کوشتنی دیکتاتۆرێکی تر

مه‌ریوان وریا قانع

کوشتنی عەلی عەبدوڵا سالح، سەرۆکی لەسەرکار لابراوی پێشوی یەمەن، لە کاتێکدایە کە ناوچەکە پڕیەتی لە ناکۆکیی سیاسیی و سەربازیی ترسناک و یەمەن خۆشی جەنگێکی فرەلایەن وێران و ھەلار ھەلاری کردوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە سێ ساڵی ڕابردووی جەنگی یەمەندا زیاد لە دە ھەزار کەس کوژراوە، بە ھەزارانیش بریندار بوون. جگە لەمانە چەندان ملیۆن مرۆڤیش لە دۆخێکی ھێجگار سەخت و پڕوکێنەردا دەژین، لە پاڵ بۆمباران و شەڕی قورس و خوێناوی ڕۆژانەدا، گەمارۆدانێکی ئابوری سەختیش لە ئارادایە وایکردوە نە خۆراکی پێویست ھەبێت نە ئاو، نە دەرمان و نەخزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تر. بەھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیشەوە، بەتایبەتی بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆلێراوە، نزیکەی یەک ملیۆن مرڤ نەخۆشکەوتون و تا ئێستاش زیاد لە دوو ھەزار کەسیان بە کۆلێرا مردون.
شەڕ لە یەمەن تەنھا شەڕێکی ناوەکیی نییە لە نێوان ھێزە یەمەنیەکان خۆیاندا، بەڵکو شەڕێکی ئیقلیمیی ناڕاستوخۆشە لە نێوان سعودیە و ھاوپەیمانە عەرەبەکانیدا، لەگەڵ حوسیەکان و ئێراندا. یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەم ناوچەیە ئەوەیە کە سادەترین ململانێی ناوەکیی لەھەر وڵاتێکدا، دەتوانێت ڕەھەندێکی ئیقلیمی وێرانکەر وەربگرێت و بەمەش ئومێدێک نەمێنێتەوە بۆ چارەسەرکردنی لەناو خۆی وڵاتەکەدا. یەمەن ئەمڕۆکە ئەم دۆخە لە ئاشکراترین شێوەیدا دەژیی.
لە ململانێکانی ناو یەمەندا ھەوادارەکانی عەلی عەبدوڵا سالح چوونە پاڵ حوسیەکان دژ بە سعودیە و ئەو بەرەیەی سعودیە سەرکردایەتیان دەکات. ئەم ھاوپەیمانییە ماوەی چەند ساڵێک بەردەوام بوو، بەڵام عەلی عەبدوڵا ساڵح ئەم بەیانییە بە فەرمی کۆتایی بە پێکەوەکارکردنی لەگەڵ حوسییەکاندا ھێنا و ئەوەشی ئاشکراکرد کە ئامادەیە لاپەڕیەکی تازە لەگەڵ سعودیە و ھاوپەیمانەکانیدا بکاتەوە.
کوشتنی عەلی عەبدوڵا ساڵح ھەم دۆخی ناوەکیی یەمەن خراپتر دەکات بەوەی نەک تەنھا ھەموو ئەگەرێکی وەستانی جەنگەکە لەناو خۆدا لەناودەبات، بەڵکو ھێزەکانی سەر بەم پیاوەش دەخاتە سەر حەز و کەڵکەڵەی تۆڵەکردنەوە و خوێنڕشتنی زیاترەوە. ھاوکات ئەم کوشتنە ڕەنگە پەیوەندییە ئیقلیمییەکان گرفتئامێزتر و توندتر بکاتەوە و کێشەی سعودیە و ھاوپەیمانییەکانی لەگەڵ ئێراندا قووڵتر و نزیکتر لە تەقینەوە، بکات.
ئەوەی بۆ سیاسەتکردن لە کوردستاندا گرنگە نەچوونە ناو ھیچ یەکێک لەو ڕیزبەندییە ئیقلیمییەوەیە کە ئەمڕۆکە لەناوچەکەدا لە ئارادایە و لەگەڵخۆیدا ئەگەری جەنگ و پێکدادانی گەورەی ھەڵگرتوە. کۆتایی ئەم دیکتاتۆرە دەشێت وانەیەکی نوێ بێت بۆ ھەر ھێز و لایەن و کەسێک واتێبگات بە کەڵەگایی و لەڕێگای ھێزەوە دەتوانێت تاسەر حوکمڕانیی بکات. 




PM:10:50:04/12/2017