گللەیەکانی گۆڕان پێویست نین!

عه‌بدولآ مه‌لا نوری
بۆ ئەوەی پارتی لە بڕیاری ئیزندانی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان پاشگەز ببوایەتەوە، دەبو سێ لایەنەکەی تر (یەکێتی، یەکگرتو، کۆمەڵ) لە لایەک لە سەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران کارەکانی خۆیان هەڵپەساردایە، لە لایەکی تریشەوە هەوڵی ئەوە بدرایە ئەگەر لە هەولێریش نەبێت پەرلەمان درێژە بە کۆبونەوەکانی بدات، بەڵام هەر لە رۆژەکانی سەرەتای ئیزندانی گۆڕان لە پەرلەمان و حکومەت، دەرکەوت ئەو سێ لایەنە بەڕێزە ئامادەنین پەنا بۆ فشاری لەو جۆرە ببەن. بۆ ئەمەش پاساوی خۆیان هەبوەو هەیە. ئیدی پاساوەکانیان رەوایە یان نا، ئەوە ئەرکی هاوڵاتیانە حوکم لە سەر ئەمە بدەن. 
ئێستاش، کە بڕیارە سبەی یەکێتی و یەکگرتو و کۆمەڵ بەشداری کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بکەن، ئەم هەڵوێستەشیان شتێکی نامۆ نیە، بەڵکو تەواوکەری هەڵوێستەکانی دو مانگی رابردویانە. 
بۆیە بۆ کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانیش پێویست ناکات گللەییان لێ بکرێت، چونکە ئەوانە خاوەن بەرژەوەندی و راوبۆچونی خۆیانن و. خۆشیان بەرپرسن لەوەی چ هەڵوێستێکیان دەبێت جا بە باش یان بە خراپ. 
ئەوەی بۆ ئەم قۆناغەی گۆڕان گرنگە دو خاڵی سەرەکیە:
یەکەم: دیاریکردنی ئەولەویەتی کاری داهاتوی بزوتنەوەکە، بە لەبەرچاوگرتنی هەمو ئەگەرەکان و، بە پلەی یەکەم لە سەر بنەمای پشت بە خۆ بەستن.
دووەم: ئاوەڕدانەوەیەکی جدی رەخنەگرانەو راشکاوانە لە تەواوی هەنگاو و کارو بڕیارەکانی رابردوی بزوتنەوەی گۆڕان و، وەرگرتنی بڕیاری پێویست لە بارەیانەوە، بۆ ئەوەی لە داهاتودا هەڵەکان چەند بارە نەبنەوە.
من خوازیارم توانای هەمو هێزەکان بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی یەک بخرێت، بەڵام رۆڵ و کاریگەری و سەرکەوتن و شکستی بزوتنەوەی گۆڕان وابەستە نیە بە هاوپەیمانیمان لە گەڵ هیچ لایەنێکدا، هێندەی وابەستەیە بە پلان و ئەدای خۆمانەوە.

20/12/2015



وتارەکانی تری نوسەر