شەڕی بەوەکالەت: ئێران لە عێراق و سووریا دا

د. شێرکۆ کرمانج
ئەم بابەتە بەشێکە لەو زنجیرە بابەتەی کە لەسەر ستراتیجی ئێران لە عێراق و سووریا دەیاننووسم و لێرە بڵاویان دەکەمەوە. لە بەشی پێشتووتر باسی سەرەتاکانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لەلایەک و ئێران و سووریا لەلاکەی دیکەم  کرد و پەنجەم لەسەر گرنگییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەم دوو وڵاتە بۆ ئێران دانا. لەم بەشەدا دوای گفتوگۆکردنی "شەڕی بەوەکالەت" باس لە هۆکارەکانی پشت پەنا بردنی ئێران، یان هەر هێزێکی دیکە، دەکەم بۆ ئەم شێوازە لە شەڕ و لە دەستێوەردان. لە بەشەکانی داهاتووشدا باس لە دەستێوەردانی ئێران لە عێراق و سووریا دەکەم و گرنگیی ستراتیجیی ئەم دوو وڵاتە بۆ ئێران لە هاوکێشە جیهانییەکان و ناوچەییەکان دەخەمەڕوو.

وەک گوتم بەر لەوەی شرۆڤەی خۆتێهەڵقورتاندنی ئێران و بکەرەکانی دیکە لە کاروباری عێراق و سووریا دا بکەین گرنگە چەمکی "شەڕی بەوەکالەت" پێناسە بکەین. سەرەتا، مرۆڤ تا ئەندازەیەک بە دڵنیاییەوە دەتوانێت بڵێت کە سەرەڕای گرنگیی ئەم شێوازە لە شەڕ و دەستتێوەردان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، بەتایبەتی لە سەروبەندی شەڕی سارد (١٩٤٥-١٩٩١) دا، کەچی شەڕی بەوەکالەت بە ئەندازەی پێویست توێژینەوەی لەبارەوە نەکراوە. ئەندریو مەمفرد لە کتێبی "شەڕی بەوەکالەت" (Proxy Warfare) دەڵێت "شەڕی بەوەکالەت ڕەنگدانەوەی هێڵێکی دێرینە لە مێژووی جەنگدا، واتە شێوازێک نییە لە خۆتێهەڵقورتاندن یان شەڕ کە لە ماوەی شەڕی سارد داهاتبێت بەڵکو بۆ قووڵایی مێژوو دەگەڕێتەوە بەڵام لە شەڕی سارد و دواتر زیاتر دەردەکەوێت و پراکتیز دەکرێت. ئەو دەڵێت "شەڕ بەهەرزانی"، شەڕ بەوەکالەت، واتە شەڕێک کە تێچووی پارە و قوربانی کەم بێت، بە درێژایی مێژوو شێوازێک بووە لە شەڕ و ستراتیجیی کە دەوڵەتەکان نەیانتوانیوە خۆیان بگرن و پەنای بۆ نەبەن." 

مەمفرد شەڕی بەوەکالەت ئاوا پێناسە دەکات کە "دەرگیربوونێکی ناڕاستەوخۆی لایەنێکە [دەوڵەتێکە لەگەڵ لایەنێکی دیکە] لەڕێگای لایەنی سێیەمەوە لە ململانێیەکدا کە لایەنەکە دەخوازێت کاریگەریی لەسەر بەرئەنجامە ستراتیجییەکاندا هەبێت." پاشماوەکانی شەڕی دووەمی جیهانی لەگەڵ کاریگەرییان لەسەر جەنگی سارد نیشانی دەدات کە تێوەگلان لە شەڕی بەوەکالەت دا ڕێگایەکە کە لەمیانیدا زلهێزەکان توانا و هێزی خۆیان لەسەر وڵاتانی جیهانی سێیەم بەکاردێنن و لە یەک کاتدا هەم بەرژەوەندی زلهێزەکان زیاتر دەباتە پێش و دەپارێزێت، هەم ئەگەری ڕوودانی ململانێی ڕاستەوخۆ و فراوان لەنێوان زلهێزەکاندا کەمتر دەکاتەوە. 

