بەتاڵەبانی بڵێن " بارزانی خەبەربکاتەوە "

عەبدولرەزاق شەریف


جوانترین و گرنگترین قسەیەک کەلەسەر ریفراندۆمەکەی بارزانی و لیژنە باڵاکەی دەوری بارزانی کرابێت قسەیەکی موکەرەم تاڵەبانیە کەخۆی دەڵێت :

" بەکاک مەسعودم وت ئەم ریفراندۆمە مەکە و دوژمنەکانمان خەبەر مەکەرەوە " 

خەبەریانبۆوە !

 ئەوەی لەم پێنج ساڵەدا لە ( داگیرکردنەوە و تەسلیمکردنی خاک و خەڵکی ناوچە دابڕاوەکان، ترازانی ناوخۆیی، تۆخکردنەوەی خەتی دێگەڵە، لەشکرکێشی، درۆنەکانی ئاسمانی کوردستان، ریسواکردنی حوکمڕانی، دەرفەتی گەندەڵی زیاتر، تەجسیدکردنی تەوریسی سیاسی، پشتکردنە مێژوی شۆڕش و پێشمەرگە، بەهێزکردنی پێگەی پیاوە ئەمنیەکان و سوککردنی پێگەی نوێنەرایەتیەکانی حکومەت و پەرلەمان، خیانەتی هەندێ لەبەرپرسەکانی حیزب و حکومەت، وێرانکردنی ژێرخانی ئابوری هەرێم و ژێر باری قەرزێکی دەیان ملیار دۆلاری، بڕیارەکانی دادگاکانی فیدراڵی عێراق و پاریس، دواجاریش درێژکردنەوەی نایاسایی و روخاندنی حکومەت و پەرلەمان  ) ئەنجامی ئەو خەبەربونەوەیە بوو .

خەبەریانبۆوە و هەمومانیان خەواند !

لەخەوتنی ئێمەیا ( پارەی نەوت زیاتر دیار نەما، هێندە موڵک و زەوی گشتی دزرا ئیتر هیچ نەما، سێکتەرەکانی تەندروستی و خوێندن چوە دەستی کۆمپانیاکانی حیزبەوە، نرخی پێداویستیە سەرەکیەکان سێ هێندەی شارەکانی دەرەوەی هەرێم زیادکرا، بەرزبونەوە و زیادکردنی باج و خەراج، بێنرخکردنی ئەدەب و هونەر و فەرهەنگ و زمانی کوردی، بەکارتۆنیکرنی دادگا و دەسەڵاتی دادوەری و تێکچونی تەونی کۆمەڵایەتی ) ئەنجامی خەوتنی ئێمە بوو .

بۆ هەتا هەتایە ئێمەیان خەواندوە !

کێ دەمی بەتاڵەبانی تەمەن یەک سەدە ئەگات ؟ پێش ئەوەی بمرێت پێی بڵێن :
" بچۆ سەری رەش و مەسعود بارزانی خەبەر بکەرەوە " .

22/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر