زانکۆکان
ئەگەر کارگەیەک بن بۆ بەرهەمهێنان ، ئەوا دەبێت بەرهەمەکانیان کاریگەریان لەسەر
کۆی ڕەوتی کۆمەڵگا هەبێت بۆ باشترین جۆری سیستەم و پێشەکەوتن ، زانکۆ دەبێت ئەو
دەزگایە بێت کە کۆی کۆمەڵگا ئاراستە بکات لە پۆینتێکەوە بۆ پۆینتێکی تر ، دەبێت
زانکۆ ناوەندێک بێت بۆ زانستەکان و بەردەوام نەوەی نوێ خوێندەوار بە مانا گشتیەکەی
پێشکەش بە کۆمەڵگا بکات ، زانکۆ لەسەر ئاستی ئەکادیمیا ساڵانە دەبیت توێژینەوەکانیان
دەستنیشانی کێشە وقەیرانەکان بکات و چارەسەری پێ بێت بۆ باشترکردن یان
چارەسەرکردنی کێشەکان ، زانکۆ دەبێت وا بێت کە ساڵانە لە دوای ڤیستڤاڵی دەرچونیان
خەرمانێک لە زانستی نوێ بخاتە بەردەم کۆمەڵگا و حوکمڕانی تا ببێتە سەرچاوە بۆ کاری
دامەزراوەیی نوێ ، زانکۆ لەسەر ئاستی زانستی مرۆڤایەتی دەبێت ساڵانە ڕاپۆرتێکی
داتابەندی هەبێت کە بە ژمارە ئەوەندە خوێندکاری لە بوارە جیاجیاکاندا و ئەوەندە
پسپۆڕی زانستی پێ گەیاندوە ، لە دنیادا زانکۆکان نمونەی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەکە
، کە دەڵین فڵان زانکۆ ئاستی پێشکەوتنی لە ڕیزبەندی زانکۆکانی جیهاندا ئەوندەیە ،
دەبێتە بەرز بونەوەی براندی ئەو وڵاتە و براندی زانکۆکەش ، دەبوایە زانکۆکانمان
تۆژینەوەی مەیدانیان هەبوایە لەسەر ئەم قەیرانانە و ئێستا هەزارەها تۆژینەوە
سەبارەت بەم قەیرانانە ببوایە ، خۆ ئەگەر سەیری شۆڕشەکانی دنیا بکەین ئەوا زانکۆکان سەنتەری دەستپێکردنی ئەم
شۆڕشانە بون ، یان سەیری پێشکەوتنەکان بکەین لە قوتابخانەی فرانکفۆرتەوە تا دەگاتە
ئۆکسفۆرد دەزانین چی جیهانێکیان خولقاندوە هەزاران
بیرمەندیان بەرهەم هێناوە هەر لە هۆرکهایمەر و هابرماس و ئەریک فرۆم و هازارانی تر، زانکۆکانی ئێمە نەک کارگەیەک نین بۆ پێشکەشکردنی
بەرهەمی زیندو لەوێوە بیخەنە ناو خانەکانی لاشەی کۆمەڵگاوە تا زیندویەتی ببخشێتە
کۆی جەستەی کۆمەڵگا ، بەداخەوە بوەتە کارگەیەک بۆ بە کاڵاکردنی تاکی خوێندکار ، لە
ناو ئەم هەمو قەیرانانەدا ، لەناو ئەم هەمو کێشانەدا ، لە ناو ئەم هەمو بێ یاسایی
و سست بونی کۆێ جومگەکانی حوکمرانیدا ، بەداخەوە زانکۆکانمان نەک چارەسەریان پێ
نیە بەڵکو ئەوانیش توشی هەمان سەرەتان بون ، بگرە خراپتر کە خوێندکار دەکەنە
کاڵایەی بێ نرخ ، نەک هەر نەیان توانیوە ساڵانە هەزاران کۆنفرانس و لێکچەر و
پانێڵی زانستی بگرن ، بەڵکو زانکۆکانمان بە تەواوەتی خەریکە دەبێت بە ناوەندێکی
مارکێتین و بزنس .... بە چیەوە ..؟ بە لاشەی خوێندکارەکانەوە ، هەڵبژاردنی شاجوانی
کوڕ و کچ لە زانکۆکاندا نەک مایەی شەرمەزاریە ، بەڵکو مایەی نەخۆشکەوتنی
هەستیارترین ناوەندی زانستیە بە نەخۆشی سەرەتان ، ئەم بەکاڵا کردن و بە بازاڕی
کردنی لاشەی ژنان و پیاوان جۆرێکە لە هەراج کردنی بەشەر ، ئەمەی زانکۆکان کردیان
وەک ئەوەیە ئێمە کۆمەڵگایەکی تەواو دروست بین و هیج کێشەیەکمان نەبێت ، خۆ گەر واش
بێت هێشتا ئەمە مایەی خەجاڵەتیە ، بەداخەوە لەم بێسەر و بەرەییەدا ناوەندێک نیە
لێپێچینەوە لەم دیاردەیە بکات ، خوێندنی باڵاش لێ ی بێدەنگە ، ئەمەش جارێکی تر
نیشانەی نەخۆش کەوتنی ئەم وەزارەتەیە ، جا وەرە لە ولاتێکدا خوێندنی باڵا ئاوا بێت
دەبێت ئەنجامی ئەم حکمڕانیە هەر ئەوە بێت کە دەیبینین ، بەداخەوە لە ئێستادا کە
گەندڵێ سەرپای دەزگاکانی داڕزاندوە لە ئەزمەیەکی ئابوری و پارەی کاش داین ، کە
گەندەڵێ لە دیاردەوە خەرکە دەبێتە نەریت ، کە دەبو زانکۆکان بە پلەی یەکەم ڕێگر
بونایە ، زانکۆکانمان نەک چارەسەر نین بەڵکو دەبنە دروستکردنی ژینگەیەک بۆ تەحویل
کردنی گەندەڵی و بەکاڵاکردنی خوێندکار بۆ نەریت ، ئەم نوسینەی من هاوارێکە بۆ
بەردەم خوێندنی باڵا .... تکایە....تکایە دوا خاڵی هیوای سپی کۆمەڵگا ڕەش مەکەن ، ئەم
کاروانی بێ نرخکردنی خوێندکارە ڕاگرن .