هەرچەندە کۆتایی جەنگی سارد دواییهێنا بە سیستەمی دووجەمسەری جیهانیی (بلۆکی ڕۆژئاوای دیموکراسی و لیبرال سەرمایەدار لەلایەک و بلۆکی ڕۆژهەڵاتی کۆمۆنیستی لەلایەکەی دیکە) و سیستەمێکی نوێی ڕێکخستنی جیهانی هێنایە کایەوە بەڵام شەڕی بەوەکالەت وەک خۆی مایەوە و وەک فاکتەرێک لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کەڵکی لێوەرگیراوە و لێوەردەگیردرێت. سەردەمی تەکنەلۆجیای زانیاریی و فراوانبوونی جیهانگیریی لەدوای جەنگی سارد وای کرد بکەرە نا-دەوڵەتییەکان (non-state-actors) وەک داعش و میلیشیاکان، هەروەها بکەرە خوار-دەوڵەتییەکان (sub-state actors) وەک هەرێمی کوردستان، ڕۆڵی گەورەتر ببینن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەمە بە سادەیی بەو مانایە دێت کە ئەوە چیتر تەنیا زلهێز و هێزە هەرێمییەکان نین کە بتوانن کاریگەر بن لە شەڕی بەوەکالەت چونکە لە ئێستادا بکەرە نا-دەوڵەتییەکان و بکەرە خوار-دەوڵەتییەکان بەردەوام وەک بکەرێکی هەرزان و ڕێگایەکی بەسوود دەردەکەون بۆ کەمکردنەوەی مەترسی ململانێ و تێوەگلانی ڕاستەوخۆی زلهێزەکان.

هۆکاری پشت ئەوەی کە حکومەتێک پەنا بباتە بەر بژاردەی شەڕی بەوەکالەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دژبەرەکانیدا زۆرن، لە هەمووی گرنگتر ئەمانەن: 

یەکەم، شەڕ و ڕووبەڕوبوونەوەی ڕاستەوخۆی دەوڵەتان (بۆ نموونە، ئێران و ئەمریکا لە عێراق و سووریا) لەجیاتی شەڕی بەوەکالەت ڕەنگە وەکوو کردەیەکی "بێ پاساو"، "گرانبەها"، "نایاسایی"، یان "نەکردە" دەربکەوێت. بە واتایەکی دیکە، ئێران پاساوێکی زۆر یاسایی دەوێت، لەوانەشە ئەنجوومەنی ئاسایش ڕەزامەندی لەسەر نەدا کە گورزێک لە ئەمریکا بوەشێنێت، بەڵام لە ڕێگای میلیشیاکانی لە عێراق ناڕاستەوخۆ ئەو گورزە دەتوانێت لە ئەمریکا بوەشێنێت. هاوکات، ئەگەرەکانی لێدانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە ئێران کەمترە. لە وەڵامی بۆ ئێران، وەک بینیمان، ئەمریکاش هەر هێرشی کردە سەر میلیشیاکانی ئێران لە عێراق. لەوانەش گرنگتر شەڕی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێران بۆ هەردوولایان زۆر گرانبەها دەوەستێت چ لە تێچووی شەڕەکە چ لە قوربانیانی شەڕەکە چ لە ماڵوێرانی و ڕووخان و تێکشکان لەناو ماڵی هەردوو دەوڵەتدا. ئێران ٢١ ساڵە لە عێراق شەڕی ئەمریکا دەکات بەڵام ئەمریکا فیشەکێکی ڕاستەوخۆی بە ئێرانەوە نەناوە، ئەمەش بۆ ئێران زۆر گرنگە. تەنانەت قاسم سلێمانیش کە سەرکردە سوپای قودسی سوپای پاسداران بوو هەر لە عێراق کوژرا نەک لەسەر خاکی ئێران. 

 
دووەم، "شەڕی بەوەکالەت" لە سیاقە نێودەوڵەتییەکەدا بەراورد بە "شەڕی ڕاستەقینە" کەمتر نەرێنیە. بۆ نموونە، ئێران ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل لە ڕووی یاسا و عورف و سومعە نێودەوڵەتییەکان زۆر بە خراپ لەسەری دەشکێتەوە وەک چۆن داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا بە خراپ بەسەر ئەمریکادا شکایەوە. بەڵام کاتێک لە ڕێگای حیزبوڵا یان حەماس دەست لە ئیسرائیل دەوەشێنێت هەم خۆی دەپارێزێت هەم کەم لەسەری دەکەوێت. لە ئاکامی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئەنجوومەنی ئاسایش نە هێرشی کردە سەر ئێران نە تاوانباری کرد. کەواتە شەڕی بەوەکالەت لێکەوتە و دەرکەوتەی بۆ ئەو لایەنەی لە پشت شەڕکەرەکەیە کەمترە.

بەئیزافەی ئەم دوو هۆکارەی سەرەوە، کە زیاتر گشتگیرن و لەسەر هەموو کەیسەکانی شەڕی بەوەکالەت جێبەجێ دەبن، ئێران دوو هۆکاری دیکەی هەیە کە کەڵک لە شەڕی بەوەکالەت وەردەگرێت: 

یەکەم، ئێران ئاگاداری ئەوەیە کە بەبەراورد بە دژبەرەکانی توانا سەربازییەکان و تەکنۆلۆجییەکان و سیخوڕییەکانی لاوازە، بەتایبەتی لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل دا. ئیسرائیل تا ئێستا چەندین جار گورزی ڕاستەوخۆی لەناو ئێران لە دەوڵەت و حکومەتی ئێران وەشاندووە، بەڵام ئێران ڕاستەوخۆ وەڵامگۆ نەبووە، بۆ نموونە دزینی نهێنییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکانی، کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانی، لێدانی درۆنەکان لە کرماشان... هتد.  

دووەم، ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ وەکیلەکانی بەکاردێنێت بۆ ئەوەی وردەوردە زیاتر ڕۆبچێتە ناو دامودەزگاکانی حکومەت لە عێراق و سووریا دا، دامەزراوە فەرمییەکان بێهێز و وەکیلەکانی بەهێز بکات. ئێستا لە عێراق دا، ئێران لەڕێگای وەکیلەکانی هێندە ڕۆچۆتە ناو دامودەزگاکانی حکومەت کە نەک هەر دامەزراوە ئەمنییەکانی نیمچە-کۆنتڕۆڵ کردووە بگرە دامەزراوە سیادییەکانی وەک پەرلەمان و دادگای فیدڕاڵیشی بەرزەفت کردووە. ئەمە لە کەیسی لوبنان و سووریا و یەمەنیش بۆ ئێران هەر ڕاستە. ئێران ڕاستەوخۆ ئەوەی کردبا پەرچەکرداری نیودەوڵەتیی و عەرەبی زۆر زیاتر دەبوو، بەڵام کاتێک لەمیانی وەکیلەکانی کارەکانی ئەنجام دەدا وەک ئەوە وایە کە هاونیشتیمانیی و هاووڵاتییانی ئەو دەوڵەتانە کارەکانی بۆ ڕایی دەکەن. 

کۆمەڵێک فاکتەر و ڕووداوی بە خەسڵەت مەزهەبیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگری شەڕی شیعە و سوننەیان گەرمتر کردووە و ئێران لە خزمەت ئەجێندای خۆی کەڵکی لێوەرگرتوون و ئەزموونی شەڕی بەوەکالەتی لە ناوچەکەدا برەوپێداوە. ڕووداوەکان لە قۆناغی جیاجیا سەریانهەڵداوە و وایان کردوە مەزهەبگەرایی توندتر و قووڵتر سەرهەڵداتەوە و بەردەوام بێت، ئێران هەموو ئەوانەشی قۆزتۆتەوە بۆ بەهێزکردنی وەکیلەکانی و پێگەکانی لە ناوچەکەدا. لە خوارەوە هەندێک لەو ڕووداوانە دەخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە: 

یەکەم، دامەزراندنی شانشینی عەرەبستانی سعودیە لە ١٩٣٢، کە هەر زوو تەبەنی فیکری وەهابیزمی کرد (دیارە ئێستا لەگەڵ هاتنی محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە، بۆ پێشەوە هەوڵی خۆدوورخستنەوە لە وەهابیزم دەدرێت). وەهابیزم فۆرمێکی ئیسلامی سوننەیە لە سەدەی هەژدە لەلایەن "محەمەد عەبدولوەهاب"ـەوە بنەماکانی داڕێژرا کە دووەم گەورە مەزهەبی ئیسلامی، واتە شیعەی، وەکو بیدعە و کوفر ناساند. ئێران ئەمەی وەک پاساوێک بۆ وەگەڕخستنی هێز و لایەنە شیعییەکان بەکارهێناوە، هەر لەو ڕۆژەی جمهوری ئیسلامی دامەزراوە تا ئێستا، لە قۆناغی گەشەی داعشیش گەیشتە ترۆپک.

دووەم، شەڕی پازدە ساڵەی ناخۆیی لوبنان، کە لە ١٩٧٥ دەستی پێکرد و تێیدا سوننە و شیعە لە ناوچەی جیاوازی وڵاتەکەدا شەڕی یەکدیان دەکرد. لەم شەڕەدا ئێران پشتیوانی لە شیعەکان دەکرد و دواتر حیزبێکی بۆ دروستکردن بەناوی "حیزبوڵا" کە لەو کاتەوە تا ئێستا هاوپەیمانی سەرەکی ئێرانە لەو وڵاتە و بووە بە باسکی سەرەکی ئێران هەم دژی نەیارەکانی لە لوبنان و ناوچەکەدا بەکاری دێنێت هەم دژی دوژمنە سەرسەختەکەی، ئیسرائیل.

