با پێکەوە ماڵی گەورەمان، هەرێمی کوردستان بپارێزین

نه‌زهه‌ت حالی

بارودۆخی سیاسی هەرێم بە پێی هەموو لێکدانەوەکان لەبەر لاوازی متمانە لە نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێم و نەبوونی ڕوئیایەکی هاوبەش بۆ چارەرسەر کردنی کێشە سەرەکییەکان باش نییە، هەروەها ڕاگرتنی نەوتی هەرێم ئەگەر چارەسەرێکی خێرای بۆ نەدۆزرێتەوە دەبێتە هەڕەشەیەکی ئابووری مەترسیدار لەسەر هەرێم و هاووڵاتیانی.

 پێم وایە قۆناغی ئێستا قۆناغێکی هەستیارە بۆ هەرێم و دەرباز بوون لەو قۆناغە حیکمەتێکی زۆری دەوێت بۆ دیاری کردنی نەک تەنیا خراپ و باش لەیەکتری بەڵکو جیا کردنەوەی بژاردەی باشتر لە باش و خراپ لە خراپتر .هەر بۆیە ڕاوێژ کردن بە شارەزایانی دڵسۆز و دوورکەوتنەوە لە کاردانەوەی خراپ و خێرایی لە بڕیاردانی دروست دەتوانێت هەرێم لەو قەیرانە دەرباز بکات، ئەگەر لێبوردەیی پارتە سیاسییەکان بەرانبەر بە یەکتری و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی گشتی لە ئاستی باڵای سیاسی و هاووڵاتیانی لەگەڵ بێت.

 لەو کاتەی وڵات ڕوبەڕووی ئەزمەی گەورە دەبێتەوە عەقڵی سەلیم و بەرژەوەندی باڵای وڵات دەبێت زیاتر وامان لێ بکەن دەرک بە ئاستی مەترسییەکان و پێویستی یەکگرتوویی ناوخۆیی کە مەزنترین چەکە بۆ پاراستنی وڵات بکەین.

بێگومان گلەیی هاووڵاتیان و دلسۆزان و ئەوانەی بۆ ڕزگاری و پاراستنی وڵات قوربانیان داوە زۆرە ،بەڵام وڵات لە ئێستادا پێویستی بە هەمووانە لەکاتی تەنگانەدا گلەیی و هێرش کردنە سەر یەکتری چارەسەری گرفتەکان ناکات، وڵات لە ئێستادا پێویستی بەو کەسانەیە کە بەر لە هەموو شتێک  سەرکەوتنیان بۆ گەلی خۆیان و پاشان بۆ خۆیان بوێت.

سەرەڕای تێبینییەکان لەسەر کەرتی نەوت و وزەی هەرێم دەبێت ئەو ڕاستییەمان لەبەر چاو بێت کە لە کاتێکی زۆر هەستیار، کە حکومەتی عێڕاق بودجەی هەرێمی بڕیبوو ،لەو کاتەی کە هەرێم ڕوبەڕووی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش ببوەوە، ئەگەر نەوتی هەرێم نەبووا بێگوومان هەرێم نەیدەتوانی تێچووی ئەو جەنگە سەختە دابین بکات و پێشمەرگەکانمان سەربەرزانە بەرگری بکەن.

باوەڕی پتەو بە ڕەوای مافەکانمان و نەبوونی درز لە ناوخۆمان پاڵپشتی بە هێز دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین لەو قۆناغەدا سەرکەوتوو بین. 

02/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر