پارتی به‌ دوو شاندی جیاواز سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

ئەمڕۆ یەکشەممە پارتى شاندێکى باڵایی ناردە بەغدا، هاوکات شاندێکى دیکەشى پێکهێناوە تا دواى قسەکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بچێتە بەغدا.  

بەپێی هەواڵی میدیاکانی پارتی، پارتى دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ شاندێکى ناردووەتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەبارەى پڕۆژە یاسایی بودجەی ٢٠٢١ و هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنى، هەروەها شاندێکى دیکەى پێکهێناوە بەمەبەستى سەردانیکردنى لایەنە کوردییەکان پێش ئەوەى سەردانى بەغدا بکات.  

لەوبارەیەوە ئەحمەد کانى ئەندامى سەرکردایەتى پارتى دەڵێت لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند" ئامانج لەسەردانى شاندەکەیان بۆ بەغدا، قسەکردنە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و بۆ ئەوەى بگەنە رێککەوتن تا لە رێگەى نوێنەرەکانیانەوە لە پەرلەمان پڕۆژەى بودجە تێپەڕێنرێت".  

 

هەروەها لای خۆشیەوە بڵێسە جەبار فەرمان، پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند" دوای خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمان، عەرەب مەبدەئی زۆرینەو كەمینە بەرامبەر كورد بەكاردێنن لە پەرلەمان، مەبدەئی تەوافق لەبەرچاو ناگرن، بەپێی یاساش دەستی كوردیان بەستۆتەوەو دەیانەوێ هەرێم هەموو نەوت رادەست بكات". 

بڵێسە جەبار فەرمان روونیكردۆتەوە، شەڕی ئەمجارەی عەرەب و كورد لەسەر ماف و ئازادی نییە، لەسەر نان و قوت و ئابورییە. باوەڕ ناكەم بەبێ رێكەوتنی سیاسی لەدەرەوەی پەرلەمان هیچ پێشنیارو دەنگی كوتلە كوردستانیەكان لەناو پەرلەمان بەجدی وەربگرن. 

دوێنێ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ كرد، لە پڕۆژەکەدا پشکی هەرێم بە ١٢.٦٧% دیاریکراوە، بەمەرجی ڕادەستکردنی نەوت نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەکان، هاوکات بڕیارە سبەینێ دووشەممە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاساکە بكرێت.



PM:10:01:10/01/2021