دوو ژەنەڕاڵ لە پاییزی نشتیماندا

دلێر محەمەد

دونیای سیاسەت و هونەری کوردی، دوو دونیان کە هەمیشە و هاوتەریب لە ژیانی کۆمەڵگاو میللەتی ئێمەدا، پێ بە پێ ڕووداوەکان کاریان کردووە و بەرهەمیان داوە. پێکەوە لە جوانترین و بە بەهاترین بەرهەم و شاکاری هونەری و ئەدەبی و تابلۆی سیاسیان بەخشیوە تا قێزەونترین و ناشرینترینشییان. پێکەوە لە سەرکردە و هونەرمەند و ئەدیبی ژەنەڕاڵ و مەزنی مەیدانی سیاسەت و جەنگ و تەختەی شانۆ و مەیدانی سەر پەڕەی نووسینیان بەخشیوە و لە تەک ئەمانیشدا سەرکردە و هونەرمەند و ئەدیب و نووسەری موزەیەفیشییان بەخشیوە لە مەیدانی سیاسەت و خەباتی پێچەوانەی خوستی گەل  و مەیدانی هونەر و ئەدەبی دوور لە چێژی ڕەسەن و گشتی و دوور لە مەعریفەی باوی جیهانیش. جۆرێک ژەنەڕاڵی سیاسیان بەخشیوە کە بە نەجمە و داڵی سەر سینی بەخشینەوە بوون بە ژەنەڕاڵ نەک بە توانا و بە سەلیقەی سیاسی و جەنگی. جۆرێک ئەدیب و هونەرمەند ئەم لەقەبەیان پێدراوە بە هۆی گۆترە نووسین و گۆترە هونەر و گۆترە ئەدەبی تێپەڕ و بێ چێژ و بێ سوودی بێ بەری لە دونیای چێژ و کارتێکردن.

 
ئەم دونیا نادادپەرەوەرەی سیاسەت ژەنەڕاڵی مەزڵومی وای بەخشیوە کە بێ پشت و پەنا و خۆڕاگرو نەدارو بێدارو پاسەوانی گەل و میللەتی خۆی و دەرووزەکەری هەر هیوا و هەر دەرچەیەک و لە ناو جەرگەی مەیدانی جەنگ لە سەر خوانی هەژارانەی نان و تەماتەی بەر پشتوێنی کچ و کوڕە جەنگاوەرەکانی و لە نێو چاوە هەڵوەریوکان و دەست وقاچە پەڕیوەکان و مناڵە سووتاوەکانەوە ، سەفەری دیداری سەرۆکە هەرە گەورەکەی دونیا ڕەتکردۆتەوە. بەڵام هەمان دونیا سەرۆکە کاغەزینی واشی بەخشیوە کە حازخۆری بەر سێبەر و هاشوهووشکەری بێ سوود و خۆ بە زلزان  لە گەڵ ڕەعیەت و بچووکی هەموو دوژمنانی دەوروبەرە.

ونیای نادادپەروەری هونەریش لە لایەک ژەنەڕاڵە شاعیری وای بەخشیوە کە لە گەڵاڕزیوێکی پاییز شاکارە شیعر و لە هەر چڵەداری ووشکیش ژیان و جوانترین جۆرەکانی مەرگی بۆ کردووی بە شاکاری نەمر. گۆرانیبێژە قەرەداخی واشی بەخشیوە کە پڕاوپڕە لە گۆرانی عەشق بۆ خاک و کەمالە شانۆی کۆمیدیای گریان و یان چێوارە دەقی ئازادی ژن و جیهادە هونەری ژاڵە بە تامی هەنگوین یان هەولێرەعەبدوخالقی  پڕ لە قەڵەمی حەقیقەتی تاڵ و ئەوە لە کاوە قەڵەم و سەردەشت و سۆرانە ووتار هەر مەپرسە کە بەخشیونی.

ەخابن لە لاکەی تریشەوە ئەم دونیای هونەرە نادادپەروەرە لە هەڵکەوتوو و دواکەوتی پارەبازیشدا، دنیایەک ڕەقە لۆکە و موهەڕیج و مەیموونکۆی شانۆی کاڵفامان و شیعرە ستیانی قەپاتی ئامادەی بەرنامەکان و نووسینە درۆی کتێبی تۆزلێ نیشتووی ڤیستیڤاڵی هاندانی نەخوێندنەوە و هونەری بێ هونەر و ئەدەبی بێ ئەدەبیشی بەخشیوە.
ئەم دوو دونیایە جوان و قێزەونەش لە هەمان کاتدا ژەنەڕاڵی ڕاستی سیاسەت و خەباتی فڕێداوەتە ناو ململانێی هەموو زلهێزە وەحشییەکان و لە هەموو لایەکەوە قەپی پیادەکەن و ژەنەڕاڵی کاغەزیشی کردووە بە دانی هەموو زلهێزەکان کێیان بوێت قەپیان بۆ ئەگرێت.

ەنەڕاڵە شیعری ڕاستی لە پرسا ئەکوژێ و عەبدولخالقە نووسین سەردەبڕێ و لاشەی سەردەشتە ووتار بێناز فڕێ دەدات و گۆرانی نازدار لە بازارەکانی کۆپی هەڕاج ئەکات و تەختە شانۆی پیرۆز دادەخات و پەیکەر ئەڕوخێنێ و سەروەتە تابلۆ ئەخاتە ژێر تایەی سەیارەوە و عومەرە چاو شینیش فڕێ دەداتە نێو خانەی پیران وهەر ئەم دونیایەشە ووتارە پیاهەڵدان ئەکاتە سەر ووتار و شیعرە ستیان لە گوڵاو هەڵئەکێشێ و مەهزەلە مەیموونکۆش ئەکاتە گەورە تەلەفزیۆن شۆ و گەعدە گۆرانیش بۆ زاخاوی مێشک.

 
مەخابن ئەم دوو دونیا پێچەوانەیە پەیوەندی بە تاکە تاکەی خۆمانەوە هەیە، ئەوە ئێمەین رێز و بایەخی هونەرمەند  و ئەدیب و نووسەری پایە بەرز نازانین یان فڕێیان ئەدەین، هەر ئێمەش بە چێژی شێواوەوە هەندێ مەهزەلە ناو دەنێین هونەر و ئەدەب و نووسین و شکۆیان پێ دەدەین. ئەوە هەر ئێمەشین بتە ژەنەراڵ و پتە سەرکردە دادەتاشین و ئەیپەرستین. هەر خۆشمانین ژەنەراڵە ماندوونەناسەکانی خەبات ئەخەینە چوارچێوەی بیرچوونەوە.

ەنەڕاڵی پاییز کۆتاییەکی پاییزی هەبوو و جێی هێشتین کاتی ئەوەیە بیر لە زیندووە ژەنەڕاڵەکانی دیکەی دونیای هونەر و ئەدەب و خەباتی سیاسی و کوردایەتی بکەینەوە ئەوانەی وەک سەربازی وون کاریان کردووە و زوومیان نەخراوەتە سەر و چاویان لە پاداشت و بەشە کێکی دەسەڵات و داهات نەبووە و بەرهەمی ئەوانەش بپارێزین و بەرز بنرخێنن کە جێیان هێشتووین و ناوەکانیان لە بیر نەکەین و نەوەی نوێیان پێ ئاشنا بکەین.


28/10/2019



وتارەکانی تری نوسەر