سادق جەلال عەزمیش مرد..ئەمیش ھەر لەمەنفا مرد

مه‌ریوان وریا قانع
سەرەتا سادق جەلال عەزمم لە ڕێگای کتێبی ”نقد الفکر الدینی"ەوە ناسیی، ئەودەم خوێندکاربووم لە زانکۆی سلێمانی، ئەم کتێبە بەیەکێک لە کتێبە گرنگەکانی دونیای عەرەبیی دوای جەنگی ساڵی ١٩٦٧ دادەنرا. ئەوەی منی وەک قوتابییەک بەرامبەر بە کتێبەکە سەرسامکرد بوێریی و ئازایەتیی ئەو پیاوەبوو.

کتێبەکە بەشێکی تەرخانە بۆ باسکردنی تراژیدیای شەیتان و لەوێدا عەزم بەرگریی لەوەدەکات کە شەیتان ھیچ گوناھێکی لەوەدا نییە کە شەیتانە. دواتر کتێبی ”دھنیە التحریم"م خوێندەوە کە بەرگرییەکی ڕۆشنبیرانەی بوێرانەیە لە ڕۆمانی ”ئایەتە ئەھریمەنییەکان"ی سەلمان ڕوشدی. لەوێدا بەدرێژیی لەسەر فەتواکەی خومەینیی بۆ کوشتنی بە سەلمان ڕوشدی دەوەستێت و ھەلومەرجی سیاسیی و ناوچەیی دەرکردنی ئەو فەتوایە شیدەکاتەوە، لەکاتێکدا خومەینی ڕۆمانەکەی نەخوێندۆتەوە و نەشیزانیوە سەلمان ڕوشدی باس لە چ کێشە و چ بابەتێک دەکات.

کتێبەکانی تری سادق عەزمم لە کات و ساتی جیاوازدا خوێندەوە و بەسەر یەکەوە وێنەی ڕۆشنبیر و خوێندەوارێکی بەرپرسیار و ڕەخنەییان لەلای من دروستکرد. تا مردیش لەگەڵ مارکسیزمدا مایەوە و ماتریالیزمی مێژوویی بە تاکە میتۆدێکی ڕاستەقینە و زانستیانەی بیرکردنەوە و نووسین دەزانی.

یەکەمجار کە سادق جەلال عەزمم لە نزیکەوە بینی لە ساڵی ١٩٩٦ بوو لە زانکۆی ئەمستردام لە ھۆڵەندا. من ئەودەم قوتابی بووم و ئەویش بۆ پێشکەشکردنی چەند بابەتێک میوانی زانکۆی ئەمستردام بوو. بەبیرم دێت یەکێک لە بابەتەکانی تەرخان بوو بۆ ھێرشکردنە سەر فیکری پۆست مۆدێرنیزم، بەتایبەتی ھێرشکردنە سەر فیکری میشێل فۆکۆ. کاتێک عەزم لە قسەکردن تەواوبوو وە دەرگای گفتوگۆ کرایەوە من ھەندێک بەرگریم لە فۆکۆ کرد و ھەندێک ڕەخنەش لەشێوازی خوێندەوە و تێگەیشتنی ئەو بۆ کارەکانی فۆکۆ. خۆشبەختانە من تەنھا کەسێک نەبووم ئەو کارەم کرد ھەندێک قوتابیی و مامۆستای تریش ھەمان شتیان کرد. عەزم قسەکانی من پێناخۆشبوو، بەڵام دوای تەواوبوونی کۆڕەکە لەگەڵ کۆمەڵێک قوتابیی و مامۆستادا لە چاخانەیەکی ناو ئەمستردام دانیشتین. لەوێ درێژەمان بە قسەکانمان دا و ئینجا مەسەلەی کوردەکانی ڕژێمەکەی حافز ئەسەد لە سوریا و سەندنەوەی ناسنامە لێیان لەو وڵاتەدا ھاتەپێشەوە. لەوێشدا من دیسانەوە تووشی دەمەقەڵێیەکی کەم ھاتم لەگەڵیدا.
 
جگە لەو جارە من چەندان جاری تر سادق عەزمم لە شوێن و جێ و بۆنەی تردا بینیوە. جارێکیان لە ساڵی ٢٠٠٨ لە شاری تەنجە لە مەغریب. ھەم ئەو و ھەم من لە کۆنفرانسێکدا بەشداربووین بەناوی ”فرەکولتوریی و کەمایەتییەکان لە دونیای عەرەبیدا". ھەردووکیشمان لەھەمان ئوتێلدا دابەزیبووین. لەو سێ رۆژەدا کە لە ئوتێلەکە بووین زۆر قسە و باسمان پێکەوە کرد. تاقەتی لەزۆر شتی دونیای عەرەبی چووبوو، خەمی لە کەمبوونەوەی ڕۆڵی ڕۆشنبیران لەسەر واقیعی سیاسیی و دینیی و کۆمەڵایەتیی دونیای عەرەب دەخوارد. لە کۆنفرانسەکەدا گۆرانیبێژی لوبنانی مارسیل خەلیفەشمان لەگەڵ بوو. میدیای مەغریبی بەدوای ئەو گۆرانبێژەوە، کۆنفرانسی ڕۆژنامەگەریی تایبەتیان بۆ دەگرت، لەکاتێکدا عەزم و ڕۆشنبیرەکانی تر کەس نەدەھات بەلایاندا. 

دواجاریش لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٥ لە کۆنفرانسێکدا لە زانکۆی بۆخم لە شاری بۆخم لە ئەڵمانیا بینیمەوە. من باسێکم لەسەر ئەدەبیاتی یاخیبوون لە دونیای عەرەبیدا پێشکەشکرد و ئەویش باسێکی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا. باسکەی ڕەخنەیەکی توندبوو لە ئیدارەی ئۆباما. ئەمجارەیان پیریەتی تەواو پێوە دیاربوو، گوێچکەکانی تەواو قورس بووبوون و بە زەحمەت گوێی لە دەنگی ئەو کەسە دەبوو کە لەگەڵیدا دەدوا. لەگەڵ ژنەکەیدا بەیەکەوە ھاتبوون، ھەندێک لە بەشداربووە عەرەبەکان ئەویان دەناسییەوە و وێنەیان لەگەڵدا دەگرت. کە قسەمانکرد ئەمجارەیان کەمەکێک باسی مردن و باسی مەنفای کرد، نائومێدبوو لە دۆخی ناوخۆیی سوریا، باسی ئەوەی کرد لە شاری بەرلین دەژیی و لەیەکێک لە زانکۆکانیدا وانە لەسەر مێژووی فیکر لە دونیای عەرەبیدا دەڵێتەوە. 

مردنی ئەم پیاوە مردنی یەکێک لەناوە گەورەکانی ساڵانی ھەفتا و ھەشتای ناو ڕۆشنبیریی عەرەبییە، وەک زۆرێک لە ڕۆحە ڕەخنەییەکانی ئەو دونیایە ئەمیش لە مەنفا مرد، بەتەنھا لە یەکێک لە شارە ئەوروپییە گەورەکاندا.

12/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر