" لەبەر شکۆی کورد، وەرن چیرۆکەکەمان لەعێراقدا، بگۆڕین "

عەبدولرەزاق شەریف

   تەنیا پاڵنەر و هۆکاری  بیر و فکری پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی کەپێش سێ ساڵ نوسیمان وکارمان بۆ کرد ئەوەبو کەدەمانزانی هەرێمی کوردستان لەسەردەستی خیانەتکارانی ناوخۆ بەئەجندای داگیرکەرانی کوردستان، تەسلیمی بەغدا دەکرێتەوە . ئەوساوئێستاش، لەبەهەرێمکردنی کەرکوک و گشت پارێزگاکانی تری کوردستاندا، رێگای رزگاری دەبینین .
 لەدەیان چاوپێکەوتن ونوسینا دەمانوت حوکمداری هەرێمی کوردستان لەسایەی تەماح و بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵە و خێزانە سیاسیەکانا دەڕوخێت . ئەم دوو حیزبە جگە لە پرۆژەی تەسلیم بون و لەگۆڕنانی خەون و ئاواتی میلەتەکەمان هیچیتریان لێنەماوەتەوە .
- ئێمەیان تەخویندەکرد بەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەخەینە بەرمەترسی و تێکدان ! ئێمەش دەمانوت نیوەی خاکی کوردستانیان تەسلیمی حەشدی شەعبی کردوە، بافریای نیوەکەی تری بکەوین . ئێستا دەرکەوت کێ نیوەباقیەکەشی  تێکدا و تەسلیمی بەغدای کرد ؟
- بەئێمەیان ئەوت  شورەیی و شەرمە بۆ موچە و خەرجی  هەرێم هانا بۆ بەغدا بەریت ! ئێستا وەک مافی دەستوری بەشی هەرێم لەبوجەی عێراق نا بەڵکو وەک سواڵ و سەدەقە دەست بۆ موچە پانەکەنەوە .
-  ئەوان و زۆرێک لەدۆستەکانیشمان ئەیانوت داهاتی پارێزگاکە لەبون بەهەرێمدا، ناتوانێ بژێوی، موچەی خەڵک و موچەخۆران دابینبکات ! ئەی ئێستا کە بەغدا گسکی لەداهاتی نەوت و گومرگ و ناوخۆی هەرێمی کوردستان دا، بەکام بڕگەی دەستور و یاسا لەبەغداوە موچە و خەرجی دابینی دەکەن ؟ خۆ مانگا مرد و دۆ بڕا .
- دۆستەکانمان ئەیانوت هەرێمەکانیش پێکبهێنرێت هەر  بنەماڵەی بارزانی لەولا و تاڵەبانی لەملا حوکمداری ئەکەن ! ئەمانوت کورد و هەرێمەکەی پێویستی پەلەی بەنوسینەوە و ئیقراری دەستوری خۆیەتی، لەهەبونی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتی و سیاسیەدا ، حوکمدارێتی بنەماڵە، مەحاڵ ئەبێت چونکە ئەو بنەماڵانە لەفەراغی نەبونی دەستورا حوکمداری هەرێمەکە ئەکەن، هەربۆیە ناشیانەوێت کوردستان خاوەنی دەستوری خۆی بێت،  گەر دوژمنەکانی لێگەڕێن، کورد هەمیشە مقەوەمات و فەرهەنگێکی پتەوی بۆ حوکمدارێتی دیموکراسی و پێکەوەیی هەبوە .
خەڕەکی کڵاوی بابردومان ڕست، وتمان چش لەکڵاو بافریای سەرمان بکەوین ! ئێستا وەک پرۆژەی هاڕین و تەسلیمبونی کورد سەری شکۆ و ئیرادەیان بەشێوەیەک شکاندین هیچ تاکێکی کورد ئامادەنیە بەرگری لەیەک بستی خاکی کوردستان بکات .
جیاوازی هونەر و زانستی سیاسەت لەگەڵ ئەوانیتر ئەوەیە کەهەمیشە رێگە و فیکر و تاکتیکی نوێ، بۆ خستنەوە سەر رێگەی ئامانجەکانت ئامادەیە، بەداخەوە کورد تەنیا بەچیرۆکێکەوە نوساوە و دەیان ساڵە ( بەپشتیوانی گورنەتەڵە بەدوای روناکی ئاگری دێوەکەی بەغداوەیە) !
دەستوری عێراق رێگەی پێداوین بەچیرۆکی (فیدراڵی پارێزگاکانمان)، سەرلەبەر هاوکێشە و سیستەمی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان بگۆڕین .
چۆن و چی بکەین ؟
+ هەرچی زوە بەناو نوێنەرەکانی کورد لەبەغدا بکشێنەوە، ئەو حیزب و تاقم و کەسانەی موچە و ئیمتیازاتیان لەبەغداوە بۆ دێ رەتیبکەنەوە .
+  دەستەیەک لە (حاکم و سیاسی بێلایەن) بەپشتیوانی کەسانی پسپۆڕی جیاواز  (وەک حاڵەتی پەلە و ناچاری) حوکمڕانی هەرێمیان تەسلیمبکرێت .
+ حیزب و کارەکتەرە حیزبیەکان بۆ گەڕانەوەی متمانە و شکۆی میلەتەکەمان دەست لەکاروباری حکومەت هەڵبگرن .
+ دادگایەکی تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی هەموو ئەو موڵک و ماڵ و پارانە (چ ئەوانەی شەخس یان حیزب و کۆمپانیاکان) دزیویانە دابنرێت .
+ عسیانی مەدەنی خەڵکی هەرێمی کوردستان رابگەیەندرێت .
+ هەتا دۆخی دەستوری و یاسایی خۆی وەردەگرێت (هەڵەبجە، هەولێر ، دهۆک و سلێمانی ) بەپراکتیک وەک چوار یان دوو هەرێمی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنەکانیانەوە بەرێوە ببرێن و رەشنوسێک بۆ دەستوری هەرێمەکان ئامادە بکرێت .
+ هەمو گفتوگۆیەک لەگەڵ عێراق لەرێگەی ئەو دەستەی حوکمڕانیەوە بەئامادەبونی نوێنەری چوار پارێزگاکە بکرێت، بنەمای شەراکەتی دوو نەتەوەی جیاواز و دیاریکردنی سنورە فیدراڵیەکان لەعێراقدا،  ستونی نەگۆڕ و جێگیری گفتوگۆ و رێکەوتنەکان بێت .
+ کار بۆ پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای کەرکوک بکرێت .

هەرچیمان بەسەرهات و بەسەریان هێناین بەپرۆژەیەکی ئاشتی ناو ماڵی کورد گەردنتان ئازاد بێت بەڵام دەرفەتێک بدەن حیکایەتەکە بۆ هەتا هەتایە لەعێراقدا، بگۆڕین . 
گەروانەکەین ؟ بەسەروکڵاوی بابردوەوە، زۆرنابا و عێراق داوای جێبەجێکردنی مادەی سەدوچلمان لێدەکات !
ئەو رۆژە دێت و لەراپرسیەکەدا، بەرێژەی سەدا حەفتا و بەرەوژور بۆهەتایە هەموو ئەو خاکە لەدەست ئەدەین کە هەوێنی چیرۆکی سەدساڵەمان بوە .

27/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر