ئێران بۆ وا دەکات؟

رێبوار كەریم وەلی

لە 2020وە ئێران بە موشەکی بالستیک لە هەرێمی کوردستان دەدات. سەبەبەکەی نە دروستبوونی ئیسرائیلی دووەمە، نە بوونی موسادە و نە بوونی هێزەکانی ئەمریکایە.
*
ئەنجامدەری تەقینەوە خۆکوژییەکەی کێرمان کە سەرەتای ئەم مانگە سەدان قوربانی لێکەوتەوە، داعشی خوڕاسان بوو کە بنکەی سەرەکیی لە ئەفغانستانە و، ئەوەی راسک یش جیش العدل بوو کە بنکەی ئەوانیش لە پاکستانە. کەواتا ئەوەی هەولێر تۆڵەی ئەوانە نییە.
*
دەشێ دەستی ناوەخۆیی(وەک تەسفییە حیساب)لە پێدانی زانیارییدا، رۆڵی هەبێ، بەڵام ئێران لەبەرخاتری کەس کاری وا ناکات. ئەوەندەی ئێران مەبەستییەتی پەیام بە خودی پارتی و سەرکردایەتییەکەی بگەیەنێ، مەبەستی نییە پەیام بدا بە ئەمریکا یان وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا. ئیران سور دەزانێ کە نە پارتی و نە هەرێمی کوردستان چیدیکە هێڵی سوری ئەمریکا نین.
*
دوو نمونەی سادە…
*
لەوەتەی شەڕی غەززە هەیە، هیچ شوێنی دنیا نەماوە کە خەڵک وەکو پشتیوانی دەربڕین نەهاتبنە سەر جادە. بەڵام کە لە هەولێر نە رێگەی پێدەدەدرێ و، لە گوتاری رەسمیی پارتیدا، سەرکۆنەی ئیسرائیل ناکرێ، ئەو کاتەیە کە بۆ ئێران ماڵی هەموو کوردێک دەبێتە بنکەی موساد!
*
چەند رۆژێک پێش ئێستا یادی کوشتنی قاسم سلێمانی لە هەولێر کرایەوە. کێ لەوێ بوو؟ فازڵ میرانی. ئێ ئەدی ئەگەر یادی مردنی مەلیکە ئیلیزابێت بوایە و لە کۆنسوڵخانەی بەریتانیا یادی کرابایەوە کێ لەوێ دەبوو!؟ یان ئەگەر یادی رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکا بوایە!؟ پێتانوایە ئێران کوێرە و نابینێ!؟ ئێران لە دەماری ملتان لێتانەوە نزیکترە…
*
ئەگەرچی ئێران حاڵیحازر لە رووی نێودەوڵەتییەوە وەزعی باش نییە و، دەستوپێوەندەکانی لەژێر گوشاردان، بەڵام یەک تاقە ددانی مابێ بەشی خنکاندنی کورد دەکات. زۆریش تەنگاو بێ، لە دانوستانی ئەتۆمی دەچێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و کۆتایی دێ!
*
سەرکردەکانی کورد کە دەبوایە سواڵ بۆ میللەتی خۆیان بکەن، میللەتیان کردە سواڵکەر. ئێستاش قسەکردن بە زمانی ناکرێ، نابێ و قەبوڵی ناکەین و، تەنانەت هەڕەشە و گوڕەشەی خۆنەچەماندن جگە لە بەکوشتدانی زیاتری خەڵک هیچ ئەنجامێکی نییە. کەواتا لە ئێستا زوتر نییە واز لەو زمانە بێنن و رێگەی ئێران بگرنە بەر لەگەڵ مەرجەعییەتی ئێراندا، بۆ سەلامەت و ئاسایشی خەڵکی برسیی کوردستان بگەننە رێککەوتن.

16/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر