ئەگەر لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێ چی دەبێ؟

ئارێز عەبدولآ
                                                                                      
هەڵبژاردن زۆر گرنگە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە لە کاتی دیاریکراودا بکرێ. ئێستا بەهۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسیارێکی گەورە کەوتۆتە سەر ڕەوایی بوون و ئاییندەی حوکمڕانی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لە ١٠-٦ هەڵبژاردن بکرێ هەر باشە، چونکە ڕەوایەتی بۆ دامودەزگاکان دەگەڕێتەوە و چاوەڕوانیش دەکرێ  نەخشەکەی بگۆڕدرێ.

بۆ پڕۆسێسی سیاسی ئەوەندە گرنگ نییە، کە لایەنێک چەند کورسیەک کەم  یان زیاد بکا، بەڵام تێپەڕاندنی قۆناغی چەق بەستن و تاكڕەوی ناو پەڕلەمان هەنگاوێکی گەورە دەبێ، کە پێدەچێ ئەو هەلومەرجە بێتە پێشەوە. 

پێشبینی دەکرێ لەم هەڵبژاردنە هیچ هێزێک نەتوانێ زۆرینە بەدەست بێنێ. بۆ دروستکردنی زۆرینەی پەرلەمانیش ڕەنگە دوو هێز  یان زیاتری بوێ، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکەش لەبەر چەند هۆکارێک یەکێتی و پارتی لەیەکتری دوور کەوتونەتەوە و هەڵوێستە جیاوازەکانی ماوەی ڕابردووشیان ئەوە نیشان دەدەن کە ئەگەر لە هەندێ بواریش هاوپەیمان بن، بەڵام ئەستەم دەبێ وەکو جاری جاران ڕێکبکەونەوە و بەیەک ئاراستە وڵات بەڕێوەببەن. تەنانەت ئەگەر بتوانن بەیەکەوەش حکومەت پێک بهێننەوە ئەوا لەناو پەرلەمان ململانێ سیاسی و جیاوازیەکانیان هەر دەمێنن. ئەو جیاواز و ململانێیەش دەبنە هۆکاری بەهێزکردنەوەی ڕۆڵی پەرلەمان، ئەو کاتیش هیچ لایەنێک ناتوانێ ویست و خواستی خۆی بسەپێنێ، بەڵکو دەرکردنی یاسای نوێ یان هەموار کردنەوەی یاسا کۆنەکانیش پێویستیان بە لایەنەکانی تر دەبێ، واتا لەم قۆناغەی دێ، ئەگەر لایەنەکانی تر کەمینەش بن ڕۆڵیان لە چاودێریکردنی کاروبارەکانی حکومەت و دەرکردنی یاساکان زۆر زیاتر دەبێ، بەو هۆیەشەوە بەشێوەیەکی گشتی پەرلەمان کارا و کاریگەرتر دەبێ. ئەگەر لایەنێک یان چەند لایەنێکیش هەژموونیان کەم بێتەوە و پێی نیگەران بن هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ، چونکە لە ئەنجامدا بەهێز بوونی پەرلەمان لە بەرژەوەندیی تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و سیستەمی سیاسی و حوکمڕانیش دەچێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر.


06/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر