لاوازترین حكومەتی هەرێم

رێبوار كەریم وەلی
 (1)
رێڕەوی دانوستاندنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی هێشتا بەشێوەی قانوونی لە پەرلەمانەوە دەستی پێ نەكردووە، بەڵام هەر لەیەكەم كۆبوونەوەكانەوە، بەتایبەتیش لەگەڵ یەكێتیدا چاوەڕوانی ئەوەی ئێستای لێدەكرا. لایەنە سیاسییەكان هەر لە سەرەتاوە، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیان كردە دەرفەتێك بۆ تۆڵەستاندنەوەی سیاسی و تەسفیەی حیساباتی رابردوو. گۆڕان تۆڵەی رێككەوتنی دەباشانی لە یەكێتی كردەوە، یەكێتی تامی بردنەوەی هەڵبژاردنی لە دەمی پارتیدا تاڵ كرد و پارتیی ناچار كرد واز لە هێڵە سوورەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەر بهێنێ.

لەو چوارچێوەیەدا، پێكهێنانی ئەم كابینەیە، لەسەر هەموو ئاستەكان (ناوخۆی خۆی، ناوخۆی كوردستان و وڵاتانی دەرەوە) بۆ پارتی تەحەددایەكی گەورەیە، هەر بۆیەش سەرباری ئەوەی كە پارتی زۆرینەی پەرلەمانیشی هەیە، ژمارەی وەزارەت و پۆستەكانی كەمترن لەوەی كە پێشبینی دەكرا. پارتی ناچار بووە بۆ راگرتنی بەڵانسی حیزبە بەشداربووەكان، چاوپۆشی لە زۆر شت بكات. بەڵام لە هەمانكاتدا، تەنانەت ئەگەر یەكێتی لە حكومەتیشدا بەشدار بێت، دیسانیش ئەم حكومەتە ئۆپۆزیسیۆنێكی بەهێزی لە دەرەوەی خۆی بەجێهێشتووە و بەشداریی گۆڕانیش لە حكومەتدا مەرجدارە بە سەقفێكی زەمەنی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی نێوانیان. هاوكات لەگەڵ ئەوەدا، بەشێوەیەكی ئاشكرا یەكێتی بیر لە هەموو شێوازەكانی قەڵاچۆكردنی سیاسیی گۆڕان دەكاتەوە لە ناوچەی نفووزی خۆیدا و، تیمێكیشی لە بەغدا هەیە كە ئیش و كاریان بنكۆڵكردنی رێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە. بەتایبەتیش لە مەسەلەی نەوت و بودجەی كوردستان هاوئاوازی شۆڤینییەكانی بەغدان.

درەنگكەوتنی پێكهێنانی حكومەت، فەزڵی نەهێشتنی نیومووچە و هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچەی بۆ كابینەكەی پێش خۆی تۆمار كرد؛ چونكە یەكێك لەو هەنگاوانەی بڕیار وابوو كابینەی نۆیەم بیهاوێت، گەڕاندنەوەی مووچە بوو. ئینجا لە ئێستاوەڕا كە شكڵ و پێكهاتەی حكومەتی داهاتوو تا راددەیەك بەدەركەوتووە، پۆستە وەزارییەكان و دامەزراوە گرنگەكان لەژێر كاریگەری و هەژموونی باڵ و ناوەندەكانی فشاری ناو حیزبەكانی خۆیاندان و، كاركردن وەكو یەك تیمی یەكگرتوو لە كابینەی داهاتووی حكومەتیشدا، دیسان تەحەددیەكی دیكەی بەردەمی سەرۆكی داهاتووی حكومەت دەبێت.

سەرباری ئەوەی كە حكومەت پشتیوانیی زۆرینەی پەرلەمانی هەیە، بەڵام دەستبردن بۆ دۆسیەكانی چاكسازی هێندە ئاسان نابێت.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
(2)
یەكێتی یاریدەدەر بوو لەوەی كە پارتی و گۆڕان بتوانن دەست بۆ یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ببەن. لە ئێستاوەڕا یەكێتی و حزبەكانی دیكەی ئۆپۆزیسیۆن لە هەوڵی ئەوەدان ئەو بابەتە وەك كەرەستەیەكی سیاسی لەدژی گۆڕان بەكاربێنن. تا ئێرە كێشە نییە، بەڵام ئەم یارییەی ئێستای یەكێتی دیوێكی شاراوەشی هەیە كە دەیەوێ لە داهاتوودا لە دژی پارتی و دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەكاری بێنێت.

پێناچێ تەنانەت ئەگەر گفتوگۆكانی پارتی و یەكێتی بگەنە ئەنجامیش، سەرۆكایەتیی پەرلەمان رادەستی یەكێتی بكرێت تا ئەو كاتەی مەسەلەی سەرۆكایەتیی هەرێم یەكلا نەبێتەوە. چونكە لە حاڵەتێكی وەهادا، دوور نییە یەكێتی ئەو باسە بەرەو ئاقارێكی وەها ببات كە چەند مانگی بوێ تا سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت و پارتی ئەوە ناكات. بەڵام لێرەدا یارییەكەی یەكێتی ئەوە دەبێ كە لە كاتی هەڵبژاردنی سەرۆكدا، یان بایكۆتی دەكەن، یانیش دەنگی پێنادەن. ئەگەری بایكۆت بەهێزترە.

ئەوەش بۆ ئەوەیە كە یەكێتی لە داهاتوودا سەرلەبەری پڕۆسەكە بە بیانووی ئەوەی تاكلایەنانە كراوە، رەت بكاتەوە، یانیش لە داهاتوودا بۆ بەڕەسمی ناسینی سەرۆكی هەرێم هەندێك مەرجی دیكە بخاتە بەردەم پارتی و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان.

هەردوو یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ژمارە یەكی 2005 و هەمواركراوی 2009 بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی لە خولەكانی رابردوو تێپەڕیون، دەسەڵاتەكان و شێوازی هەڵبژاردنەكەشی بە رێككەوتنی هەردوولا بووە، بۆیە ئەوەی ئێستا زیاتر لەوەی ناكۆكی بێت لەگەڵ دەسەڵات و ناوەڕۆكی قانوونەكە، گەڕانە بەدوای (هەلی كار)دا بۆ نوێنەری باڵێكی نێو باڵەكان. هاوكات مادام سەرۆكی هەرێمی كوردستان بتوانرێ لەلایەن پەرلەمانەوە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت، دەسەڵاتەكانی هەرچییەك بن (كە ئەمجارەش لە دەستێكی ئەمیندا دەبن)، لەسەرووی پەرلەمانەوە نییە. ئینجا ئەگەر یەكێتی لە داهاتوودا تانە لەوە بدات كە تاكڕەوی كراوە، ئەو تاكڕەوییە لە مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارەوە بووە بە سوننەت!

16ی ئۆكتۆبەر ساغ بكەنەوە
(3)
لێدوانێكی سەرۆكوەزیرانی پێشووی بەغدا، میدیای خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەری خەنی كرد و، بارەگای بارزانیش هەم بە توندی وەڵامی عەبادی دایەوە، هەمیش دوای ماوەیەكی زۆر لە گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی ئەو باڵە لە سەركردایەتی یەكێتیدا بۆ پێكهێنانی حكومەت، بە خاكفرۆش و خیانەتكار ناوی بردن. ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە ئەو دۆسییە لای پارتی و بەتایبەتیش لای سەرۆك بارزانی هەر وەكو خۆیەتی، بەڵام ئەوەش لە كاتێكدایە كە تۆمەتباران بە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بە دەمی خۆیان لەسەر تەلەڤزیۆن دانیان بەوەدا ناوە كە ژێر بەژێر لەگەڵ حەشدی شیعی رێككەوتوون و كەركووكیان بێ تەققە رادەست كردووە! ئەمڕۆ دەرفەتێك هاتووەتە ئاراوە كە لە رێگەی لیژنەیەكی پەرلەمانییەوە لێكۆڵینەوە لەو رووداوە بكرێ و راستیی ئەو رووداوە بۆ مێژوو تۆمار بكرێت. ئەنجامدەرانیشی هەر كەس و لایەنێك بێت، بەرەووی دادگا بكرێنەوە. 16ی ئۆكتۆبەر هەیبەتی میللەتی كوردی شكاند، خەونێكی 100 ساڵەی لەبار برد، بەڵام بە دڵنیاییەوە دوای چەند ساڵێكی دیكە ئەنجامدەرانی نەك خۆیانی لێ بێبەری دەكەن، بگرە وەك ئێستا دەیانەوێ بیخەنە ئەستۆی پارتی. بێدەنگی و نەگرتنەبەری رێكاری قانوونی لەو كەیسەدا، مانای وایە كەس بۆی گرنگ نییە چی روویداوە.


01/04/2019



وتارەکانی تری نوسەر