تروسكایی ریفراندۆم لە كۆتایی تونێلەكەدا

فەرید ئەسەسەرد
پاش ئەوەی هەر یەك لە ئەمریكا‌و روسیا‌و ئەڵمانیا‌و توركیا‌و ئێران‌و عیراق دەنگی ناڕەزاییان بەرامبەر بەئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەرز كردەوە، پرۆژەی ریفراندۆم پێ دەنێتە ناو قۆناغی گومان‌و بێهوودەیی. چوار ساڵە بانگەشە بۆ ئەم پرۆژەیە دەكرێ‌و لە ماوەی 48 سەعات دەركەوت كە سەركردایەتیی كورد بە كردەوە هیچ پشتگیرییەكی بۆ ریفراندۆم پێ دابین نەكراوە. باق‌و بریقی لێدوانە وروژێنەرەكانی وەك «ئێمە بۆ ریفراندۆم مۆڵەت لە كەس وەرناگرین» ‌و «بریار بە دەست خۆمانە»‌و «هیچ دەوڵەتێك دژی ریفراندۆم نییە» هیچی لە بابەتەكە نەگۆڕی‌و هیچ سودێكیشی بە پرسەكە نەگەیاند. 

دیارە سەركردایەتیی كورد پەیامە سیاسییەكانی بە هەڵە خوێندۆتەوە‌و نەیتوانیوە پشتگیری كردنی كورد لە شەڕی دژی داعش لە پشتگیری كردنی كورد بۆ جیابونەوە لێك جیا بكاتەوە. سەركردایەتیی كورد پێوانەكانی سەردەمی شەڕی ساردی لەسەردەمی بەجیهانیبون بەكار هێناوە‌و بەهۆی ئەمەوە لەهەموو هەڵسەنگاندنەكاندا هەڵەی كردوە. وا تێگەیشتبوو دروست كردنی بەرژوەندیی نەوتی بۆ وڵاتان لەناو كوردستان، وایان لێ دەكا پشتگیریی ئاواتەكانی كورد بكەن. لەڕاستیدا مەسەلەكە لەوە قووڵتر‌و ئاڵۆزترە‌و ئەوەی كە سەركردایەتیی كورد لێی تێگەیشتبوو كە گوایە كۆمپانیاكانی نەوت سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكانیان دادەڕێژن، هەڵە‌و چەوت دەرچوو. لانی كەم دوو لەو دەوڵەتانەی كە دژی ریفراندۆمەكەی كوردستان وەستاونەتەوە، واتە توركیا‌و روسیا، بەرژەوەندیی نەوتیی زۆریان لە كوردستاندا هەیە. بەڕادەیەك كە بەشێكی پەیوەندیی نێوان هەرێم‌و توركیا بە ستراتیجی دادەندرێ، كەچی بەرژەوەندییە نەوتییەكان‌و پەیوەندیی ستراتیجییەكان رێیان لەوە نەگرت كە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا دژی ریفراندۆمەكەی كوردستان لێدوان بدا. دواتریش، خودی سەرەك وەزیران رونتر لێدوانی دا‌و جەختی كردە سەر پێویستیی مانەوەی عیراق بە یەكپارچەیی، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە وەزارەتی دەرەوە، نەك كۆمپانیاكانی نەوت سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتان دروست دەكەن. 

لێكدانەوە چەوتەكانی سەركردایەتیی كورد لێوەشاوەیی ئەو سەركردایەتییە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لێدوانەكانی ئەم دواییەی هۆشیار زێباری، پاشەكشەیەكی روونیان پێوە دیارە. زێباری وەك لێپرسراوی لیژنەی ریفراندۆم وتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی‌و جیابونەوە نییە، بەڵكو بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێمە لەهەر وتووێژێكدا لەگەڵ بەغدا، هەروەها وتی مەرج نییە ریفراندۆم «بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی جیابوونەوەی لێ بكەوێتەوە»‌و وتی ریفراندۆم شتێكە‌و سەربەخۆی شتێكی ترە. لەڕاستیشدا ئەمە پشێوییەكی لە شەقام دا دروست كردووە چونكە شەقام وا تێگەیەنراوە كە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە‌و كەركوك‌و خانەقینیش دەگرێتەوە، كەچی ئێستا ئامانجی ریفراندۆم بۆتە پتەوكردنی پێگەی هەرێم لە وتووێژدا لەگەڵ بەغدا.
خراپترین لایەنی مەسەلەكە ئەوەیە كە كۆبونەوەی سەری رەش بە جیهانی نیشاندا كە كورد لەسەر شێوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و دابین كردنی پێداویستییە یاساییەكانی كۆدەنگ نییە. هەر لەو كۆبونەوەشدا مەسەلەیەكی گرنگی وەك كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و رێكخستنی ریفراندۆم بەپێی یاسایەكی تایبەت زۆر بەسەرپێیی باسی لێوە كراوە‌و راگەیاندراوەكەی كۆبونەوەكە شتێكی وای لێ هەڵدەكڕێندرێ كە لەو ماوەیەدا هەوڵی كاراكردنەوەی پەرلەمان دەدرێ، بەڵام ئەگەر كاراش نەكرایەوە، ریفراندۆم هەر ئەنجام دەدرێ. ئەمە خۆی لەخۆیدا سوكایەتی كردنە بە ریفراندۆم.

هەرێم ناوبانگێكی باشی لە شەڕی دژی داعشدا هەیە. بەڵام ناوبانگی لەڕوی سیاسییەوە باش نییە. هێشتا جیهان نەگەیشتۆتە ئەو باوەڕەی كە كورد شیاوی ئەوەیە خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێ هۆكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكومەتی هەرێم لەژێر قورسایی قەرزەكاندا دەناڵێنێ‌و موچەی كارمەندەكانی خۆی پێ نادرێ. بەردەوامبوونی كێشەی سەرۆكایەتیی هەرێمیش، دەرفەتی دەستاودەست كردنی دەسەڵاتی نەرەخساندووە. پەرلەمانیش دوو ساڵە پەك خراوە‌و ناتوانێ ئەركەكانی خۆی بەجێ بهێنێ. بەشێكی گرنگی سڵ كردنەوەی جیهان لە سەربەخۆیی كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە  كورد نەیتوانیوە كێشە ناوخۆییەكانی چارەسەر بكات. ئەمەش بۆچونێكی وای دروست كردووە كە كورد كێشە چارەسەرنەكراوەكانی خۆی بۆ قۆناغی جیابونەوە دەگوازێتەوە‌و ئەمەش دەشێ سوودانێكی تر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بكات.

پرۆسەی ریفراندۆم هەر لە بناغەوە بە كەموكوڕییەوە دەستی پێ كردووە، تێكەڵ بە بەرژەوەندییە كەسی‌و بنەماڵەیی‌و حزبییەكان بووە، باش كاری بۆ نەكراوە‌و بەرنامەی هەمەلایەنەی بۆ دانەنراوە ئەمەش لەگەڵ خۆیدا ئەم پرسیارە دەوروژێنێ: ئایا كوردستان بەرەو ریفراندۆمێكی بێهوودە ناچێ؟ ئەم پرسیارەش پرسیارێكی تر دەوروژێنێ، ئەویش ئەوەیە كە ئایا ئێمە ریفراندۆمەكەمان ریفراندۆمێكی سەركەوتوو دەبێ یان ریفراندۆمێكی بێهوودە؟

12/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر