شێوازی ژیان

خەلآت عومەر

30
(ئەلبێرت كامۆ)ی بیرمەندی فەرەنسایی لە كتێبی (ئەفسانەی سیزیف)دا جوانی هۆنیوەتەوە "هیوا چەشمەكێكە بۆ ئەوەی نەهامەتییەكانی ژیان نەبینین."
تۆ بانگهێشت نەكراویت بۆ ئەوەی لەم ژیانەدا چۆنت دەوێت بیگوزەرێنیت، چیت دەوێت بیخوازیت و ئەوە ببەیتەوە كە دەتەوێت.
مرۆڤژیاریی ئەرك و باری گرانییە، لەمە زیاتر درۆودەلەسەیە. بیرمەند و هۆشمەند و هۆنەران دنیات بۆ دەڕازێننەوە و چەپكەگوڵ و رێحانەشی بە بەرۆكەوە دەكەن!
دەركەوتووە زۆر لەوانەی نووسەر و هۆنەروان بوون و بە پای ڕۆشنگەرییاندا هەڵداوە، بەكرێگیراوی قەڵەم بوون و كۆمەڵێك سەرمایەدار تاویان داون، بۆ ئەوەی مرۆ تەفرە بدەن، دەنا دروشمی وەكوو ئازادی و دادوەری و یەكسانی و برایی بە دیوی زۆریدا جگە لە تەفرەدان هیچی دیكە نییە. مرۆڤ كەی ئازادن و كەی دادوەریی هەیە؟
ئەمە ناكاتە ئەوەی كار نەكەین بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و دادوەری، بەڵام دەبێت بێینە كایە و ڕاستگۆ بین و كەس تەفرە نەدەین، بە دەنگی زوڵاڵ بڵێین "ژیان لەوە قورس و گرانترە بە درۆ و تەفرەدان بیڕازێنینەوە"
(كارل ماركس) نووسیویە "بەبێ‌ ئەرك و كار مرۆڤبوون پڕوپووچییە."
دێیتە كایەوە و بارت گران دەبێت. دەشێت بەرگە بگریت و ئەگەر دەردودووشت تووش هات، نەچەمێیت و نەپووكێیتەوە.
زۆر دێنە سەر ڕێگات و پێت دەڵێن "ئازایت و هیچ نییە بەچۆكدا مەیە"
گوێم لێ بگرە و بزانە "چۆكت دەشكێنن"
بەچۆكدا نایەیت، بەڵام بێكەس دەكەویتەوە. كەسیش بەلاتەوە نایەت، خۆت دەبیت و كەسیش لێت ناپرسێتەوە.
ماڵم كەوتووەتە گۆشەیەكی پچووكی ئەم دنیایەوە، دەمەوێت زۆر و هەمە بخوازم، دەشمەوێت بێ‌ پەروا بم و شێوازێكی ژیانی ساغڵەم بگوزەرێنم، بەڵام ئەمە هەموو شت نییە. ئەمە كۆتایی دنیا نییە و گوایا من باشم، بەڵام ئەمە باشی نییە و من ژیانم پڕی شاشییە.
نازانم شێوازی ژیانی خۆم چۆن باش بكەم و چی بۆ خۆم بهۆنمەوە، بۆ ئەوەی ئەم شاشییە تێ بپەڕێنم؟
جارجارە خۆ دەلاوێنم و بێ دەنگ دەبم و هیچیش ناڵێم، بۆ ئەوەی بەلای كەمۆكەی كەمەوە بە خۆم بڵێم:
"هیچ خراپیم نییە"
باشە "جا بۆچی من خراپ نیم و شاشیم نییە، یان هەمووشت خراپە و پڕ شاشییە؟"
ئەمە هەر ڕوانین و لێكدانەوەی هزرە، دەنا من نە خراپم و نە شاشم و هیچ كێشە و گرفتیشم نییە.
مرۆ زۆر پووچگەرای مێشك و مەغزە و دەیەوێت بڵێت: "من خراپم، دەردەدارم و كێشە و گرفتم هەیە."
وا بە خۆمدا دەچمەوە و خۆ دەبەزێنم و دەمەوێت و دەخوازم كێشە و گرفتم نەبێت و خۆشی بگوزەرێنم و بە خۆم بڵێم كێشەم نییە.
گوێ‌ لە خۆم ناگرم و هەردوو گوێچكەی زلم بەخشیوە بەوانێك، كە پێم دەڵێن "هەمووشت شاشی و خراپییە"
با چیرۆكێك بگێڕمەوە، بزانە چیم بەسەر هاتووە:
دەچوومەوە بۆ ماڵە بچكۆلەكەم، دەبوو كابانێك هەبوایە پێشوازیم لێ بكات و دوان سیانێك لە منداڵ بەپیرمەوە بێن و بملاوێنەوە و خواردنی گەرموگوڕم پێشكەش بكەن.
ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە كەس لە ماڵ نییە. كابان نەخۆشە و و نەساغە، منداڵیش هەریەكە لە تەمەنێكدان و بە پێودانگی زانستی ناتوانی بڕیار لەسە بارودۆخی دەروونییان بدەیت، بۆچی گەرموگوڕ نین لە پێشوازیكردنتدا، ئەوە شاشی و خراپییە؟
هەستەوەری خانۆچكەی هزر و بیركردنەوە و ئاوەزت بچووك دەبێتەوە بۆ ئاستی بچۆكەی منداڵی بێ‌سەروسەدا، كە هیچ ئەزموونیان نییە، تۆش لەوێوە بڕیار دەدەیت!
بێ گومان نایپێكیت و بڕیاری هەڵە دەدەیت. جا بزانە دوای ئەوە چیت بەسەر دێت، كە بە هەڵە بڕیار دەدەیت؟
لەمەوبەر ناوی بیریار و فەیلەسووفم بۆ ژماردوویت، بۆ ئەوەی بۆت باس بكەم، بەرزكردنەوەی خەیاڵت بۆ چاوەڕوانیی باشبوون، حاڵەتی نائومێدیی لێ دەكەوێتەوە.
خەیاڵی خۆت تەفرەت دەدات، گوایا سبەینێ‌ هەموو شت باش دەبێت. هەر كە دەگەڕێیتەوە ماڵەوە، هاوژین و منداڵ بەپیرتەوە دێن و دەتلاوێنن و خۆش دەیگوزەرێنیت و دەتلاوێننەوە!
وا نابێت و ئەوەی خەیاڵت هۆنیبوویەوە جۆر نابێت. تۆ پێت وایە هەموو شت خراپە و بڕیاری ناخۆش سەبارەت خۆت و گوزەرانت دەدەیت.
لەم ماوەیەدا كتێبێكی گرنگم خوێندەوە، بەشێكی ناوی (خۆدانە بەر قامچی) بوو، ناوی كتێبەكە گرنگ نییە، بەڵام كە ڕِستەكانم دەخوێندەوە، گوێم لێ بوو شریقەی قامچی بە ڕووتەڵانی پشتمەوە وەك برووسكە دەچریسكێنەوە.
ئەم خۆدانە بەر قامچییە و ئەم خۆتێكشكاندنە سوودی چییە؟
با زۆر نەخوازین و زۆر خەون نەبینین و زۆریش هیوادار نەبین بە ژیان، بە تۆزۆكەی خۆشی شێوازێكی ژیان بگوزەرێنین، كە سەروسامانی ئەوەیە، خۆشییەكی تێدایە مەرجدار نەبێت بەوەی نموونەییە.
سەبارەت شێوازی ژیان وا زۆرم هۆنییەوە و گەیشتوومەتە ئەوەی ئەڵقەی (30)یەم تۆمار بكەم، نامەوێت درێژەی بدەمێ‌ و لێرەدا كۆتایی پێ دێنم و ئەگەر ئاو لەدووی بێڵم هات، دەیكەمە كتێب.
دەتویست لەم سی ئەڵقەیەدا من پێت بڵێم "بە قسەم بكە و شێوازی ژیانت بەو شێوەیە بگوزەرێنە، كە من پێت دەڵێم زۆر باشە"، نا نە من وام و نە واش دەكەم.
شێوازی ژیانی خۆم نموونەیی نییە، تا كەس فێر بكەم، تەنیا هەر ئەوەندە بوو فێر بووم ئەگەر شتێكم زانی، بۆ كەسانی دیكەی باس بكەم. سوودی هەبوو چاكە، نەیبوو باسی ئەزموونی نەزانیم تۆمار دەكەم.
ڕاگەیاندنی نەزانین، دەرگا بۆ سەرەتای هۆشمەندی و پەیبردن بە زانین دەكاتەوە.
لەناو تاریكیدا بێ‌ تەفرەدان چرایەك دادەگیرسێنێت، بێ‌ گومان دونیا ڕۆشن ناكاتەوە، بەڵام دڕ بە تاریكی دەدات.
نائومێد نابم و هەمیشە لە كۆتاییەوە دەست بە سەرەتایەكی دیكە دەكەمەوە.
خۆم بەوەدا هەڵدەواسم چرا بدۆزمەوە.
نایدۆزمەوە و دەكارێم هەوڵ بدەم بیدۆزمەوە. ژیان و شێوازی چاكی، جگە لە هەوڵی دۆزینەوەی زانین هیچی دیكە نییە.
دەتەوێت وەڵامت بدەمەوە؟
داوای وەڵامم لێ‌ مەكە و بەدوای چاكەوە بە، زۆر شتت دەست دەكەوێت و زۆرریش دەچنیتەوە، لە وەڵام بەدەستهێنان بایەخدارترە!.
ماڵئاوا تا لە شوێنێكی دیكەوە دەست پێدەكەینەوە.

30/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر