پێویستە پارتی سوپاسی شاسوار عەبدولواحید بکات!

ڕەوا بورهان

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دیاریکردنی وادەکەی لە لایەن بارزانییەوە هەرێمی کوردستان کەوتووەتە بەردەم گەورەترین مەترسی لە سێ دەیەی ڕابردووی خۆیدا، لەبەرامبەردا، لەلایەن سەرمایەدارێکی گەنجەوە هەڵمەتی بانگەشە بۆ دەنگدان بە نەخێر ڕاگەیەندراوە بە مەبەستی ڕووبەڕووبونەوەی ڕیفراندۆم کە دەبێت پارتی سوپاسی شاسوار عەبدولواحید بکات لەسەر ئەو کارەی.

هەمیشە ئەوەی بۆ من جێگەی سەرنج بووە لە کەسایەتی شاسوار عەبدولواحید بوێرییەکەیەتی، لە کاتێکدا بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لە ژێر لێوەوە دەڵێن نەخێر، بەڵام ئەو گەنجە بە بێ ترس و بە دەنگێکی بەرز دەڵێت نەخێر، بێگومان ئەمە بوێرییەکی گەورەیە چونکە وەک دەوترێت سەرمایە هەمیشە ترسنۆکە، هەروەها من دڵنیام کە شاسوار هەموو هەوڵێکی خۆی لەو هەڵمەتەدا دەخاتە کار، کە من هەمیشە سەرسامبووم بە وزە بێ ئەندازەکەی لە کارکردندا، بەڵام بە بڕوای من ئەم کارەی شاسوار عەبدولواحید، هەر وەک ئەوە وایە بڵێت بەڵێ.

گومانی تێدا نییە کە عێراق دەمێکە وەک یەکەیەکی یەکگرتوو نەماوەتەوە، وڵاتێک کە بە زۆر دروست کرابێت، درەنگ بێت یان زوو هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام گومان لەوەشدا نییە کە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا نەک توانای دروستکردنی دەوڵەتی نییە، بەڵکو ڕیفراندۆمەکەشی خستوینییەتە بەردەم مەترسی گەورە.

بە تایبەت کاتێک خەونی درەستکردنی دەوڵەت بەستراوەتەوە بە خەونی بەسوڵتان بوون و دیکتاتۆر بوونی خێزانێکی سیاسی، خەونی دەوڵەت لە لایەن هێزێکەوە بەستراوەتەوە بە خەونی کۆتایی هاتنی دیموکراسی، هێزێک کە بانگەشەی دەوڵەت دەکات و باکی بە ژیانی هاوڵاتییەکانی نییە، هێزێک کە دەیەوێت دەوڵەت بە ئاشکرا دروست بکات و گرێبەستە نەوتییەکان بە نهێنی ببەستێت، هێزێک کە ژێرخانی ئابووری ئەم وڵاتەی وێران کردووە، لایەنی کلتوری ئەم وڵاتەی خستووەتە بەردەم داڕمانێکی گەورە، قەیران لەسەر قەیران دەیخوڵقێنێت و ئەو دروشمانەی هەر لە حکومەتی ساوا و دروستکردنی دیموکراسی و کردنی هەولێر بە دووبەیەوە شکستی هێناوە و دەیەوێت دواین بزماریش بە تابووتی دواهەمین دروشمی " دەوڵەتی کوردستاندا" دابکوتێت.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هێشتا وتنی نەخێر لە ڕیفراندۆمدا هەڵەیەکی گەورەیە و ئێمە دەبێت ڕێگای سێهەم هەڵبژێرین، بە خێرایی هەڵەی وتنی نەخێر لە ڕیفراندۆمدا ڕووندەکەمەوە و دواتر ئەوە دەخەمە ڕوو کە دەبێت شاسوار عەبدولواحید بیڵێت.

یەکەم: وتنی نەخێر لە ڕیفراندۆمدا، واتای نەخێر بەرامبەر دەوڵەتی کوردستان کە من دڵنیام نە شاسوار و نەکەس دژی دەوڵەتی کوردستان نییە، بەڵام دڵنیام دژی دەوڵەتێکی فاشی و تۆتالیتاری کورددیە.

دووەم: هاندانی نەخێر لە ڕیفراندۆمدا وادەکات ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردندا بەرزببێتەوە کە ئەمەش دواتر پارتی وەک سەرکەوتنی ڕیفراندۆمەکە دەیخاتە ڕوو ، دەڵێت زۆرینەی هاوڵاتیان بەشدارییان لە ڕیفراندۆمەکەدا کردووە.

سێیەم: لە کاتی هەبوونی کۆمسیۆنێکدا کە بە وتەی خۆیان داتای بەشداریکردنیانی دەنگدەریان نییە، ئەوا دەبێت دڵنیابین کە تەزویراتی گەورە لەم ڕیفراندۆمەدا دەکرێت، هەر بۆیە گومانی تێدا نییە کە بەڵێ دەیباتەوە و ڕیفراندۆمیش بە سروشتی خۆی٥١ + ١ یەکلایی دەکاتەوە.

کەواتە ڕێگای سێهەم چییە، ئەوەی شاسوار عەبدولواحید و ئێمەش لەسەری کۆکین ئەوەی کە ئەم ڕیفراندۆمە جگە لە مەترسی شەڕ و دروستکردنی نەهامەتی و برسێتی گەورە بۆ خەڵک و بەهێزکردنی خواستی تۆتالیتاریزم هیچی دیکەی هەڵنەگرتووە، کەواتە ئێمە دەبێت ڕیفراندۆمەکە ڕەتبکەینەوە.

کاتێک "هەدەپە" لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە دەستوورییەکەی تورکیادا دەنگی "نەخێر"ی بەرزکردەوە ئەو دژی ئەو خاڵانە بوو کە سیستەمەکەی دەکرد بە سەرۆکایەتی بۆیە دەنگی بە نەخێردا، بەڵام لێرە ئێمە دژی دەوڵەتی کوردی نین تا بڵێین نەخێر، بەڵکو ئێمە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەین لە ئێستادا و بەو شێوەیەی کە بانگەشەی بۆ دەکرێت.

بۆیە پێویستە ئەو لایەنانەی کە پێیان وایە لە ئێستادا ڕیفراندۆم مەترسییە، کەمپینی بانگەشەی باکۆتکردنی ڕیفراندۆم ڕابگەیەنن، هەوڵبدرێت ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لەم ڕیفراندۆمەدا کەمبکرێتەوە، تا هاوڵاتیان لەو ڕێگایەوە هەم بە بەرپرسانی هەرێم و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکەش بڵێن کە ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو ڕیفراندۆمدا نیین و بایکۆتی دەکەن، بە کورتی دەمەوێت بڵێم نەخێر وایلێدەخوێنرێتەوە کە ئێمە دژی دەوڵەتی کوردستان بین کە ئەمەش میکانیزمێکی هەڵەیە، بەڵکو میکانیزمی تەندروست بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڕیفراندۆم بایکۆتکردنی ئەو پرۆسەیەیە.

بایکۆتکردنی ڕیفراندۆم ڕێگرییەکی گەورە دەبێت لەبەردەم دواین کارتی پارتی کە دەیەوێت بەشداریکردنی خەڵک لە ڕیفراندۆمدا وەک کارتی فشار بەکار بهێنێت و ئەو کارتە دەکاتە کارتێکی لاواز و وادەکات نەتوانێت سەودا و مامەڵەی پێوە بکات.

بەڵام بە وتنی نەخێر ئەوا ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان بەرزدەبێتەوە لە ڕیفراندۆمەکەدا، ئەوەش هەر ئەوەیە پارتی دەیەوێت و داوای دەکات، بۆیە ئەگەر شاسوار عەبدولواحید و هەموو ئەوانەی بەو شێوەیە دەیانەوێت دژی ڕیفراندۆمەکەی پارتی و هاوئاوازەکانی بووەستنەوە، ئەوا پێویستە پارتی سوپاسیان بکات کە بێ ئەوەی بزانن ئەوەی ئەو دەیەوێت جێبەجێی دەکەن.


02/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر