پاشەكەوت بدەنەوە، ئینجا قەرز وەربگرنەوە

مەم بورهان قانع
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، لە هەوڵی ئەوەدایە، لە مانگی داهاتوەوە، قەرزی پێشینەی خانوبەرەی سەر موچەخۆران لە رێژەیەك لە موچەكانیان ببڕێت، ئەمە لە كاتێكدایە هەر فەرمانبەرێكی ئاسایی، چەندین ملیۆن دینار پاشەكەوتی موچەی لەلای حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

ئێمە لە فراكسیۆنی "نەوەی نوێ‌" لە پەرلەمانی كوردستان، لە پڕۆژە یاسایەكمان دا بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان، كە دوێنێ‌ (26/ 3/ 2019) پێشكەشمانكرد، پێشنیازمان كردوە: دەبێت قەرزەكانی ئاو و كارەبا و پێشینەی خانوبەرە و هەمو ئەو باجانەی دیكە، كە وەكو قەرزی حكومەت لە لای موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كەڵەكەبوە، هەر هەموی لە بەشێكی ئەو پارە پاشەكەوتەی موچەخۆران ببڕدرێن، كە سێ‌ ساڵە لەسەر حكومەتی هەرێم كەڵەكەبوە و تائێستا دینارێكی نەداوەتەوە بە موچەخۆران.

دەبێت بەر لەوەی حكومەت بە پەلە بێت بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی، پاشەكەوتە كەڵەكەبوەكانی موچەخۆرانی غەدرلێكراوی هەرێم بداتەوە، كە بڕیاری بەناو "پاشەكەوتكردن!"ی موچە، بڕیارێكی نایاسایی بوە، سەرەڕای ئەوەی تاوانێك بوە و بەرانبەر بە موچەخۆران كراوە.

هەر رێنماییەكی وەزارەتی دارایی هەرێم، یان حكومەتی هەرێم؛ بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی سەر موچەخۆران، بێئەوەی پاشەكەوتە كەڵەكەبوەكانیان بداتەوە، بڕیارێكی نابەرپرسیارانەیە و دەبێت بێدەنگیی لێنەكرێت و ئەولەوییەتیش بۆ دانەوەی پاشەكەوتە كەڵەكەبوەكانی موچەخۆران بێت، نەك دانەوەی قەرزەكانی حكومەت. وەكچۆن دەبێت دانەوەی ئەو قەرزانەی حكومەت، لە چوارچێوەی پاشەكەوتە كەڵەكەبوەكاندا بێت.

29/03/2019



وتارەکانی تری نوسەر