نامە دەنووسم بۆ بایدن بە دڵێکی پڕ لە خوێنەوە!

رێبوار كەریم وەلی
عاقیبەت سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر، چیتر خۆی پێڕانەگیرا و نامەی بۆ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا ناردووە و حەزیش ناکات مێدیا و رایگشتی ئاگاداری ناوەرۆکی نامەکە بێ.
*
چەند سەعاتێک دوای بڵاو بوونەوەی راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر و دزە پێکردنی ناوەرۆکی نامەکە، یەکەم کاردانەوە ئەوە بوو کە راپۆرتەکە راست نییە، نەیارانی(قەوارەی فیدڕاڵی) و (مێدیای جاش و بەکرێگراو) بوختان هەڵدەبەستن!
*
لە راستیدا، ناردنی نامە بۆ سەرۆکی ئەمریکا و داواکردنی یارمەتی لە وڵاتێک کە کورد پێیوایە هاوپەیمانیەتی ئاساییە و، لە رابردووشدا کە چەندینجار ئەمریکا ئەوەی بۆ کورد کردووە. هەر لە پەلاماری داعشەوە بگرە تا 16 ئۆکتۆبەر کە بە نامەی رەسمیی تیلەرسۆن پشتیوانیی ئەمریکا بۆ نێچیرڤان بارزانی و جێگرەکەی دوپات کرایەوە و، گڵۆپی سوریان بۆ حەشد و ئێران پێکرد.
*
ئەوەی نائاساییە و رەنگبێ سەببی سەرەکیش بێت لە شاردنەوەی هەواڵەکە لە لایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە ئەوە بێت کە بوغرایی و لوتبەرزیی لە ئاست ئەمریکا گەیشتبووە ئەو راددەیەی کە لە زۆر حاڵەتدا حیسابی هیچی بۆ ئەمریکا نەدەکرد. کەچی ناوەرۆکی نامەکە پڕە لە پاڕانەوە. ئەوە رێک ئەو دیمەنەیە کە جۆن کێریی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەهاتە هەولێر و هیچ بارزانییەک لە پێشوازییدا نەبوو! پێش ریفراندۆمیش دەستیان بەڕوی نێردەی ئۆبامادا وەدەنا! کەچی دوای 16 ئۆکتۆبەر بۆ هاتنی وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا هەموو لەوێ بوون!
*
نە ئێران و نە ئەمریکا حەز بە چارەی ئەم حکومەتەی ئێستای هەرێم ناکەن. هی ئێران ئاساییە، بەڵام هی ئەمریکا نائاساییە. سەببەکەشی رون و ئاشکرایە. کاتێک سزادراوانی بادینان یەکێک لە تۆمەتەکانیان لە دادگای ئاسایشی هەولێر ئەوە بووبێ کە جاسوسییان بۆ کۆنسوڵخانەی ئەمریکاو ئەڵمانیا کردووە! ئینجا حیساب نەکردن بۆ بەیاننامەی کۆنسوڵی 11 وڵاتی وەک ئەمریکا و بەریتانیا کە داوای ئازادکردنی گیراوانی بادینانیان دەکرد و ئینجا هەڕەشەی بێباکانە لەوەی کە ئەگەر بێدەنگ نەبن کۆنسوڵخانەکان دادەخەن! ئەوە عاقیبەتیەتی! ئەوێ رۆژێ سەرۆکوەزیران(خۆڕاگر) بوو.
*
تەنها خاڵێکی جەوهەری کە وایدەکرد ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا سۆزیان بۆ میللەتی کورد هەبێ، ئەو ئازادیی رادەربڕین، لێبوردەیی و  ئازادیی کاری سیاسی بوو، بەڵام لەو چەند ساڵەدا ئەوانە تەفروتونا کران. هەموو راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بە ئاشکرا باسی ئەو پێشێلکارییانە دەکەن و، هیچ شانازییەک و وەجهێکی جیاکەرەوە بۆ میللەتی بە بارمتەگیردراو نەماوەتەوە.
*
کاتێک نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لێتان دەپاڕایەوە دەیگوت ئەم ئەزمونەتان هەتا سەر نابێ، جڕتتان بۆ لێدەدا! 
*
ئەمریکا ئەمجارەش قسەیەکی خێری تێدا دەکات، بەڵام ئەوەش هەتا سەر  و بێمەرج نابێ.

14/09/2023



وتارەکانی تری نوسەر