یە ئۆینەرەم یە زیفلەرەم

دلێر محەمەد

ئەوەی مناڵی کەرکوک بێ، لەو ناونیشانە باش باش تێدەگات. ئەو دەستەواژەیە، دەستەواژەیەکی تورکمانییە و لە هەشتاکان و پێشتریش لە نێو مناڵانی کورد و تورکمان زۆر باو بوو. ئەوە جگە لە نێو مناڵەکان، گەورەکانیش بە کاریان دەهێنا.  واتاکەشی بە کوردی (یان بەردەوام یاری ئەکەم یان تێکی دەدەم!). ئەو دەستەواژەیە ئیدیۆمێک بوو، هەمیشە مناڵە دۆڕاو و بێ تواناکان بەکاریان دەهێنا. بۆ نموونە کاتێک کۆمەڵە مناڵێک ئەکەوتنە پێشبڕکێ لە یارییەکدا و یەکە یەکە ڕکابەرەکان ئەکرانە دەرەوە، بێ دەنگ لێی دادەنیشتن و چاوەڕوانی کۆتایی گێمەکە و تاکە براوەی کۆتاییان دەکرد. هەتا ئێرە یارییەکە دیموکراتیانە بەڕێوە دەچوو. بەڵام هەندێک جار یارییەکە بە هۆی کەسێکی دڕدۆنک  و بێ توانا و نەفام تێک دەچوو. ئەمەش بە هۆی ئەوەی بەرگەی دۆڕانی نەدەگرت و نەیدەتوانی دابنیشێت و تەماشای براوەکان بکات. هەر بۆیە وڕکی ئەگرت و یارییەکەی تێکدەدا و بەم جۆرە ڕێگەی لەوە دەگرت کە براوەی ڕاستەقینە دەر بکەوێت. 

جا ئەگەر ئێمە واز لەو دەستەواژە تورکمانییەکە بهێنین و لەوەش بگەڕێین کە ئاخۆ ئەو ئیدیۆمە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، دەتوانین هەر لە ئەدەبییاتی خودی حزبێکی وەکو پارتی، هەمان ئیدیۆممان بە کوردی دەست بکەوێت. لە دوای ئاشبەتاڵ ئیدریس بارزانی وەکو ئاماژەیەک بۆ تێکدانی هەر شۆڕشێک کە خۆیان ڕابەرایەتی نەکەن وتبووی "گەر شۆڕشمان پێ نەکرێت، شۆڕشمان پێ تێکدەدرێت". هەر واشیان کرد لەو کاتەوە خەریکی شۆش تێکدانن. هەر خەریکی تێکدان (زیف کردن)ی یارییەکانن.

 گەر بە خێرایی بە مێژووی پارتیدا، لە دوای ئاشبەتاڵەوە بچینە خوارێ، لە پڕۆسەی تێکدانی شۆڕش و ڕاپەڕینەکان و گەمە سیاسییەکان و پڕۆسەکانی دیموکراسیدا. گەر هەر ناوونیشانەکان ڕیز بکەین، دەیان نموونەمان بۆ دەردەکەوێت: کارەساتی هەکاری، شەڕی ناوخۆی سەردەمی شاخ،  گزییەکانی هەڵبژاردنی کوردستان لە ١٩٩٢ و پەنجا بە پەنجای حوکمڕانی لە گەڵ یەکێتیدا و کوشتنی گیانی ڕکابەری،  دەست بە سەراگرتنی داهاتی ئیبراهیم خەلیل و جەولەی نێو شارەکانی شەڕی ناوخۆ،  خیانەتی ٣١ی ئاب. مۆرکردنی  پەیماننامەی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتی و کوشتنی پرۆسەی ڕکابەریی دیموکراسی، شەری درێژخایەنی پارتی - پەکەکە لە سەر ڕابەرایەتی و شۆڕشی نەتەوەیی و ناوچەی دەستڕۆشتوو،  تێوەگلانی یەکێتی و سەرکردەکانی لە سەفەقاتی پارە و گەندەڵی، دیسان لە پێناو کوشتنی گیانی ڕکابەری سیاسی، پەلاماردانی بارەگاکانی یەکگرتوو لە بادینان وەکو چاوترساندن و ڕێگری کردن لە تەشەنەسەندنی یەکگرتوو لە ناو دڵی زۆنی زەرددا، داخستنی دەرگای پارلەمان بە ڕووی سەرۆکی سەر بە گۆڕان لە دژی بڕیارەکانی پارلەمان لە دژی سەرۆکی پارتی،  دژایەتی کردنی پەیماننامەی دەباشان،  ڕیفراندۆم و دەرهاویژتەکانی تەنها لە پێناو پاراستنی شکۆی سەرۆکێک و مانەوە وەکو ڕابەری نەتەوەیی، بایکۆتی یەکێتی لە سزای پشتگیری نەکردنی تەواوەتی بۆ ڕیفراندۆمەکەی بارزانی، سزادانی یەکێتی لە کەرکوک لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە و ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەن بۆ دیاری کردنی پارێزگارێکی دیکەی یەکێێتی لە جیاتی ڕاکان جبوری، ئاژاوەنانەوە و پشێوییەکانی ئەم دواییەی گەڕەکی ڕەحیماوای کەرکوک، بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە، ڕێگری کردن لە یەک لیستی و یەک دەنگی لە هەڵبژاردنەکانی کەرکوکدا و ڕێکنەکەوتن لە سەر دانانی کوردێکی سەر بە یەکێتی بە پارێزگاری کەرکوک لە جیاتی عەرەبێکی شۆڤێنی. هەموو ئەمانەی سەرەوە و زۆری دیکەش پێمان دەڵێن کە پارتی حزبی گرێ کوێرەکانە، نەوەکو بەشێک لە چارەسەر. 

 
 هەر کاتێک یارییەکی سیاسی بە ئارامی کۆتایی هاتبێت ئەوە بە واتای ئەوەبووە کە پارتی براوەی یەکەم بووە. ئەگەر پێکەنینی کۆتایی بۆ پارتی نەبووبێ، هەرگیز پارتی نەیهێشتوو کەسێکی دیکە پێبکەنێت. 

بە کورتی و بە کرمانجی پارتی حزبی هێزە نەک جەماوەر، حزبی دەسەڵاتە نەک ئۆپۆسزیۆن. پارتی نە بەرکەی دۆڕان ئەگرێ و نە برا بچووکی قبووڵە. بەڵکو پارتی هەر حزبیش نیە،  پێکهاتەیەکی خێڵەکییە، خوێنی خۆبەزل زانینی خێڵەکی بە دەمارەکانیدا هاتوچۆ ئەکەن. پارتی لەوەتەی هەیە یان خاوەن حزب و سەرۆکی ڕابەر بووە، یان نەیهێشتووە کەس ئەو ناونیشانانەی لێ زەوت بکات، دەنا مێزەکەی بە سەردا وەرگێڕاوە. ئەوەی ماوەتەوە لێرە ئەوەیە کە ئاخۆ هەلومەرجی ئەمجارەی گەمەکە ڕێگە بە پارتی دەدەن یارییەکە لەوانی کە تێک بدات؟

19/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر