غەزوەو ئەنفال لە سەدری ئیسلامەوە بۆ شەنگال

د. شێرکۆ کرمانج

غەزوە (غزوە) وشەیەکى عەرەبییە چاوگەکەى "غَزا" یە، واتە: سار الى قتالهم وانتهابهم فی دیارهم، بە کوردی واتە: چوو بۆ شەڕیان‌و تاڵانکردنیان لە ماڵى خۆیان (تەماشای قاموسی المنجد لاپەڕە ٥٥٠ بکە).


غەزوە پێش هاتنی ئیسلام وەک نەریتێکى بەربڵاو لەناو عەرەبەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی پیادەدەکرا. دوای هاتنی ئیسلامیش بەربڵاوتر لە جاران لە شەڕەکانی موسڵمانەکان لەگەڵ ئەوانەی پێیاندەگوتن "کافر" پیادەکراوە. ئامانجى سەرەکى غەزوە دەستبەسەرداگرتن‌و بەتاڵانبردنى ئاژەڵ‌و ماڵاتى وەک: حوشترو مەڕو ماڵات‌ بوو لە خێڵێکى دیکە یان ئەو کاروانچیانەى بەسەریاندادەدرا. هاوکات ژن‌و کچانی خێڵ یان کاروانە بەسەردادراوەکە وەک ماڵات تەماشادەکران‌و دەبردران‌، وەک کۆیلەو جالییەش بەسەر کوڕان‌و پیاوانی خێڵە براوەکە دابەشدەکران بۆ هەوەسبازی.


ئەوە سەبارەت بە غەزوە، وشەى ئەنفال (انفال) وشەیەکى عەرەبییە لە شێوازى کۆ (جمع)دا، چاوگەکەى (نَفَڵ) یە، ئەنفال واتە دەستکەوت، (الهبە) بەخشین (تەماشای قاموسی المنجد لاپەڕە 828). هەردوو چەمکى ’غەزوە‘ و ’ئەنفال‘ لە قۆناغی پێش ئیسلام، ئەوەی موسڵمانان پێیدەڵێن جاهلیەت (واتە نەزانیی) وەرگیراون‌ولەدوای هاتنی ئیسلام پەرەیانپێدراو گۆڕدران‌و بەرگى ئایینییان لەبەرکراو پیرۆزکران. لەڕاستى بەدوور نییە ئەگەر بڵێین زۆربەى موسڵمانان، بەدرێژایی مێژووی ئیسلام، کاتێک بەشدارییان لە غەزوەکان دەکرد دەشێ زیاتر بۆ گرتنى دەسکەوت (ئەنفال)، چ ماڵ‌و حاڵ چ کچ‌و ژن، بووبێت، نەک بۆ شەڕ لەپێناو ئیسلام.

راستی ئەو ئارگیومێنتە لە هۆو ئەنجامى یەکەمین پێکدادانەکانى نێوان موسڵمانان‌و قوڕەیشییەکان بەئاشکرا دەردەکەوێت. بۆنمونە، شەڕى بەدر (2 هیجری / 624 زاینی)و شەڕی ئوحد (3 هیجری / 625 زاینی)، گەورەترین‌و سەرەکیترین شەڕەکانى نێوان موسڵمانان‌و قوڕەیشییەکان، کە لێرە تاوتوێیەکی خێرایان دەکەین.


موسڵمانە موهاجیرەکان پاش دەرپەڕاندنیان لە مەککە بۆ مەدینە بەغەیرەز ئەو دەستکەوتانەى کە لەو غەزوانەى لە دژى کاروانچیانى قوڕەیش‌و خێڵەکانى دى ئەنجامیاندەدا دەرامەتێکى دیکەیان نەبوو. ئەو غەزوە بچوکانە بۆ ماوەى دووساڵ درێژەیان کێشا تا ئادارى 624 کاتێک موسڵمانان بیستیان کاروانێکى گەورەى قوڕەیش لە شامەوە بەڕێکەوتووەو وا دەگەڕێتەوە بۆ مەککەو یەکسەر پێغەمبەریان لێئاگادارکردەوە. وەک تەبەری لە کتێبە بەناوبانگەکەی تاریخ الطبری دەیگێڕێتەوە، پێغەمبەر یاوەرەکانى کۆکردەوەو بەوە هانیدان بۆ پەلاماردانى کاروانەکەى قوڕەیش کە سەروسامانێکى زۆروزەبەندیان پێیەو ژمارەشیان کەمە (تەماشای الطبری مجلد 3 لاپەڕە 19 بکە). تەبەری باسێک لەوە ناکات کە پێغەمبەر باسی لە جیهاد کردبێت دژی "کافران".


موسڵمانەکان بە ڕابەرایەتى پێغەمبەر چوون لە نزیک ئاوى بەدر بۆسەیەکیان بۆ قوڕەیشییەکان نایەوە، سەرەڕاى ئەوەى قوڕەیشییەکان بە ژمارە زۆرتربوون کەچى موسڵمانان توانیان زەبرێکى چاکیان لێبوەشێنن‌و دەستبەسەر کاروانەکە دابگرن‌و دەستکەوتێکى چاک وەگیربێنن. ئەوەی جێگەی سەرنجە هێشتان هەندێک لە موسڵمانان لە ڕاونانى قوڕەیشییەکان نەگەڕابوونەوە ململانێى دابەشکردنى دەستکەوتەکان دەستیپێکرد. کێشمەکێشەکە لەگەڵ گەڕانەوەى ئەسپسوارەکان گەیشتە ترۆپک، بەڕادەیەک کە بۆ یەکلاکردنەوەى کێشەکان ئایەتى ئەنفال "دابەزى". سورەتى ئەنفال ناوەکەى لە یەکەمین ئایەتیەوە وەرگرتوە کە لە دواى شەڕى بەدر هاتەخوارەوە.

لەبەر رۆشنایی ئەوەى سەرەوە بۆماندەردەکەوێت، یەکەم: هۆى سەرەکى پەلامارەکەى بەدر دەستبەسەرداگرتنى بارە پڕبەهاکەى قوڕەیش بوو نەک بە ئیسلامکردنى قوڕەیشییەکان‌و جیهاد بووبێت لەپێناو ئیسلام. دووەم: کێشەو ململانێیەکى ترسناک لەسەر دابەشکردنى دەستکەوتەکانى شەڕى بەدر هاتەگۆڕێ. بۆیە دەتوانین بڵێین شەڕى بەدر درێژکراوەى ئەو غەزوانە بوو کە موسڵمانەکان وەک نەریتێکى عەرەبى بۆ دابینکردنى ژیانیان ئەنجامیاندەدا.


ئەمە لەلایەک، لەلایەکى دیکە هۆى سەرەکى تێکشکانى موسڵمانان لە شەڕى ئوحد، وەک چۆن لە قورئان وەسفکراوە، بەجێهێشتنى شوێنە ستراتیجییەکان بوو لەلایەن موسڵمانەکان لە شەڕەکەداو پڕتانپڕتانى موسڵمانەکان بوو بۆ ڕفاندن‌و دەستبەسەرداگرتنى هەرچى زیاترى دەستکەوتەکان. خوای موسڵمانان لە سورەتى ئال عیمران ئاوا وەسفی پڕتانپڕتانى موسڵمانانى کردوە " وَلَقَدْ صَدَقَكُمُ اللَّهُ وَعْدَهُ إِذْ تَحُسُّونَهُم بِإِذْنِهِ ۖ حَتَّىٰ إِذَا فَشِلْتُمْ وَتَنَازَعْتُمْ فِي الْأَمْرِ وَعَصَيْتُم مِّن بَعْدِ مَا أَرَاكُم مَّا تُحِبُّونَ ۚ مِنكُم مَّن يُرِيدُ الدُّنْيَا وَمِنكُم مَّن يُرِيدُ الْآخِرَةَ ۚ ثُمَّ صَرَفَكُمْ عَنْهُمْ لِيَبْتَلِيَكُمْ ۖ وَلَقَدْ عَفَا عَنكُمْ ۗ وَاللَّهُ ذُو فَضْلٍ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ إِذْ تُصْعِدُونَ وَلَا تَلْوُونَ عَلَىٰ أَحَدٍ وَالرَّسُولُ يَدْعُوكُمْ فِي أُخْرَاكُمْ فَأَثَابَكُمْ غَمًّا بِغَمٍّ لِّكَيْلَا تَحْزَنُوا عَلَىٰ مَا فَاتَكُمْ وَلَا مَا أَصَابَكُمْ ۗ وَاللَّهُ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ"، واتە "خوا بەڵێنى بە ئێوەداو بەجێیهێنا: ئەوسا کە بە دەستورى خوا دەتانکوشتن، تا ئەوکاتەى ئەو تاڵانەى بەتەمای بوون هاتەبەرچاو، ئیتر کێشەو لەناو خۆتان لێپەیدابوو، لە فەرمان سەرپێچیتانکرد. ئى وا هەبوو حەزى لە ماڵى دنیا بوو، ئی واش هەبوون خۆشى ئەو دنیایان دەویست. پاشان هەرتا بتان ئەزموێ، لە شەڕیانى گێڕانەوە. وا ئەو هەلەش لێتانخۆشبوو. خوا خاوەنى چاکەیە لەسەر خاوەن باوەڕان. ئەوکاتەى کە ڕاتاندەکردو ئاوڕتان وەسەر هیچ کەس نەدەداوە، پێغەمبەریش لە دواوە گازى دەکردن، جا خوا جەزاى خەمى هەر بە خەم دانەوە. نەکا لەبەرئەوەى وا لە دەستانچووەو ئەوەى کەوا تووشتانبووە خەفەتبخۆن. خوا لەو کارانەى دەیکەن ئاگادارە" (قورئان سورەتی ئال عیمران: 152-153). ئەبو ئەعلاى مەودودیش پێیوایە چاوچنۆکى ئەو تیرئاوێژانەى ڕێگەکەیان دەپاراست‌و چۆلکردنى شوێنەکانیان‌و شۆڕبوونەوە بۆ گلدانەوەى دەستکەوتەکان هۆى سەرەکى دۆڕاندنى شەڕەکە بوو.


ئەزمونى شەڕى ئوحدیش وەک شەڕى بەدر دەیسەلمێنێ کە هاندەرى سەرەکى موسڵمانان بۆ شەڕ دەستکەوتى ماڵى‌و دنیایی بووە، دیارە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە موسڵمانان هەر هەموویان تەنیا بۆ دەستکەوتە دنیایى‌و ماددییەکان دەجەنگان. لە ڕاستیدا کەسانى وا هەبوون کە پێیانوابوو ئەگەر لە پێناوى خواو ئایینى ئیسلام گیانیان لەدەستدا ئەوە شەهیدن‌و دەچن بۆ بەهەشت، لەم ڕێگایەش لە هیچ شتێک سڵیان نەدەکردەوە. ئالێرەدا دەتوانین بڵێین هەندێجار بەرژەوەندییە ئایینییەکان‌و دنیاییەکان لە خاڵێکدا یەکدى دەگرن‌و پشتیوانى لەیەکدی دەکەن.

ئەوەی لە هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەی شەنگال‌و تەواوی ئەو ناوچانەی ئێستا لەژێر دەستی داعشدایە بەدیدەکرێت ئەوەیە کە موجاهیدە داعشییەکان هەمان ئەو کارو کردەوانە ئەنجامدەن‌و پەیڕەودەکەن کە موسڵمانان‌و یاوەرانی پێغەمبەر لە سەدری ئیسلام لەبەر چاوی پێغەمبەرەکەیان ئەنجامیانداوە، کە خۆی لە کوشتن‌و سەربڕین‌و پەلبڕینی پیاوان دەبینێتەوە لەگەڵ بە تاڵانبردنی ماڵ‌و حاڵ. لەوانەش قێزەونتر تەعەداکردن لە کچان‌و ژنان‌و بە کۆیلە بردنیان بۆ پڕکردنەوەی هەستە هەوەسبازییەکان. دزینی ئەو پێنج سەد ژنەی ئێزیدییەکان وەک ئەوەی لە میدیاکان باسدەکرێت ئەگەر ژمارەکەش راست نەبێت، ئەوە شایەد زۆرن بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو کارە نامرۆییە.


تەماشاکردنێکی ئەو کتێبە مێژووییانەی کە مێژوونوسە موسڵمانەکان خۆیان نوسیویانە پڕن لەو بەڵگانەی کە باس لەوە دەکەن کە ژنان‌و کچانی کافرەکان بە دیلگیراون‌و دابەشکراون بەسەر سەرکردەو جەنگاوەرە موسڵمانەکان.


ئەوەی ئێستا داعش‌و گروپە ئیسلامیستە تیرۆریستەکانیش دەیکەن راست درێژکراوەو پراکتیزی هەردوو نەریتی باوی غەزوەو ئەنفالە کە لە پێش هاتنی ئیسلام‌و دوای هاتنی ئیسلام لەلایەن عەرەب‌و موسڵمانەکانی سەدری ئیسلام‌و دواتریش پرکتیزکراوە.

ئەو موسڵمانانەی ئەو کارە قێزەونانە ئەنجام نادەن ئەوانە موسڵمانێکن کە لەژێر کاریگەریی ئەو کەلتورە عەرەبییە-ئیسلامییە دەرچوون. ئەم قسەیەش پێویستی بە بابەتێکە کە دەرفەت هەبێت لەم ماوەیە لەسەری دەنوسم.



د. شێرکۆ کرمانج، زانکۆی ئوتارا مالیزیا



07/08/2014



وتارەکانی تری نوسەر