سێیەم، دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ١٩٧٩، کە هەر لە سەرەتاوە بارگاویی بوو بە فیکری شیعەگەراییەوە. شیعەگەریی ئێرانی هەر زوو بەشێوەیەکی گشتی دژی بانگەشەی سوننیزم بەگشتی و وەهابیزم بەتایبەتی دەوەستایەوە لەپەیوەند بە پرس و پڕۆسەی شوێنگرتنەوەی پێغەمبەری موسڵمانان، محەمەد. لەم پەیوەندەدا تیوری ویلایەتی فەقیهی خستەڕوو و ڕابەری ڕۆحی ئێران وەک ڕابەری هەموو موسڵمانان ناسێندرا، بەمەش بەیەکەوتنی لەگەڵ ئەزهەر وەک دامەزراوەیەکی تەقلیدی سوننەکان و وڵاتان و حیزبە سیاسییەکان لێکەوتەوە. لەمانە مەترسیدارتر ئەوە بوو کە ڕژێمە نوێکەی ئێران هەناردەکردنی شۆڕشە ئیسلامییەکەی بۆ وڵاتە موسوڵمانەکانی دیکە وەک ئەرکێکی سەرەکی سەر شانی خۆی دەبینی. یەکێک لە هۆکارەکانی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران، لەوکاتەی سوننەکان لە عێراق دا باڵادەست بوون، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێگەیشتنەی جمهوری ئیسلامیی و هەوڵەکانی کە جوڵاندنی حیزب و لایەنە شیعییەکانی عێراقی بەدژی دەسەڵاتدارانی سوننە بەرهەم هێنا.

چوارەم، شەڕی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران، کە لایەکیان نوخبەیەکی سیاسی سوننی و لایەکەی دیکە دامودەزگای ویلایەتی فەقیهی شیعە، کە شێوازێکی بەڕێوەبردنی ئیسلامییە کە ئاخوندەکانی ئێران دایانهێنا، بەڕێوەی دەبرد. ئەم شەڕە درزێکی گەورەی لەنێوان وڵاتان و کۆمەڵگە سوننی و شیعییەکان لە سەرتاسەری دنیا دروست کرد. ئێرانی کرد بە قیبلەی ئۆپۆزسیۆنی شیعی عێراقی لە دەرەوەی وڵات، کە دروستبوونی چەند هێزێکی سیاسی و سەربازیی شیعی-عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا.

پێنجەم، دامەزراندنی دوو حیزبی ئیسلامی شیعیی: حیزبی دەعوەی ئیسلامی لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و مەجلیسی ئەعلا لە ١٩٨٢ لەنێو شیعەکانی عێراق کە زۆرینەی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن. ڕاستە مەجلسی ئەعلا ئەندامەکانی لە باشووری عێراق بوون بەڵام لە ئێران دامەزرا. حیزبی دەعوەش دوای دامەزراندنی جمهوری ئیسلامی ئێران و هەڵگیرسانی شەڕی عێراق-ئێران بارەگا سەرەکییەکانی خۆی گواستەوە بۆ تاران و دیمەشق. ئەمەش هێندەی دیکە عێراقییەکانی لەسەر هێڵی مەزهەبیی دابەش کرد. ئێران زۆر کەڵکی لەم دۆخە وەرگرت و هەردوو حیزبی سەرەکی شیعەکانی عێراقی خستە بن باڵی خۆی و چەکداری کردن و بەشێکی ناردنەوە بۆ ناو عێراق. هەندێک لەو میلیشیایانەی کە ئێستا لە عێراق کاریگەرن ڕەگوڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو میلیشیایانەی ئەو زەمانە بە موبارەکەی ئێران دروست بوون. واتە ئێران لەو کاتەی کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێراق لە شەڕدا بوو شەڕی بەوەکالەتیشی خستبووەگەڕ وەک ئامرازێک بۆ لاوازکردنی بەرەی ناوخۆی عێراق. 

شەشەم، داپڵۆسینی دڕندانەی ڕاپەڕینی شیعەکانی عێراق لەلایەن حکومەتی سوننەی عێراقەوە لە ١٩٩١ کە تێیدا دەیان هەزار هاووڵاتی شیعە کوژرا و مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە لە نەجەف و کەربەلا بۆمباران کران. لە ڕاپەڕینەکەدا شیعەکانی عێراق، بە ئاگایی یان بێئاگایی، شیعاری "ماكو ولي الا علي، نريد قائد جعفري" (کەس جێگرەوە نییە عەلی نەبێت، ڕابەرێکی شیعییمان دەوێت) یان بەرزکردبووەوە.

