ئامادەگی کەمی ژنان لە خەباتی سیاسیدا!

دلێر محەمەد


بەشداری  سیاسیی، واتا مرۆڤ کاتەکانی بە بیرکردنەوە و شیکردنەوە و چالاکی و بڕیاردان بەسەر ببات. بۆ ئەم پرۆسەیەش، مرۆڤ پیویستی بە مۆتیڤ و کاتە.

 مۆتیڤیش واتا پاڵنەر، ئیدی پاڵنەرەکە ناوەکی بێت یاخود دەرەکی بێت، گرنگی بێپایانی هەیە لەوەی وا لە کەسەکە بکات کە کردەی چالاکی سیاسی بە ئەرکی خۆی بزانێت.

مرۆڤ چ پیاو چ ژن بوونەوەری بزۆک و بیرکەرەوەن. مرۆڤەکان لە دانیشتنەکان و کۆڕ و کوبوونەوەکانیاندا، تەنانەت لە وتووێژەکانی ژنانی سەر تەنوربان و ژنانی گەڕەکیش، هەمیشە خەریکی لێکدانەوە و شیکردنەوەو بیرکردنەوەن لە دۆخی گشتیدا. ئەوجا بەرهەمی ئەم بیرکردنەوانەش سادە و مەودا کورت بن یان نا. بۆئەوەی بیرکردنەوەکانیش کاریگەر بن پێویستیان بە پاشخانی مەعریفی و تاقیکردنەوە کەسییەکان و گەڕانی فیزیکی و نافیزیکیش هەیە. لەوانەش گرنکتر، تەرجەمەکردنی ئەنجامەکانی ئەو تێفکرینەیە بۆ دەنگ و ڕەنگ و چالاکی، تاکو بگاتە ئەوانی دیکە و خەڵکانێک لە دەوری دروشمەکانی ئەو تێفکرینە کۆبکاتەوەو کاریگەری و گۆڕانکاری دروست بکات.

ئێستاش بەکورتی دەپرسم، کە ئایا ژنی کور بەهەمان شێوەی پیاوی کورد ئازادە لە گەڕان و تاقیکردنەوەی کەسی و لە بەدەستهێنانی پاشخانی مەعریفی و لە جورئەتی تەرجەمەکردن بۆ چالاکی و ئاکت؟

ئەگەر بزانین کە سیستمی پەروەردەی نەریتی ئایینی و پەروەردەیی کۆمەڵگای کوردی ناهەقی و جیاکارییەکی کوشندە دەکات لە نێوان ڕەگەزی کوڕ و کچدا. بەوەی هەر لەو کاتەوەی کوڕ سمیڵ بۆر دەکات، ئیتر پانتایی ئازادییەکانی بەرەو فراوانی هەڵئەکشێت بەرانبەر بە کچ. کچانیش هەر لەو کاتەوەی کە مەمکەکانیان وردە وردە گەشە دەکەن، ئیتر ئازادییەکانیشیان،  وردە وردە ڕووەو تەسکبوونەوە دەڕوات. ئەمە یەکەم ڕێگری ژنانە لە بەدەستهێنانی پاشخان و تاقیکردنەوەو گەڕان و هۆکاری کوشتنی مۆتیڤیشە بەوەی کاری بیرکردنەوە و تەگبیر و چالاکی سیاسی ژیان بۆ پیاوان جێبهێڵێت.
فاکتەری کات زۆر گرنگە؛ ئایا ئەرک و وەزیفە کۆمەڵاتییەکانی ژیان هەر لە چێشتخانە و ساڵۆنی لەدایکبوونەوە تا دەگاتە گارگە گەورەکانی تەکنەلۆجیا و ژوورەکانی بڕیارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی و مەعریفییەکان، بەیەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا دابەشکراوە؟ ئایا فرەکاتی پیاو بەهی ژن بەراورد دەکرێت؟

وەڵام و شیکردنەوەی ئەو پرسیارانە، ئەو نیشانەی پرسیارەی سەرەوەمان بۆ دەگۆڕێت بە خاڵ. دەنا هەموو ئەو بیرکردنەوە سیاسییانەی پیاوێک دەرزی ئاسا ئەیانژەنێ لە دونیای سیاسییدا، بۆ واڵاکردنی دەرگای چالاکییە سیاسییەکان؛ ژنێکیش دەتوانێت سوژن ئاسا هەمان شت بکات.

لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بەڵێ بێ گوومان، کەمی بهشداری ژنان لە چالاکی سیاسیدا، کێشەیەکی گەورەیە. چونکە گەر لە ڕووی زمانەوانیەوە لە وشەی مرۆڤ بڕوانین دەبینین، لە هەموو زمانەکانی دونیادا مرۆڤ بەواتای ژن و پیاویش دێت! تۆ کە دەڵێی مرۆڤێک هات..، مرۆڤێک شتێکی وت یان کردی..! ئەوا دیار نیە ژنە یان پیاو. کاتێکیش فۆڕم و خەسڵەتی ئەو مرۆڤە دیاری دەکەیت، ئیتر ژنێتی و پیاوێتی مرۆڤەکە لێرەوە دەردەکەوێت. ئاشکرایشە ئەو لەتەمرۆڤەی تا ئێستا و بە درێژایی مێژوو لە کایەی سیاسییدا بڕیار بە دەست بووە، پیاو بووە. کەواتا یەک جۆر خەسڵەت و تایبەتمەندێتی مرۆڤ بڕیاری لە سیاسەت و مێژووی مرۆڤایەتی بە مێ و نێریشەوە داوە. دەرئەنجام گۆی زەوی ئەمڕۆ کە ئیرەیی پێ نابرێت لە کاولکاری و پیسبوون، بە پەتای جەنگ و کێشە ژینگەییەکان، هەمووی بەرهەمی بڕیار و مەعریفەی پیاوە. ئاخۆ ئەگەر ژنان وەکو لەتە مرۆڤەکەی دیکە، بە نیوە بەشی خۆیان بەشدارییان ببووایە، ئەوا ئەو بەرئەنجامە بەرهەمهاتووە، کە بە تەنها بە خانەکانی مێشکی پیاو پێی گەیشتووین، بەم شێوەیە دەبوو؟ ئایا گەردوون هەر بەم پۆخڵییەی ئێستای دەبوو؟

ئێستاش کە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە جێگەو پێگەی ژنان لە کایەی سیاسیدا کەمە یاخود ونە، هۆکاری سەرەکی پەیوەستە بە ژیانی نا ئازادی ژنانەوە. ئازادی ژن لە هەموو کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی لە دونیادا، بە گشتی سنوردارترە لە ئازادی پیاو. ئەمە هێندەی پەیوەندی بە وێرانەی هزری وەحشەتناکی پیاوەوە هەیە بۆ جەستەی ژن، هێندە پەیوەندی بە خودی فۆڕمە ورووژێنەرە سێکسییەکەی لەشی ژنەوە نیە. تۆ تەماشاکە تەنانەت باوک و دایکی کوڕ و کچێکی، خێزانێکی ئەوروپیش، لە چوونەدەرەوەی کچ و کوڕەکەیان لە نیوە شەودا بۆ سەنتەری شارە گەورەکان، بە یەک ئەندازە دڵەڕاوکێ و ترسیان نیە. بەڵکو دڵڕاوکێیان بۆ کچەکەیان زیاترە لە کوڕەکەیان. ئەمەش بە هۆکاری ئەوەی کە مێینە، زیاتر  رووبەڕوی دەستدرێژی ئەبنەوە، تا نێرینەکان. تۆ تەماشای کەمپەینی "می توو" بکە کە دەریخست، تەنانەت ژنانی ناودار و پلە بەرزی کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکانیش، پارێزراو نەبوون لە دەست درێژی و تەماعی پیاوان. جا ئەم ترس و دڵەڕاوکێیەی پیاوان، لە چارەنووسی ژنان و کچانی خێزانی خۆیان، هەزاران جار زیاترە، لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا. ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ جیاکردنەوەی نێر و مێ لە قۆناغەکانی سەرەتای ژیانەوە و بە نامۆکردنی ئەم دوو لەتە مرۆڤەیە لە یەکترییەوە. به مەش هەم تەماشای پیاو وەحشەتناکتر دەبێت بۆ ژنان و هەم ژنانیش زیاتر ڕوو بە ڕووی دەستدرێژی دەبنەوە. تۆ چاوەڕوانی چی لە زۆرێک لە پیاوانی ڕۆژهەڵاتی ئەکەی کە بۆ یەکەم جار لەشی ئافرەت بە ڕووتی، لە ڕۆژی هاوسەرگیریدا بینیبێت؟ ئاخۆ چ گەرەنتییەک بۆ کچانی هەرزەکار و گەنج هەیە کە پیاوانی هاوشانیان، لە شانۆی سیاسیدا دەست درێژییان نەکەنە سەر؟ ئایا هەموو ئەم هۆکارانە وایان نەکردووە کە ژنان پێویستیان بە مۆڵەت پێدان و چاودێری برا و باوک و مێرد بێت، لە بەشداری کردنیان لە کایەی سیاسیدا؟ ئاخۆ بۆ دابین کردنی کەشێکی  ئاسایش بۆ بەشداری سیاسی ژنان، پێویستمان بە پاراستنی ژنانە لە دەستدرێژی یاخود بیناکردنەوەی ئەخلاقی پیاوانە و ئاشناکردنەوەیانە بە لەتەکەی دیکەی مرۆڤ بوونی خۆیان؟

هەموو دەرئەنجامەکانی چالاکی سیاسی پیاوانی کورد، لە کۆمەڵگەی سیاسی و ناوەندی بڕیاردا، بە دڕێژایی مێژوو، سەلماندوویانە کە، بەرهەمەکەیان ئیفلیج و ناتەواو بووە. هەر ئەمەشە گرنگی بەشداری ژنانمان لەو کایەیەدا بۆ ئەسەلمێنێ. هەر بۆیە دەبێت هوشیاری کۆمەڵایەتی بڵاوبکرێتەوە لەم بارەیەوە. هەروەها دەبێت خێزانەکان دووبارە بە میتۆدەکانی پەروەردەیی خێزانی خۆیاندا بچنەوە. دەبێ خێزانەکان هانی کچان بۆ بەشداری لە چالاکییەکانی ژیان بدەن و کوڕانی نێو خێزانیش، بە توانا و گاریگەری کچان ئاشنا بکەن و گیانی هاوبەشی و کچ قبووڵکردنیان تیا ببووژێننەوە.

 ئەبێ خێزانی کورد هەر لە تەمەنی ساواییەوە، کچان و کوڕان لە سەر بنەمای یەکسانی و وەکیەکی پەروەردە بکەن. ئەبێ هان بدرێن کە ئەشێ کچانی ناو خێزانیش توڕە ببن، دەنگ هەڵبڕن، بڕیار بدەن، دەنگیان لە نێو خێزاندا ببیسترێ. ناکرێ بە بێ ئەوەی ئەرکی پاسەوانی کوڕانی نێو خێزانێک بۆ کچەکانیان تۆخ بکەیتەوە و چاوەڕوانی بەشداری کچان بیت لە چالاکی سیاسی و بڕیارداندا لە داهاتوودا، چونکە تۆ هەر لە مناڵییەوە کچەکانت بەوە ڕاهێناوە ئیتر نێرینەکانی خێزان بڕیار لە جووڵە و مەودای هاتووچۆکانی تۆ دەدەن، بەدەڕ لە جیاوازی تەمەنیش. ئەشێ تەنانەت کوڕ  ببێ بە پاسەوانی دایکی بێوەژنی خۆیشی. بۆیە هەتا سمێڵەکان لە ڕەمزی گەورەیی و دەسەڵات و کامڵ بوونی عەقڵ نەخرێن، خاوەن مەمکەکان دەبێ هەر گرمۆڵە بکرێن و بشاردرێنەوە لە گۆڕەپانی سیاسەت و بڕیاردان.

باوەڕ ئەکەم ئەو ئەزموونە پێشتر لە خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی کوردە چەپەکانی ڕۆژهەڵات و باشوردا، لە چلەکانەوە بۆ هەشتاکانی سەددەی ڕابردوو بەرپاکرا، سەرەتایەک بوو بۆ خەبات و تێکۆشانی سیاسی و سەربازی تێکەڵاو. دواتر لە نێو ڕیزەکانی پەکەکەدا لە هەشتاکانەوە تا  ئەمڕۆش بە بەرنامەتر پیادەکرا. ئەمڕۆش لە خەباتی کوردانی ڕۆژئاوادا، نەک هیچ جۆرە جیاوازییەک لە نێوان نێر و مێ نەماوە، بگرە لە زۆر شوێندا ئەوەی بە یەکینەکانی پاراستنی ژنان کراوە بە یەکینەکانی پاراستنی پیاوان نەکراوە. هەموومان لە بیرمانە کە چەکدارانی داعش چ ترسێکیان لە قارەمانێتی ژنان و کچانی ڕۆژئاوا لە دڵا بەرپابووبوو. جگە لەمەش لە خەباتی سیاسی پەتیشدا و لە سیستمی هاوسەرۆکیدا چارەسەرییەکی تەواو و تەندروستییان بۆ ئامادەنەبوونی ژنان لە کایەی سیاسی و خەباتی شۆڕشگێڕیدا دەستنیشان کردووە. زۆر بە ڕاشکاوی ئەتوانم بڵێم کە ئەو جێگەیەی لە خەباتی سیاسی و چەکداریدا لە نێو کوردانی ڕۆژئاوادا بە ژنان بەخشراوە، تەنانەت لە وڵاتە هەر پێشکەوتوو و کراوە و مۆدێرنەکانیش پیادە نەکراوە.

تێبینی/ ئەمە پوختەی وەڵامی چەند پرسیارێک بوو کە هاوڕێ سۆران کۆستە ئاراستەی کردم تا لە بڵاوکراوەی ئۆمێد سودی لێ ببینن. لە دوای ڕەزامەندی بەڕێزیان و گرنگی بابەتەکە بە پێویستم زانی بڵاوبکرێتەوە.


05/02/2024



وتارەکانی تری نوسەر