نەوت رادەستی بەغدا بکەنەوە

دڵشاد حسێن
حکومەتی هەرێم پێی وابوو بەناردنە دەرەوەی نەوت بەسەربەخۆیی دەتوانێت ئابوری سەربەخۆ دروست بکات و زۆرتر لەوەی بەغداد دەینێرێ بودجە بەدەست بهێنێت، بەڵام سەربەخۆیی ئابووری تەنها بەنەوت دروست نابێت لەکاتێکدا سیاسەتی نەختێنە لەبەغدایە و سنورەکانی هەرێم بەپێی رێنمایەکانی بەغدا باج و داهات وەردەگرن، سیاسەتی دەرەوەو بەرگری هێشتا لە ناوەندە، هەروەها سەره‌ڕای بیانووی دابەزینی نرخی نەوت، ئەنجام دەرکەوت کە هەناردەی سەربەخۆیی نەوت کێشەیەکی ئابووری قورسی بۆ هەرێم دروستکرد، بەغداد سەره‌ڕای دابەزینی نرخی نەوت توانیویەتی لەرووی خەرجی جەنگ دژی داعش، موچە بۆ فەرمانبەران دابینبکات. 

برسی بوونی خەڵک و بێکاری و بێموچەی نابێت بکرێتە قوربانی سۆزی نەتەوەیی و پێمان نەنگی بێت دان بەوەدا بنێین ئێمە لە سیاسەتی سەربەخۆیی نەوت شکستمان هێناو رادەستکردنەوەی ئەم پرسە بەبەغدا بۆ ئەم قۆناغە لەقازانجی خەڵکی کوردستانە. ئەو هۆکارانەی کە حکومەتی هەرێم باسی دەکات کە بەغدا پابەند نابێت بەناردنی شایستەکانی هەرێمەوە زۆر لاوازن، بەڵکو لەراستیدا هۆکارە سەرەکیکە شەفافیەتی پرۆسەی نەوتە کە حکومەت هەرێم لە بوارەدا چی لەگەڵ خەڵکی هەرێم و بەغداش شەفاف نیە، چونکە ئیستا کە نەوت هەناردە دەکرێت، گومان لەسەر ژمارەی هەناردەی نەوت هەیە چی لەرێگای بۆری و چی بەرێگای تەنکەر، هەتا ئێستا هیچ مانگێک راینەگەیاندووە نەوتی بەچەند فرۆشتووە، هەروەها ئەو رێکەوتنەی لەگەڵ تورکیا کردویەتی بۆ هەناردەی نەوت چیە و چەند لەقازانجی هەرێمە، گومان لەسەر گرێبەستەکان و پشکی کۆمپانیاکان و پشکی حکومەت هەیە، ناردنی نەوت بەرێگای تەنکەر کە ئەچێتە خانەی بە قاچاخبردن چۆنە و داهاتی چیە؟ ئەم هەموو ناشەفافیەتە رێگربووە لەوەی کە هەرێم بتوانێت پابەند بێتەوە بەبەغداد.

ئەگینا سەبەخۆیی ئابووری نەتوانێت خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان دابین بکات سودی چی ئەبێت، لەکاتێکدا حکومەت هەرێم هەموو بیرە نەوت و بوریەکان لە ژێردەستی خۆیدایە هەرکاتێک بیەوێت و پێویست بکات ئەتوانێت ئەو سەربەخۆییە بەدەست بێنێتەوە. ئەگەر سەیری ئەزموونی وڵاتان بکەین لەقەیرانی ئابووریدا خۆشگوزەرانی هاوڵاتی دەبێتە سەنتەری بریاردانیان نەک سۆزی سەربەخۆیی و نەتەوەیی . وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات و بەمدواییانەش وڵاتانی یونان و ئیسپانیا بۆ دەرباز بوون لەقەیران رێگایاندا بچنە ژێرباری یەکێتی ئەورپاوە لە پرۆژەی چاکسازی دارایی و پابەند بوون بەبڕیارەکانی یەکێتی ئەوروپا.

پرۆسەی چاکسازی دارایش ناتوانرێت سەرکەوتوو بێت چونکە هێشتا بانکی مەرکەزی عێراقی چارەنوسی دراوی عێراق دیاری دەکات و باج و گومرگی سنورەکان هێستا لەلایەن بەغداوە دیاری دەکرێت ، بۆیە ئەم دوو بەشە گرنگە لە چاکسازی دارایی بەدەست هەرێم نیە ، بۆیە بۆچارەسەری کێشەی دارایی دەبێت هەماهەنگی هاوڕایی لەگەڵ بەغداد دروستبکرێت.

بۆیە رادەستکردنی نەوت بە بەغداد بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و دابینکردنی بودجە لە بەغداوە کارێکی ئەرێنی دەبێت لەشەفافیەتی نەوت و دابینکردنی موچە و خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان، ئەگەر هەرکاتێک هەرێم توانی قەیرانەکە تێپەڕێنێت و بەرەو سەربەخۆیی هەنگاوی نا، ئاسانترین شت گەڕانەوەی نەوتە بۆ ژێردەستی هەرێم.    


19/01/2016



وتارەکانی تری نوسەر