"چ پێویست دەکات قسە لەسەر ھەڵبژاردنی تورکیا بکەین؟"

د. شێرکۆ کرمانج

ھەندێک کەس، دیارە مەبەستدارن، دەڵێن ئەوە ئێوە بۆ باس لە ھەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکەن خۆ کوردانی باکور ھەر نازانن کوردییەکەی ئێوە بخوێننەوە، قسەکانتان نەجێدەگرێ نە خوێنەری ھەیە. 

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم ئەوانەی بەم نەفەسە قسە دەکەن مەبەستیان دابەشکردنێکی دیکەی کوردە لەسەر خەتێکی دیکە، وەک ئەوەی کورد کەم دابەشبووبێت یان دابەشکرابێت. ئەوان ڕێک گوتاری داگیرکەر دەڵێنەوە و برەوپێدەدەن، کە کورد بە دابەشکراوی بھڵێنەوە و ڕێگری لە ھەر ھاوسۆزییەک بکەن لە کوردانی پارچەیەکی کوردستان بۆ پارچەکانی دیکە. ئەوان دەیانەوێت ھاوسۆزی و ھاوچارەنووسی و ھاوخەمی و ھاونیشتیمانیی و ھاونەتەوەیی لای ئینسانی کورد بکوژن. بۆ چی و بۆ کێ؟ ئەوە دیارە.

ئەوان دەیانەوێت کاتێک کۆبانی بەرگری دەکات ئێمە باسی نەکەین چونکە کوردانی ڕۆژاڤا کوردی ناوەند نازانن بخوێننەوە. 

قسەکردن لەسەر ھەڵبژاردن لە باکور، ڕاپەڕین لە ڕۆژھەڵات، بەرگریی لە کۆبانی و عەفرین بۆ نیشاندانی ھاومرۆڤبوون و ھاونیشتیمانبوون و ھاوسۆزیی نەتەوەیی و ھاوچارەنووسییە. بۆ بەرزڕاگرتنی پرسی کوردە، بۆ ئەوەیە کە پێش خەڵکی باکور و ڕۆژھەڵات و ڕۆژاڤا بە خەڵکی باشور بڵێین کە ئەوان سەرکەوتنەکانیان سەرکەوتنی ئێمەیە، ئازارەکانیان ئازاری ئێمەیە، چارەنووس و چارەسەری کێشە و پرسەکانیان ھی ئێمەن.

تۆیەک کە دژی ئەم ھاوسۆزی و ھاوچارەنووسیەی پێش ھەموو شتێک دژی مرۆڤبوونی خۆتی، دژی کوردبوون و کوردستانیبوونی خۆتی. خۆ ئەگەر نە کوردیشی و نە کوردستانی ئەوە نە بە کوردی بنووسە و نە قسەش لەسەر پرسی کورد بکە. تۆ بۆ قسە لەسەر پرسێک دەکەیت کە پێتوایە پرسی تۆ نیە ئەگەر مەبەستت کوشتنی ئەو ھاوسۆزییە جوانە نیە کە ئەمڕۆ لە باشور و ڕۆژھەڵات ھەیە بۆ باکور.
ئەوە نەیارانی کوردن کە دەیانەوێت ھاوچارەنووسیەکە بکوژن و ھاوسۆزییەکە بشارنەوە. تۆیەک کە لە خزمەت ئەو ھەوڵەی نەیارانی کورد و کوردستان ئیش دەکەیت، شەرم مەکە، پێ پەردە قسە بکە، ئەگەر نا بێدەنگیی جوانترە.

14/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر