لە لۆزان چی گوزەرا؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم
بەشی یەکەم

لە یادی ١٠٠ ساڵەی رێکەوتنامەی لۆزان بە ئامادەسازی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK، لە شاری لۆزان بۆ ماوەی ٣ رۆژ لە هەمان ئەو شوێنەی گفتوگۆ و واژۆی کۆنفراسی لۆزانی لێکراوە کۆنفراسێکی گرنگ و مێژووی بەسترا. 
لە کۆنفراسەکەدا کە نوێنەرانی ٥٧ پارتی سیاسی چوار پارچەی کوردستان و کەسانی ئەکادیمیست، دادوەر و یاساناس، دیرۆک ناس و نووسەر و رۆژنامەنووس، کەسایەتی کۆمەڵایەتی ئامادەیی بوون، گفتوگۆی گرنگ لە بارەی لێکەوتەکانی رێکەوتنامەی لۆزان و ئایندەی ئەو ڕێکەوتنامەیە لە دوای ١٠٠ ساڵ کرا.

پێویستە بووترێت وێڕای بەشداری ٦٥٠ کەس وەک ئەندامی کۆنفراسەکە، بە دەیان کەسیش لە باشور و رۆژئاوای کوردستان بە هۆی ئاستەنگی وەرگرتنی ڤیزە نەیانتوانی ڕاستەوخۆ بەشداری لە کۆنفراسەکە بکەن.

کۆنفراسی لۆزان، وێڕای پەیامە سیاسیەکان کە لە لایەن نوێنەرانی پارتە سیاسیەکانی چوار پارچەی کوردستان پێشکەش کران،  کە زۆربەی پەیامەکان جەغتیان لە یەکڕیزی نیشتمانی و کاری هاوبەش بۆ رەتکردنەوەی دەرەنجامە نەرێنیەکانی ڕێکەوتنامەی لۆزان دەکردەوە، هەموو لاش هاوڕابوون کە پەرتەوازەی کورد لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا یەکێک لە هۆکارەکانی نەگەیشتنی کورد بووە بە مافە ڕەواکانی، وەک هەر میللەتێکی دیکە، کە خاکەکەی داگیر و پارچە پارچە کراوە.

لە کۆنفراسەکەدا، نوێنەری نەتەوەکانی وەک ئەرمەنی و ئاشووری و ئێزیدی و یارسان… هتد، باسیان لە کێشە و ئەو کارەساتانە کرد کە خۆی دەبینێتەوە لە قڕکردن و جینۆساید، کە لە پاڵ نەتەوەیی کورد دوای وژۆکردنی رێکەوتنامەی لۆزان بەسەریان هاتووە.
دوای هەموو ئەو قسەوباسانە هەموو بەشداربووانی کۆنفراس لەسەر ئەنجام نامەیەک ڕێککەوت. ئەویش بریتی بوو لەوەی گەلی کوردستان دوایی ١٠٠ ساڵ لە ڕاگەیاندنی رێکەوتنامەی لۆزان ئەو ڕێکەوتنامەیە ڕەتدەکاتەوە.

هەرەوها کۆنفراس داوای خۆی ئاڕاستەی لایەنی واژۆکوری ڕێکەوتنامەی لۆزان کرد کە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زوڵمە مێژوویەی لە کوردیان کردووە فشار بخەنە سەر ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەر داگیرکراوە بە تایبەت تورکیا و ئێران و سوریا دان بنێن بە مافەکانی گەلی کوردستان.

خاڵێکی گرنگی ئەو کۆنفراسە بریتی بوو لەو کات و شوێنەی کە کۆنفڕاسەکەی لێ بەسترا، کاتەکە یادی ١٠٠ ساڵەی ڕێکەوتنامەکە بوو شوێنەکەش هەمان ئەو هۆڵە بوو کە گفتوگۆی رێکەوتنامەی لۆزانی تیاکراوە و لەنزیک ئەو شوێنەش ئەنجامنامەی کۆنفڕاس ڕاگەیندرا کە ١٠٠ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ڕێکەوتنامەی لۆزانی تیا ڕاگەیندراوە.

لە کۆتاییدا بە چەند خاڵێک باس لە گرنگی کات و شوێنەکە دەکەم.

- ساڵانێکە دەوڵەتی تورکیا هەڕەشەی ئەو لە گەلی کوردستان دەکات کە لە یادی ١٠٠ ساڵەی رێکەوتنامەی لۆزان تورکیا کۆتایی بەو ڕێکەوتنامەیە دەهێنێت بە گەڕانەوە بۆ میساقی میللی کار بۆ گێڕانەوەی بەشێکی خاکی کوردستان لە باشور و رۆژئاوا دەکات بۆ سەر سنووری ئێستای دەوڵەتی تورکیا.گەلی کوردستان لەم کۆنفراسەدا نەک دژ بەم داوایەی دەوڵەتی تورکیا وەستایەوە بگرە ئەم واقعەشی ڕەتکردەوە کە ١٠٠ بەر لە ئێستا بەدەر لە وویست و ئیرادەی گەلی کوردستان سەپێندرا بەسەریدا.
- کارئاسانی بەرپرسانی شارەوانی لۆزان بۆ ئەنجامدانی کۆنفراسی لۆزان و ئامادەبوونی لە کۆنفراسەکە و ئاماژەی ناو وتارەکەی کە ووتی: لەم یادەدا دەمانەوێت لاپەڕەیەکی تازە لەگەڵ کورد بکەینەوە» 

گرنگی کۆنفراسەکە دەسەلمێنێت، کە وێڕای فشارەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەریان نەک هەر ڕێگەیان بە ئەنجامدانی کۆنفڕاسەکەدا بگرە لە ماوەی ڕۆژانی کۆنفڕاس شاری لۆزان لە شارێکی کوردستانی دەچوو، لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و پۆشینی جلی کوردی لە رێپێوان و کۆنفڕاسەکە.

ماویەتی

25/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر