رووداو: راپۆرتێکی لێوانلێو لە چەواشەکاریی ١-٢

د. شێرکۆ کرمانج

لە راپۆرتێکدا، کە گوایە لە ئەمریکاوە نوسراوەو لە سایتی رووداو بڵاوکراوەتەوە، رووداو باس لە گۆڕینێکی دراماتیکی لە سیاسەتی ئەمریکا دەکات بەوەی کە ئەمریکا نیازیبووە ناوچەی شنگال رزگار بکات بەڵام لەبەر یەپەگەو پەکەکە بەم کارە هەڵنەستاوە.

لەم بەشەی ئەم بابەتە کە لە دوو بەش پێکهاتووە هەوڵدەدەم یەک بە یەک لەسەر خاڵەکانی ڕاپۆرتەکە لە پەیوەند بە سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق‌و کوردستان بوەستم‌و چەواشەکارییەکانی راپۆرتەکە دەربخەم.


سیاسەتی ئەمریکا دوای داگیرکردنی موسڵ‌و شنگال‌

رووداو لە راپۆرتەکە دەڵێت " شەوی رابردوو بە كاتی كوردستان ، ژمارەیەك ئەفسەرو سەربازی سوپای ئەمریكا لەگەڵ پێشمەرگە چوونە سەر چیای شنگال ، بۆ پلاندانان بەمەبەستی هێرشكردنە سەر هێزەكانی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام (داعش)و دەرهێنانی دەڤەری شنگال لە دەست چەكدارانی داعش، بەڵام گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG، هەڕەشەیان لە ئەفسەرەكانی سوپای ئەمریكاو پێشمەرگە كرد، كە نابێ ئەو هێرشە بكەن‌و دەبێ پێشتر هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوان بكەن ئینجا هێرشبكەن" (تەماشای ئەم لینکە بکە http://rudaw.net/sorani/kurdistan/14082014)


ڕووداو وەک لە ناونیشانی راپۆرتەکەی دەردەکەوێت دەیەوێت بڵێت کە "پەکەکە و یەپەگە هێرش بۆ سەر داعش لە شنگال شكستپێدێنن." لە راستیدا ئەوەی یەک تۆز ئاگای لە سیاساتی ئەمریکا بێت لەو رۆژەوە کە داعش دەستی بەسەر موسڵ‌و دواتریش ناوچە کوردستانییەکان داگرتوە، ناڕاستی ئەو راپۆرتەی وەک رۆژی روناک بۆ دەردەکەوێت. با تەماشایەکی سیاسەتی ئەمریکا لە دەمی سەرۆکەکەیەوە بکەین‌و بزانین مەبەستی ئەمریکا لە هاتنی بۆ کوردستان چی بووەو بۆ لەگەڵ راپۆرتەکەی رووداو یەکناگرنەوە، کە باس لە نیازی ئەمریکا دەکات بۆ رزگارکردنی شنگال.


ئۆباما لەو وتارەی کە لە شەوی ٧ ی ئاب لە کۆشکی سپی پێشکەشیکرد بە روونی جەختی لەسەر چەند خاڵێک کرد کە بوون بە بنەما بۆ سیاسەتی ئەمریکا لە پەیوەند بە پرسی داعش لە کوردستان‌و ئاوارەکانی چیای شنگال (تەماشای ئەم لینکە بکە http://www.whitehouse.gov/the-press-office/2014/08/07/statement-president). لێرە لەسەر یەک بەیەکی ئەو خاڵانە دەوەستین:

یەکەم، ئۆباما گوتی ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لەم تەدەخولەی ئەمجارە پاراستنی راوێژکارو سەربازو مەدەنییە ئەمریکییەکانە. مەبەستی ئەوانەن کە بەمدواییە یان پێشتر لە بەغداوهەولێر نیشتەجێکرابوون. ئەو هێرشانەی کە ئەمریکا کردییە سەر هێزەکانی داعش لە گوێرو مەخمور لەژێر رۆشنایی ئەم خاڵە لە وتارەکەی ئۆباما ئەنجامدران چونکە داگیرکردنی گوێر لەلایەن داعش، کە تەنیا ٤٠ کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە، بەپێی تێگەیشتنی ئەوان هاوڵاتییە ئەمریکییەکانی خستبووە خەتەرەوە.


دووەم، ئامانجی دووەمی ئەمریکا لەم تەدەخولە وەک لە وتەکەی ئۆباما دەردەکەوێت بەهانا هاتن‌و رزگارکردنی ئەو ئاوارانەیە کە بێ نان‌و ئاو لە چیای شنگال ئابڵوقەدراون (under the siege). هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا هەر لەو سەعاتەی کە ئۆباما قسەکانی دەکرد لە دوو لاوە دەستبەکاربوون، (١) لێدانی هێزەکانی داعش لە دەوروبەری شنگال بۆئەوەی فشار لەسەر ئاوارەکان کەمبکەنەوەو رێگری لە داعشییەکان بکەن لە هێرشکردنە سەر خەڵکە ئاوارەکە. (٢) ناردن‌و فرێدانە خوارەوەی کۆمەکی مرۆیی بۆ ئاوارەکانی قەدو سەر چیای شنگال. لە رووەوەش بە گوێرەی راپۆرتەکان تا ١٤ ئاب هێزە فریادرەسەکانی ئەمریکا لە رێگەی فرۆکەکانیانەوە ١١٤ هەزار ژەم خواردنی پاکێجکراو ٣٥ هەزار گالۆن ئاویان گەیاندۆتە ئاوارەکان.


سێیەم، کە لە هەموویان گرنگترە، ئۆباما لە وتارەکەی گوتی "من وەک سەرۆکی هێزە چەکدارەکان لێناگەڕێم (will not allow) ئەمریکا جارێکی دیکە رابکێشرێتەوە بۆ ناو شەڕ لە عێراق." دواتریش لە چەندین پرێس کۆنفرانسدا بە راشکاوی پێداگری لە سیاسەتی نا بۆ پۆستاڵ لەسەر زەوی (no boots on the ground)کردەوە.


ئەمریکا سیاسەتەکەی لەم بوارە وەک ئاماژەمانپێکرد رون‌و ئاشکرایە "نۆ بوتس ئۆن ز گراوند." بۆ گۆڕینی ئەم سیاسەتەش ئەوە کۆشکی سپی لە واشنتۆن ئەو بڕیارە دەدات نەک کۆمەڵێک راوێژکار لە هەولێر. ئەمریکا بۆ گۆڕینی سیاسەتەکەی پێویستی بە دەیان رۆژ گفتوگۆ لەنێو کۆنگریس‌و رارەوەکانی کۆشکی سپی‌ هەیە لەگەڵ پرس‌و را گۆڕینەوە لەگەڵ دەیان هاوپەیمانی ئەوروپی‌و ئیقلیمی، بۆ هەڵسەنگاندی هەموو بژاردەکان. لەوەدەچێت نوسەری راپۆرتەکەی ڕووداو هێندە بێ خەبەربێت لە میکانیزم‌و رێوشوێنەکانی داڕشتنی سیاسەتی ئەمریکا، یان دەکرێت سەرچاوەی راپۆرتەکە لە پشت گوێی گا نوسبێت، یان ئەوەتا ڕووداو ئێمە هەموو بە گێل دەزانێت. جێگەی سەرسوڕمانە ڕووداو لە سەردەمی جیهانگیریی (globalization) پێیوابێت خەڵک بێ سەرچاوەن‌و بێ خەبەرن لەوەی چ لەم دنیایە دەگوزەرێ، وەک سەرچاوەی راپۆرتەکەی ئەو.


ئەمریکییەکان بۆچی چوون بۆ شنگال؟

وەک هەواڵەکان باسی دەکەن راستە گروپێک ئەمریکی، کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠ کەسێک بووە، لەو شەوانە چوونەتە سەر چیای شنگال، بەڵام وەک لە قسەکانی قسەکەر بەناوی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەردەکەوێت هێزەکەی ئەمریکا بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئاوارەکان چوون بۆ ئەوێ نەک پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر داعش، وەک رووداو ئیدیعا دەکات (تەماشای ئەم لینکە بکە http://www.defense.gov/video/default.aspx?videoid=355369&videotag=Briefings+and+Speeches&videopage=1). تیمە ئەمریکییەکە مەبەستیان لێکۆڵینەوە بووە لەوەی داخۆ پێویستدەکات هەڵمەتێکی رزگارکردن (rescue mission) بۆ ئاوارەکان ئەنجامبدرێت یان نا. وەک لە راپۆرت‌و هەواڵەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا‌و تەواوی میدیاکانی جیهان دەردەکەوێت تیمەکە بەو ئەنجامە گەیشتوون کە ئاوارەکان لە چەند رۆژو شەوی رابردوو بەشی هەرە زۆریان لە چیای شنگال رزگارکراون‌و ئێستا ژمارەیەکی زۆر کەم ئاوارە لەسەر چیاکە ماون، بۆیە پێویست بە هەڵمەتی رزگارکردن لەلایەن ئەمریکاوە ناکات. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە تیمەکە چەندین بەستە خواردنی نەکراوەو ئاوی دەست لێنەدراویان لە چیای شنگال دیوە. لەوەش ئەوەیان هەڵهێنجاوە کە خەڵکەکە لە مەترسی بێ نان‌و ئاوی رزگاریان بووەو رێگەی دەرچوونیشان ئاواڵەیە ئەگەر بیانەوێت دەربچن‌و دووربکەونەوە لە چیای شنگال.


کەس نازانێ ڕووداو بە بنەما لەسەر چ سەرچاوەیەک قسە لەسەر ئەو گۆڕاکارییە گەورەیە دەکات لە سیاسەتی ئەمریکا، مەبەستمان هاتنی سەربازی ئەمریکییە بۆ سەر خاکی عێراق‌و کوردستان. رووداو دەڵێت سەرچاوەیەکی ئەمریکی بەڵام وەک لە راپۆرتەکە دەردەکەوێت ئەو سەرچاوەیە نە ناوی هەیە نە پۆست.


هەر کەسێک یەک تۆز ئینگلیزی بزانێت دەتوانێت نەک یەک بەڵكو سەدان سەرچاوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو قسانەی من پەیدا بکات. من بە ئیزافەی ئەو دوو سەرچاوەیەی سەرەوە هەر بۆ نمونە ئاماژە بە دوو سەرچاوەی دیکە دەکەم، یەکەم راپۆرتێک‌و بابەتێکە کە لە سایتی فەرمی سی ئێن ئێن پەخش‌و بڵاوکراونەتەوە کە ئەمە لینکەکەیەتی:

http://edition.cnn.com/2014/08/14/world/meast/iraq-crisis/index.html


دووەم راپۆرتێک‌و بابەتێکە لە سایتی فەرمی ئێن بی سی پەخش‌و بڵاوکراونەتەوە کە ئەمە لینکەکەیەتی: http://www.nbcnews.com/storyline/iraq-turmoil/u-s-forces-iraq-see-less-need-mount-sinjar-evacuation-n180016

من تەحەدای رووداو دەکەم کە بتوانێت یەک سەرچاوە، چ ئەمریکی چ کوردی، بۆ قسەکانی پەیدابکات.

لە هەمووی سەیرو سەمەرەتر راپۆرتەکەی رووداو لە واشنتۆنەوە نوسراوە. ئەمە بۆ بۆخۆی جێگەی سەرنجە کە گروپێک پێشمەرگە لەگەڵ دەستەیەک لە ئەمریکییەکان لە هەولێرەوە دەچن بۆ سەر چیای شنگال کەچی راپۆرتەکەی رووداو لە واشنتۆنەوە دەنوسرێت. دواتر، هەموومان دەزانین کە پەیامنێری رووداو لە واشنتۆن بەڕێز "نامۆ عەبدوڵا"یە کەچی راپۆرتەکەی رووداو بێ خاوەنە!!! ئەمە هەر خۆی کۆمەڵێک گومان لەسەر راپۆرتەکە دروستدەکات‌و ئەوە نیشاندەدات کە راپۆرتەکە لە کون‌و قوژبنی دەزگا نهێنییەکان نوسرابێت.


لە بەشی داهاتوی ئەم بابەتە قسە لەسەر ئەو خاڵانەی راپۆرتەکە دەکەین کە پەیوەندیان بە یەپەگە‌و پەکەکەوە هەیە لەنێو راپۆرتەکەی ڕووداو.


د. شێرکۆ کرمانج، زانکۆی ئوتارا مالیزیا



16/08/2014



وتارەکانی تری نوسەر