لە ماوەی ساڵی ڕابردوو ٢٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لەدەستداوە

لە ماوەی ساڵی ڕابردوو ٢٢ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و چەند شاری دیکەی ئێران گیانیان لە دەست داوە کە ٤ کەسیان لە ژێر ئەشکەنجە کوژراون و دوو کەسیان لە کاتی دەستگیرکردن و بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لە دەست داوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ دا لانیکەم ٢٢ بەندکراوی کورد گیانیان لە دەست داوە کە ١١ حاڵەتی لە بەندیخانەی ئورمیە تۆمار کراوە و خراپرتین بەندیخانە بووە بۆ بەندکراوان.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لانیکەم ٤ بەندکراو بە ناوەکانی خەلیل مورادی خەڵکی جوانڕۆ، سەید کەماڵ حوسێنی خەڵکی سەقز، دانیال زەینولعابدین خەڵکی مەهاباد و فەرهاد وسووقی خەڵکی هەرسین لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەکانی کرماشان، سەقز، میاندواو و خوڕەمئاوا گیانیان لە دەست داوە.

سێ کەس کە بریتین لە بەندکراوێکی بەندیخانەی مەهاباد، شارام مستەفاپوور خەڵکی ئورمیە و کەژوان ئەڵماسی خەڵکی سنە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، شارام لەکاتی دەستبەسەر کران و کەژوان دوای دەستبەسەر کران تەقەیان لێ کراوە و گیانیان لە دەست داوە.

PM:10:31:12/01/2021