لەبەرابەردا سوپای عێراق کە هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەر و ڕاپەڕیوان لە خەڵکی باشووری عێراق هاواریان دەکرد "لا شيعة بعد اليوم"، واتە لەمڕۆ بەدواوە نابێت شیعە بمێنن. ئەم ڕووداوانە هێندەی دیکە گەنجە شیعەکانی عێراقی ناچار بە کۆچ کرد بۆ ئێران چونکە لە ڕاپەڕینەکەیان شکستیان هێنا. ئەمەش هەلێکی دیکەی بۆ دەوڵەت و سوپای پاسدارانی ئێران ڕەخساند کە بن باڵیان پڕ بکەن لە جەنگاوەری شیعەی عێراقی و لە شەڕی بەوەکالەت لەو کاتەوە تا ئێستا بەکاریان بێنن. ڕێکخراوی بەدر، کە بە دایکی هەموو میلیشیا شیعییەکان دادەنرێت و لە ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١ و قۆناغەکانی دوای ڕووخانی سەدام حوسین ڕۆڵی کاریگەرییان لە سیاسەتی عێراقی دوای پڕۆسەی ئازادی بینی، لە ئێران لە ١٩٨٢ دروست بوو. ئەمەش دووبارە ڕۆڵ و سەرەتاکانی شەڕی بەوەکالەتی ئێران لە عێراق دا نیشان دەدات.  
حەوتەم، لابردنی ڕژێمی سەدام حوسێن لە ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، کە بە هۆیەوە سوننە کۆنترۆڵی "دەوڵەتی عێراق"یان لەدەست چوو. هەرزوو دوای ئەمە توندوتیژی مەزهەبی تەقیەوە کە پەراوێزخستنی سوننە هۆکارێکی بوو؛ هۆکارێکی تریش ڕەتکردنەوەی سوننەکان بوو بۆ ئەو واقیعە تازە سەپاوە لە عێراق کە زاڵێتی شیعەی لەخۆنیشان دەدا. هاتنی ئەمریکییەکان بۆ عێراق و ترس لێنیشتینی ئێرانییەکان، هاندەرێکی دیکەی سەرەکی بوو بۆ وەگەڕخستنی شەڕی بەوەکالەتی ئێران لە دژی ئەمریکییەکان لە عێراق. ئێران لەو ئانوساتدا بێجگە لە میلیشیا عێراقییە نزیکەکان لێی دەیان میلیشیای دیکەی لە عێراق دروست کرد کە ئەمڕۆ بە "بەرەی مقاوەمە" ناسراون و ئێران شەڕی دار و بەردیان پێ دەکات، لە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بگرە تا دەگاتە کورد و سوننە و داعش. 

هەشتەم، ڕاپەڕینەکانی خەڵکی سووریا لە ٢٠١١ دا، کە سەرەتا لە جەوهەر و ڕووکاردا بۆ ئازادیی و دادپەروەریی بوو بەڵام هەرزوو سەری کێشا بۆ توندوتیژی مەزهەبیی، بەتایبەتیش کاتێک گرووپە ڕادیکاڵە سوننیەکانی وەک بەرەی نوسرە و داعش دەستیان گرت بەسەر ئۆپۆزسیۆنە چەکداریەکاندا. شەڕی ناوخۆی سووریا دەرگای دەستوەردانی زیاتری بۆ ئێران لە سووریا ئاواڵەکرد بەفەرمی و نافەرمی. ئێران لەوێش چەندین گرووپی میلیشیای دروست کرد، دیارە نەک بەو ڕادەیەی کە لە عێراق دا هەیە بەڵام ئەوەندەش هەن کە لە هەر کات و ساتێکدا بتوانێت بەکاریان بهێنێت. 

هەموو ئەم هۆکار و پێشهات و ڕووداوانە دوژمنایەتیی نێوان سوننە و شیعەیان لە عێراق و سووریا دا خراپتر و زەقتر کرد و هاوکاربوون بۆ دەستێوەردانی هێزە هەرێمی و بکەرە نادەوڵەتییەکان لە ململانێکانی ناو هەردوو وڵاتدا. ئەم ڕووداوانە بواریاندا بە ئێران شەڕی بەوەکالەت وەکوو ئامرازێک بەکاربێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی عێراقی دوای شەڕ و ئاراستەکردنی پەرەسەندنە سیاسییەکانی سووریا لە دوای ڕاپەڕین و ململانێکانی ئەو وڵاتە.

لە بەشی داهاتوودا باس لە دەستوردانەکانی ئێران لە عێراق دا دەکەین، بەوردی و درێژیی. 

10/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر