له‌سه‌ر سكاڵای هاوڵاتیان، قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر بڕێك ده‌رمانی نایاسایدا ده‌گرێت و نوێنه‌ری ته‌ندروستی سلێمانیش داوا له هاوڵاتیان ده‌كات ئه‌و جۆره ده‌رمانانه به‌كارنه‌هێنن.
د. په‌رست نه‌قشبه‌ندی، پزیشكی ده‌رمانساز و نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی له‌لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، رایگه‌یاند" له‌سه‌ر سكاڵای هاوڵاتیان، لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێك ده‌رمانی زیادكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشدا گرتوه كه‌به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی هاوه‌رده‌ی شاری سلێمانی كراوه".
وتیشی" به‌كارهێنانی ده‌رمان پێویسته له‌لایه‌ن پزیشكی تایبه‌تمه‌نده‌وه دیاری بكرێت و له ده‌رمانخانه فه‌رمییه‌كان بكڕێت وه‌هه‌روه‌ها پزیشكی ده‌رمانساز شێوازه‌كه‌ی بۆ نه‌خۆشه‌كان رونبكاته‌وه، پاشان به‌كاربهێنرێت".
رونیكرده‌وه، ئه‌و ده‌رمانانه‌ی له‌ڕیگه‌ی په‌یجه‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌شێوه‌ی ئۆنلاین به‌هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێت نایاساییه چونكه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نازانرێت پێكهاته‌كه‌ی چییه، ئه‌و ده‌رمانانه به‌سه‌رچون و شێوازی به‌كارهێنانه‌كه‌شی هه‌ڵه‌یه، هه‌رله‌به‌ر ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه ده‌گه‌یه‌نرێته ده‌ستی كڕیاره‌كان، كه‌ئه‌مه‌ش زیان به‌ته‌ندروستی ئه‌و كه‌سانه ده‌گه‌یه‌نیت.
ڕاشیگەیاند" لیژنه‌كان به‌ورده به‌دواداچونیان كردوه و ده‌ركه‌وتوه ئه‌و كۆگای عه‌مباركردنی ئه‌و جۆره ده‌رمانانه له‌شاری سلێمانی بونی نیه. به‌ڵكو له‌شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم و عێراقه‌وه به‌شێوه‌ی قاچاغ و به‌ڕێژه‌ی كه‌م هاورده ده‌كرێت به‌هاوڵاتیانی شاری سلێمانی ده‌فرۆشرێت".
د. په‌رست نه‌قشبه‌ندی، داوا له‌هاوڵاتیان ده‌كات بۆ زیادكردن یان كه‌مكردنه‌وه‌ی كێش، جوانكاریی و به‌هێزی جه‌سته یان هه‌رجۆره نه‌خۆشییه‌كی دیكه له‌و جۆره ده‌رمانانه به‌كارمه‌هێنن چونكه زیان به‌ته‌ندروستی خۆیان ده‌گه‌یه‌نن،.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وشكرد" به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ته‌واوی ئه‌و ده‌رمانه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌وه له‌ناوده‌برێت".