ترامپ دوای سەد ڕۆژ حوکمڕانیی

مه‌ریوان وریا قانع
ئەم کۆتایی ھەفتەیە بەشێکی زۆری ڕۆژنامەکانی ئەوروپا پێداچوونەوەیان بۆ سەد رۆژی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترامپ لە ئەمریکا کرد، من وەک پیشەی ھەمیشەییم ئەم بەیانییە دوو ڕۆژنامەی ھۆڵەندیم خوێندەوە کە ئەم وێنەیەیان بۆ ئەو سەد رۆژەی تەمەنی دەسەڵاتی ترامپ کێشاوە:
یەکەم: ترامپ بەڵێنی دروستکردنی دیوارێکی گەورەی دا لەنێوان ئەمریکا و مەکسیکدا. ئەم بەڵێنە لە ئێستادا ھەم لەناو کۆنگرێسی ئەمریکیدا ھەواداری زۆری نییە، ھەم ئەو پارەیەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی بوونی نییە. ترامپ بەڵێنی دا حکومەتی مەکسیکی ناچاربکات خۆیان پارەی دروستکردنی دیاورەکە بدەن، بەڵام ئەم حکومەتە نەک ھەر ئەم خواستەی ترامپی رەفزکردوە، بەڵکو بەشێک لە ناوچە سنوورەییەکای ئەمریکا خۆشیان زۆر دژ بە دروستکردنی ئەو دیوارەن چونکە قوتکردنەوەی ئەو دیوارە جوڵەی بازرگانیی نێوان ئەو ناوچانە و دونیای دەرەوە وێران دەکات. دروستکردنی ئەو دیوارە پێویستی بە ٢٠ ملیار ٦٠٠ ملیۆن دۆلارە، ئەوەی تا ئێستا کۆکراوەتەوە تەنھا بیست، ٢٠ ملیۆن دۆلارە.
دووھەم: ترامپ بڕیای دابوو کە ٧٥%یاسا بریۆکراسییەکان بگۆڕێت کە لە دیدی ئەودا کێشەیان بۆ ئابوریی ئەمریکا دروستکردوە. لەمەشدا ھەندێک یاسای دەسکاریکردوە، بۆ نموونە ئێستا ئەوانەی لە بوارای کانزاکاندا کاردەکەن دەتوانن بەرماوە و پاشەڕۆی کارەکانیان فڕێبدەنە ناو ڕووبارەکانی ئەمریکاوە. ئەوانەی کە لەڕووی دەورنییە بیمارن و کێشەی سایکۆلۆژیان ھەیە دەتوانن بە ئاسانی چەک و تەقەمەنی شەخسی بکڕن. ھەروەھا ترامپ بەشێک لەو یاسایانەشی ھەڵوەشاندۆتەوە کە بەرگریی لە ژینگە و پاراستنی دەکەن.
سێھەم: ترامپ بەڵێنی ئەوەی دا کە سزای وڵاتی چین بدات و بەوە تاوانباریی کرد کە پارەکەی خۆین بە ئەنقەست لاوازدەکەن بۆ ئەوەی بتوانن زۆرتین دۆلار بکڕن. بەڵام ترامپ دوای سەردانی سەرۆکی چین بۆ ئەمریکا لە مانگی چواردا لە ھەموو ئەو شتانە پەشیمان بووەوە.
چوارەم: ھەڵوەشاندنەوەی یاساکانی ئۆباما سەبارەت بە تەئمینی تەندروستیی بۆ ٢٠ ملیۆن ئەمریکیی. ترامپ لەمەشدا سەرنەکەوتەوە و بەشێێکی گەورەی کۆنگرێسی ئەمریکیی دژیەتی. 
پێنجەم: ترامپ بڕیاری قەدەغەکردنی ڤیزای ئەمریکا لە ھاوڵاتینای چەند وڵاتێک دەرکرد، بەتایبەتی لە چەند وڵاتێکی موسڵمان، بەڵام ئەم بڕیارەشی سەرینەگرت و لەلایەن دادگاکانی ئەمریکاوە ھەڵوەشێندرایەوە. 
شەشەم: ترامپ بڕیاری دا کە ئەمریکا تووشی ھیچ جەنگێک نەکات، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا بە گەرمی لە سوریادا چالاکە و لە دۆخی بەرپاکردنی جەنگدایە. بڕیاری ئەوەش دراوە کە ٥ ھەزار چەکداری زیاتر رەوانەی سوریا بکەن. 
حەوتەم: ترامپ مژدەی ئەوەی دا کە لەماوەیەکی کورتدا کۆتایی بە داعش بھێنێت، تا ئێستا ئەم مژدەیەشی جێبەجێنەبووە ، بەڵام کوردەکانی سوریای ھەڵبژاردوە وەک ھێزی سەرەکیی بۆ بەگژاچوونەوەی داعش. لەمەشدا گوێی بەوە نەداوە کۆمەڵێک کێشەی لەگەڵ تورکیادا بۆ دروستببێت.

29/04/2017



وتارەکانی تری نوسەر