لە بەغدا یان لە هەولێر، ئەوان بەدوای دەسكەوتدا هاتوون

هیوا سه‌ید سه‌لیم
                                                                   
  هاتنی ئەوجاری شاندی باڵای حكومەتی توركیا بۆ بەغدا دواتر هاتنیان  بۆ هەولێر قسەوباسی زۆر هەلدەگرێت ، ئەو شاندە بۆچی هاتبوون و چیان دەسكەوت ؟ ئەگەرچی ئەوەی شاندی توركیا بەر لە هاتنیان ڕایانگەیاندبوو تەنیا دوو پرس بوو ، ئەویش پرسی پەیوەندی ئەمنی - سەربازی و بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بوو ، بەڵام پێكهاتەی شاندەكەی توركیا كە لەچەندین وەزیری وەك بەرگری و وزە و بازرگانی و پەروەردەو لەسەروی هەموو ئەمانەش كوڕەكەی ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا  ئەوەمان پێدەڵێت كە لەهەگبەی ئەو شاندەدا كۆمەڵێك پرس هەبووە تا بەجیا لەگەڵ بەغدا و هەولێری باس یكەن هەر لە پرسی ئەمنیەوە بگرە تا نەوت و غاز و كردنەوەی دەروازەی سنووری تازە لەگەل عێراق و داخستنی خوێندنگاكانی سەر بە فەتحوڵاگولەن و ئایندەی هێزەی توركیا لە باشیك و لەهەمووشیان گرنگتر شەڕی pkk لە شەنگار .
  هەمیشە كات و شوین بۆ گفتوگۆی نێوان ركابەرەكان گرنگی خۆی هەیە ، بۆیە دەبینین تا ئەو كاتانەی ئەستێرەی داعش گەش بوو ، هەر رۆژەو شاروشارۆچكەیەكی ئەخستە ژێر قەڵمڕەوی دەوڵەتە بەناو ئیسلامیەكەی خۆی ، توركیا بەهەموو شێوەیەك هاوكاری داعشی دەكرد ، بۆ ئەوەی لە رۆژئاواو باشوور و باكووری كوردستنان لە دژی كوردان بەكاریان بێنێت ،توركیا  بەكردەوەش ئەمەی كرد لە نموونەی شەڕەكانی داعش لە كۆبانێ و شەنگار و موسڵ و شوێنەكانی تر ، بەڵام لە ئێستادا كە خۆری تیرۆرستانی داعش لە سەردەستی شەرڤانان لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان و لێرەش لەسەردەستی پێشمەرگە و هێزە ئەمنی و سەربازیەكانی عێراق لە ئاوابووندایە ، توركیا دەیەوێت ئەوەمان پێبفرۆشێتەوە كە بۆ شەڕی داعش ئامادەی هاوكاریە ، ئەویان دەكاتە كارتێك بۆ ئەوەی لەهەریەك لەبەغدا و هەولێر دەسكەوتی زیاتری دەسكەوێت ، ئەمەیان قسەیەكە لەسەر كاتەكە ، بەڵام بۆچی توركیا لەیەك كاتدا بەغدا و هەولێری هەڵبژارد ؟ كە هەموومان دەزانین لە چەند ساڵی ڕابردوو توركیا زۆر سوودی لە ناكۆكیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بینی بەوەی بەهۆی ناكۆكی ئەودووانە گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوتی لەگەل هەولێر بەست و قسە لەسەر رێكەوتنی غازیش دەكرێت ، ئەمەیان لەرووی بازرگانیەوە لە رووی سەربازیشەوە توركیا توانی گوێ بە نارەزایەكانی بەغدا نەدات و هێزێكی زۆر لە سەربازگەی باشیك جێگیربكات تا لە رۆژگارێكی وەك ئەمرۆ ئەو پرسە وەك كارتی گفتوگۆ بەكار بێنێت .
 چوونی شاندی توركیا بۆ بەغدا زیاتر بۆ ئەوەبووە كە وەك كارتی فشار لەسەر هەرێمی كوردستان بەكاری بێنێت یان دەتوانین بڵێین هەردوولا بكاتە كارت لەسەر ئەویتریان (بەغدا یان هەولێر) بەڵام ئەوەی لە دەرنجامەكە دەخوێندرێتەوە پێناچێت توركیا لە بەغدا هیچی دەسكەوت بێت ، جگە لە گرێدانەوەی  پەیوەندی پچڕاوای نێوان عێراق – توركیا ، كە ئەمەشیان كاتی دەبێت ئەگەر توركیا هێزە سەربازیەكەی لەباشیك نەكێشێتەوە ، كە بێگومان نایكێشێتەوە ،ئەی بابزانین هەمان ئەو هەڵسەنگاندنەش بۆ دیدارەكانی هەولێر راستن یان نا ؟
هەمیشە نەبوونی شەفافیەت لە پەیوەندیە سیاسی و بازرگانیەكانی هەرێمی كوردستان كۆسپێكی گەورەی بەردەم چاودێران و دەزگاكانی راگەیاندنە تا خوێندنەوەی واقیعی بۆ ئەو جۆرە دیدارانە بكەن ، بەڵام وادیارە توركیا و هەولێر لەبواری بازرگانی گەیشتونەتە رێكەوتنی زیاتر بۆیەش باس لە دیداری ئایندەكرایەوە ، ئەوەی جێگای تێبینیە لە قسەكانی (بنالی یڵدرم ) سەرۆك وەزیرانی توركیا  كە لە كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەی هەولێر  كردی ئەوەیە ، كە دیارە سەقفی داواكاریەكانی توركیا سەبارەت بە شەڕی پەكەكە لە شەنگار و قەندیل زۆر زیاتر بووە لەوەی پێشبینی كراوبوو ، چونكە یەلدرم زۆر بەئاشكرا ووتی :
شەری pkk بەتەنیا شەری توركیا نیە بگرە شەری ئێوەشە ، وە جیاوازی لە نێوانی pkk و پەیەدە و یەپەگە نیە !!
ئەمەیان رای توركیا بوو لە نێو ماڵی كورد چەند جارێك حەغتی لەسەر كردەوە ، دەبێت چاوەڕوان بین تا بزانین ئەوانی تر چی دەكەن و چی دەڵێن، چونكە لە كاتی خۆی هیچ نەوترا ، بۆیە باشتر وایە بەدوای چارەسەری كوردانە بگەڕێین و كەس نەچێتە ژێرباری سیاسەتەكانی توركیا ، ئەویش بە گفتوگۆ و رێكەوتن و مورعاتی یەكتر دەكرێت . 


09/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر