08:07:08/01/2021