یەکێتیی نوێ، شێری ماڵێ و رێویی دەرێ

رێبوار كەریم وەلی

پێش کۆنگرەی چواریش، بۆ ماوەیەکی درێژ، چەند جەمسەرێکی نفوز و بڕیار لەناو یەکێتیدا، ھەبوون. کۆنگرە توانی ھەمووی لەناو ماڵباتی تاڵەبانی و برایم ئەحمەددا و، لە چوارچێوەی فۆرمولی ھاوسەرۆکیدا، کۆبکاتەوە. لێرەوە ئیشی کۆنگرە تەواو بوو.

 

یەکێتی بەڕواڵەت نوێ بۆوە و كڕۆکەکەشی بە حیسابی خۆیان، گۆڕینی رێڕەوی یەکێتی بوو لە پاشکۆیەتییەوە بۆ شەراکەت و تەنانەت ململانێی سەخت لەگەڵ پارتیدا. ئەوە بەو رێک -کەوتنەی کە بۆ پێکھێنانی حکومەتیش کردیان، تەنھا وەک شیعار مایەوە.

ئەوەی پارتی گرەوی لەسەر کرد و نەچووە بنباری داننان بە سەرکردایەتیی نوێ، تا راددەیەک ھاتە دی. ئێستا ھەردوو ھاوسەرۆک بە دوو ئاراستەی جیا کاردەکەن، یەکیان رووی لە ھەولێر و ئەوەی دیکەشیان سلێمانی. پارتی مەیلی حوکمڕانیی یەکێتی و بەتایبەتیش کوڕانی تاڵەبانی وەك كارتێکی سەرکەوتوو بکار ھێنا.
"تەرەقە بکە و حکوم بکە"!

ئەرچی لاھور شێخ جەنگی کۆنتڕۆڵی سەرکردایەتیی یەکێتی و قائیدەی حزبەکەی کردووە، بەڵام ئەوەی لە سلێمانی دەڕێسرێت لە ھەولێر دەبێتەوە خوری! ئەوەش مانای وایە سیستەمی ھاوسەرۆکی زۆر بڕ ناکات.

یەکێتیی نوێ مەبەستی بوو کە سیاسەت و بڕیارەکانی یەکێتی بباتەوە سلێمانی و، ھەرلەوێشەوە گوشار لەپارتی بکات. ھەنگاوەکان بەئاراستەی لامەرکەزییەت و تەنانەت بەھەرێمکردنی سلێمانی و، ئینجا کشانەوە لە حکومەتیش، ئەو کارتانە بوون کە بەشێکی یەکێتی لەدژی بەشێکی پارتی بەکاریان ھێنا. سەریان نەگرت؛ کوڕانی تاڵەبانی و ماڵباتی برایم ئەحمەد دەزانن دوورکەوتنەوەیان لە ھەولێر و پارتی وا دەکات لە سلێمانی بە ئاسانی قووت بدرێن.

مەسەلەی یەکێتی ئێستا پتر لەوەی گرفت بێت لەگەڵ جۆری حوکمڕانیی پارتی لە ھەولێر، بریتییە لەبەکارھێنانی پارتی لە ململانێی ناوخۆیی. ئاست و جۆری بەرخوردیان لەگەڵ پارتیدایە کە وایکردووە سەرسەختترین نەیارەکانی پارتی لەناو بنەماڵەی برایم ئەحمەد لەوە تێگەیشتوون کە لاوازبوونی پارتی لەسەر حیسابی نەمانی ئەوان دەبێت.

ھاوکێشەی نوێ وایکردووە کە تا ئێستا ھیچیەک لە میکانیزمەکانی فشاری سەرکردایەتیی نوێ لە پەرلەمان و دەرەوە پەرلەمان سەرنەگرن. ئەوە بۆ پارتی و بەتایبەتیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕانیش بەخێر شکاوەتەوە. چونکە گۆڕان لەو تەوژمە نوێیە دەترسا و پێیوابوو لە سلێمانی لە قاڵب دەدرێ، بەڵام ئێستا دەرچەی ھەیە و خۆی بە قیتارەکە ھەڵواسیوە.

پوختەی کەلام. درێژەکێشانی وەزعی ناوخۆی یەکێتی، سیحری کۆنگرەکەیانی بەتاڵ کردۆتەوە. ئەوەی ئێستا دابەشکردنی رۆڵ نییە، بگرە فەشەلی سیستەمی ھاوسەرۆکییە. کورد گوتەنی نیشانەی نەكوڵانی دوو سەرە لە مەنجەڵێکدا.


31/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر