ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. کۆڵبەرێک بە سەختی بریندار کرا

کۆڵبەرێکی خەڵکی نەوسوود، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشان بە سەختی بریندار کرا. 

بە گوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی کانوونی دووەم هێزە چەکدارەکانی ئێران لە چیاکانی نەوسوود، دەسڕێژیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لانیکەم کۆڵبەرێکیان بە سەختی بریندار کردووە.

پەیامنێری هەنگاو لە نەسوود ڕایگەیاندووە" بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە، لاوێک بە ناوی "ئاریا خالیدی" خەڵکی گوندی ”نروێ“ سەر بە شاری نەوسوود بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی گوازراوەتەوە بۆ کرماشان". 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی لانیکەم ٢٤٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٥٩ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٨١ کەسیان بریندار بوون.

PM:01:45:15/01/2021