سیاسەتی کوردیی کە ھەرگیز گەورەنابێت

مه‌ریوان وریا قانع

لەناو ئەو وێرانە گەورەیەدا کە ئەم ڤایرۆسی کرۆنایە لە ئاستی جیھانیدا ئەنجامیداوە و ئەو ژمارە گەورەیەی مرۆڤی ئاسایی لەناوبردوە و ملیارەھاشی ناچار بە خۆگلدانەوە لە ناو ماڵەکانی خۆیاندا کردوە، ھاوکات چەندان دەوڵەتی ناچارکردوە سنوورەکانیان دابخەن و لەناوەوە ھەموو توانایەک بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بەگژ ئەم ڤایرۆسەدا بچنەوە، دەڵێم لەناو ئەم گشتە کارەساتاوی و ئاڵۆەزەدا، مرۆڤ دەکرێت بیر لە دەرەنجامێکی پۆزەتیڤ بکاتەوە، دەرەنجامی ئەوەی جارێکی تر مرۆڤایەتی ی زۆر بە توندیی لەو ڕاستییە سادەیە ئاگاداردەبێتەوە کە بەبێ ھاریکایی جیھانیی و بەبێ بەدەمەوەچوونی مۆندیالیی، واتە بەبێ چوونەدەرەوەی قازانج و مەسڵەحەتە نەتەوەییە بەرتەسکەکان و بەبێ گەشەدان بە ستراتیژێکی جیھانیی ھاوبەش کە لە کاری پێکەوەیی جیھانییدا بەرجەستەبێت، ناکرێت چ ژیانی مرۆڤ خۆیەتی و چ ژیانی زەوی خۆشی، بپارێزرێت.

ئەوەی جیھانی ئەمڕۆ پێویستی پێیەتیی ھەستکردنێکی بەھێز و ھاوبەشە بە ھاوچارەنووسیی و ھاوماڵیی، بە خەمخواردنێکی جیھانیی لە ژیانی مرۆڤ لەسەر زەویی. لەم ئاستەدا دەکرێت لە ئێستادا چەندان فۆرمی کاری پێکەوەیی و ھاریکاریی ببینین کە لە دۆخی دروستبوون و گەشەکردندان. بۆ نمونە، چەندان تاقیگەی زانستیی ناو زانکۆکا گرنگەکانی دونیا لەگەڵ یەکدا لە پەیوەندیی چڕ و ھەمەلایەندان بۆ دۆزینەوە ڤاکسین و چارەسەری پزیشکییانە بۆ ئەم ڤایرۆسە لەعنەتیە. ئەوروپای یەکگرتوە ملیارەھا دۆلاری ئازدکردوە بۆ بەگژاچوونەوەی ڤایرۆسەکە. زۆرێک لە دەوڵەتەکانیش ملیارەھا دۆلاریان خستۆتەگەڕ بۆ ھاریکاریکردنی ئەو بەشانەی کۆمەڵگا کە پێویستیان بە ھاریکاریی ڕاستەوخۆ ھەیە. ئەم دۆخە بەڕادەیەکە ھەندێک ئابورییناس باس لەوەدەکەن خەریکە جارێکی تر ”ئابوریی“ و ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی“ زۆر بە توندیی بەیەکترەوە گرێئەدرێن و دۆخێک لە دروستبووندیە ڕادیکاڵتر لە دۆخی دوای سیاسەتی ”نیو دیڵ“ لە ئەمریکای ساڵانی سییەکان و چلەکانی سەدەی بیستەمدا. سیاسەتێک تیایدا کۆمپانیا گەورەکانی ئەو وڵاتە بڕی٩٠%، نەوەد لەسەد، باجیان ئەدا ھەتا دەوڵەت بتوانێت خەم و مشوری کۆمەڵگا بخوات و بەگژ ھەژاریی و نەبوونی ساڵانی سەردەمی جەنگی جیھانی دووھەمدا بچێتەوە. زۆرێکی تریش باس لە ئەگەری بەھێزی کۆتایی سیاسەتی نیولیبرال دەکەن، کە لە ھەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە سیاسەتی باڵادەستە لە جیھاندا.

 
دەڵێم لەم کاتەدا و لەناو ئەم ژینگە جیھانییە پڕ گۆڕانکارییەدا، حکومەتی ھەرێم، یان وردتر بدوێم، پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێگای نێوان بالیسان و شەقڵاوە دادەخات و ناھێڵێت ئیسعافەکانی ئە شارۆچکەیە نەخۆشەکانیان بۆ نەخۆشخانەکانی شەقڵاوە و ھەولێر ببەن. ڕێگاکە لە ھەرێمێکدا کە سێ شارە بە بلۆکی گەورە دادەخرێت. یان لەسەر کۆمەڵێک تەپۆڵکە لە ناوچەی وەرتێ خەریکی بەرپاکردنی شەڕێکی خوێنای ترن. یان ڕۆژنامەنووسێک لە ماڵەکەی خۆیدا و بە بیجامەکانییە دەفڕێنن لەبەرئەوەی لەسەر لاپەڕەی فەیسبوکەکەی ٨ دێڕێکی نووسیوە. ئەوە با واز لەو دۆخی گاڵتەجاڕییە بھێنین کە لە پەیوەندیدا بە موچەی خەڵکی ھەژاری ئەو کۆمەڵگایەوە لەئارادایە. جیھان لە کوێە و ئەو نوخبە سیاسییە حوکمڕانەی کوردستان لە کوێ. مرۆڤایەتی خەریکی چییە و ھێزە باڵادەستەکانی کوردستانیش خەریکی چین.


29/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر