با لە دیدێکی نیشتمانی لە دۆخی هەرێم بڕوانین

نه‌زهه‌ت حالی

سەرەڕای بوونی گلەیی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت لە ئەدای یەکتر و گلەیی خەلک بە گشتی لە بارودۆخەکە ،لە ڕوانگەی نیشتمانیانە بە هیچ شێوەیەک گونجاو نیە کارێکی وا بکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوەی کە هەیە لاوازتر بکرێت،چونکە لە ئەگەری لاوازی زیاتر زیانی گەورە بەر هەرێم و گەلەکەی دەکەوێت، بەڵکو دەبێت حکومەت بە کردار بەهێز بکرێت.

مەبەست لە بەهێز کردنی حکومەت بەهێز کردنی کەسێک یان لایەنێکی سیاسی دیاریکراو نیە لەسەر حسابی کەس و لایەنەکانیتر، بەڵکو پێکەوە کار کردنێکی هەمە لایەنەیە بۆ پاراستن و بەهێز کردن و بە نیشتمانی کردنی دامەزراوە فەرمییەکانە.

بە سەدان هەزار روح و جەستەی پاک لە شۆڕشەکانی ڕزگاری و بەرگری کردن بوونەتە قوربانی ، بۆ ئەوەی حکومەتێکی خۆمانەی کوردی و کوردستانیمان هەبێت ،کە لە ئێستادا بە سەدان هەزار کارمەندی کەرتی گشتی لە ناو دامەزراوەکانی خزمەت دەکەن و بە هەموویانەوە پێکهێنەری حکومەتی هەرێمن، واتە حکومەت لە بنەڕەتدا حکومەتی هەموانە و تەنیا بریتی نیە لە کابینەی وزاری.

لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان و ئاسایشی نیشتمانی نیە، کە حزب و لایەنە سیاسییەکان هەر یەکە و تەنیا خۆی بە پارێزەری هەرێم دابنێت و لایەنەکانیتر بە لادەر ناو ببات و تەخوینیان بکات، زۆر بە ڕوونی دیارە کە هیچ حزبێک ناتوانێت بە تەنیا هەرێم بپارێزێت و لەو قەیرانە مەترسیدارە دەربازی بکات، بەڵام هەر حزبێک گەر تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆی کار بکات و بیر لە ئایەندەی هەرێم و ژیانی خەڵک نەکاتەوە دەتوانێت وڵات بەرەو دۆخێکی کارەساتبار ببات.

لە بەر ئەوەی هەر لە کۆنەوە دەوڵەتانی دەورووبەر و لە ئێستادا لایەنی عێڕاقیش زیاتر خوازیاری ئەوەن لەگەڵ حزبە کوردستانییەکانی هەرێم هەڵسوکەوت بکەن ،نەوەک لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و حکومەتێکی یەکگرتوو لە هەرێم، چونکە بەو شێوەیە لە بەها و کاریگەری دەسەڵاتی فەرمی هەرێم و دامەزراوەکان بۆ نوێنەرایەتی کردنی گەلی کوردستان کەم دەکرێتەوە. 

ئێمە وەکو کورد لە کوردستانی عێراق لە قۆناغێکی پێشکەوتووتر لە قۆناغی شۆڕشگێڕین کە ئەوکات حزبەکان هەمە کارە بوون، بەڵام لە ئێستادا خاوەن سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمین، خاوەن پەڕلەمانیش بووین کە بە دەردێکی خراپ برا و لە کار خرا، هەر بۆیە ئەرکی پاراستنی هەرێم و گەلەکەی بەر لە هەموان ئەرکی سەرۆکایەتی هەرێم و ئەو کابینە فرە لایەنەی حکومەتە ،کە لە چەند لایەنێکی سیاسی پێکهاتووە, بۆ ئەوەی بە دیدگایەکی نوێ و پێکەوەیی بە هاوکاری هەموو لایەنە کوردستانییەکان و پشتیوانی هاووڵاتیان هەرێمەکەمان بپارێزن.

گەلی کوردستان لە دۆخێکی زۆر ناهەموار دایە. لە لایەن ئەو دەوڵەتە نوێیە فیدڕالییەی کە بە هاوکاری ڕۆژئاوا دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام لە عێڕاق دروست کراوە،کە گەلی کوردیش لە کاتی بونیادنانی بە هیوای پاراستنی مافەکانی ڕۆڵی زۆری هەبووە زوڵمی زۆر و ئاشکرای لێ دەکرێت. هەر بۆیە بە دیدی من خودی وڵاتانی ڕۆژ ئاوا واتە ئەمریکا و ئەوڕوپا ،کە لە دوای ساڵی ١٩٩١ بە زۆر شێوە پارێزەری هەرێم بوون،دەتوانن ڕۆلی کاریگەر و یەکلا کەرەوەیان هەبێت لە ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کوردی و پاراستنی مافەکانی کورد لە عێڕاق. بۆ ئەوەی سەقامگیری کوردستان و عێڕاق بهێتە پاراستن کە لە بەرژەوەندی ئاسایشی هەرێمایەتی و ئاسایشی نێو دەوڵەتی دایە، ئەوان نابێت ئەم جارەش گەلی کوردستان بەتەنیا بهێڵن.

ئەوەی زۆر بە ڕوونی و ئاشکرا دیارە لە میدیا و سۆشیال میدیا لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هێرشی زۆر ناڕەوا دەکەنە سەر یەکتری،کە لە ڕاستیدا هیچ خزمەتێک بە دۆزی ڕەوای ئێمە ناکات، زۆر جاریش بە بەکار هێنانی وشەی توند و هەندێ جار نەگونجاو باسی لایەنە عێڕاقییەکان و وڵاتانی دەروبەر و بیانی دەکرێت، ئەوەش لە خزمەتی هەرێمدا نیە. لەبەر ئەوەی لە ئێستادا میدیا و سۆشیال میدیا ڕێژەیەکی زۆر لە زانیارییە هەوالگرییەکان پێک دەهێنن، بۆیە دەکرێت ڕای کادیرێکی حزبێک یان بەرپرسێکی ئاستی خوارە بە ڕای حزبەکان و حکومەت ئەژمار بکرێت و بە زیان بشکێتەوە.
دەبێت ئەوەمان لەبەر چاو بێت سەقامگیری ناوەخۆ بناغەی گەشە سەندنی ئابوری و خۆشگوزەرانییە، سەقامگیریش بە ئاشتی لە ناوەخۆ ،حکومەتێکی کارامە ،پەیوەندی باش و دۆستانە لە گەڵ دەورو بەر و دەرەوە بەدی دەهێت.

12/09/2023



وتارەکانی تری نوسەر