لە چاوەڕوانی راگەیاندنی رۆژی كۆنگرەدا

سەرتپ جەوهەر


هەور و هێری بارانی وەرزێكی نوێ بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دێت و دەڕوات، هەموو رۆژ گەواڵە دەگرمێنی، بەڵام نەدەبێتە باران و نەكڕێوە! هەموو رۆژێك هەواڵی ئەگەری بڕیاردانی كۆنگرە لەمیدیای یەكێتی و (غەیرە) بڵاودەبێتەوە، هەمووان چاوەڕوانن بەڵكو ئەو هەورە لێی ببارێت سەركردایەتی بتوانێت بڕیاری دەستنیشانكردنی رۆژی كۆنگرەی چوارەم بدات.

هەموو بیانوەكانی دواخستنی كۆنگرە رەوینەتەوە یان كۆتایی هات. گوشارەكانی هەوڵدان بۆ بڕیاردان لەسەر كۆنگرە هەروا دێت زیاتر دەبێت. دەنگوباسێكیش هەیە لەم یەك دوو رۆژە بڕیاربدرێت و رۆژی كۆنگرەی چوارەم دەستنیشان بكرێت. هاتنی داعش و ئاڵۆزییەكانی دۆخی سیاسی كوردستان و روداوەكانی دوای شكستی ریفراندۆم و دوو هەڵبژاردن بەدوای یەكتر لە 2018 بیانوی دواخستنی كۆنگرە بوون، بەڵام ماوەی ساڵێك زیاترە مشتومڕێكی زۆر لەناوخۆی یەكێتی دەستی پێكردووە سەبارەت بە شێوەی كۆنگرەكەو ئایندەی هەیكەلی بڕیاردانی یەكێتی، ئەمە بۆتە هۆی درێژەكێشانی دواكەوتنی كۆنگرەكە.

هەندێك پێیانوایە پێویست دەكات پێشوەختە رێككەوتنێك (تەوافوق) لەبارەی كۆی ئەو پرس و بابەتانە بكرێت كەهێشتا بەتەواوی نەتوانراوە یەكلایی بكرێتەوە! هەندێكیش پێیانوایە تەوافوقكردن یان رێككەوتنی پێشوەختە رۆڵ و كاریگەری كۆنگرە وەك هۆكارو رێوشوێنێك بۆ نوێبونەوەی حزب، كەمدەكاتەوە. بۆیە پێویستە كۆنگرەكە بەبێ‌ رێككەوتنی پێشوەختە بكرێت. بێگومان چەند پرۆژەیەك بۆ داهاتووی یەكێتی مشتوماڵ كراوەو رێكخراوە، دیارترینیان دوو پرۆژەی سەرەكییە. هەوڵێك هەیە هەردوو پرۆژە یەكبخرێن و ببێتە پرۆژەی هەمووان بۆ ناو كۆنگرە، كە پەیكەری یەكێتی و شێوازی بڕیاردان و شێوەی كاركردنی داهاتوو یەكلایی بكاتەوە.

باسكردنی ئەو پرس و بابەتانەی بیروڕای جیاوازی لەسەرە بێگومان بەگوتارێك ناخرێتەڕوو، بەڵام دەكرێت چەند پرسێكی سەرەكی باس بكەین.
یەكەم: پرسی شێوازی هەڵبژاردن یان دەستنیشانكردنی ئەندامانی كۆنگرە، چونكە بەپێی پەیرەوی ناوخۆی یەكێتی كە لەكۆنگرەی رابردوو
بڕیاری لێدراوە زیاتر لەنێوەی ئەندامانی كۆنگرە بەتەزكییە دێنە كۆنگرەی چوارەم! هەندێك پێیانوایە پێویستدەكات میكانزمێكی نوێ‌ بدۆزرێتەوە بۆ رێكخستنی ئەو پرسە. هەروەك لەماوەی یەك ساڵی رابردوو دەكرێت بڵێن سەدان پلە بەرزكردنەوەی حزبیی هەبووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر ئەو پرسە دروستكردووە، بۆیە زۆرینە لەسەر ئەوە كۆكن كە رێكارێك بدۆزرێتەوە تا هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرە رێكبخات.

دووەم: ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان. كە ئەمە جێی گفتوگۆی ناوخۆییەو هێشتا یەكلایی نەبۆتەوە. هەندێك پێیانوایە پێویستە ژمارەكە زۆر بێت و ئەنجومەنی نوێی سەركردایەتی رۆڵی پەرلەمانێك بگێڕێت، هەندێكیش لەوباوەڕەدان ژمارەكە كەم بێت و دەسەڵاتەكانی جێبەجێكاریی بێت نەك راوێژكاریی و پەرلەمانیی.

سێیەم: پرسی سەرۆكایەتی كردن، ئەم پرسە یەكلایی نەبۆتەوەو بۆچونی جیاواز هەیە، واتە هەندێك پێیانوایە هەر سكرتێر بێت وەك لەرابردوو هەبووە، هەندێكیش پێیانوایە هاوسەرۆكی بێت و هەر ئەندامێكی سەرۆكایەتی سەروكاری دۆسیەیەكی تایبەت بكات. بۆنمونە لێپرسراوی سیاسی و پەیوەندییەكان و ئابوریی و ..تد.

هەرچۆنێك بێت هیچ رێگەیەك لەبەردەم یەكێتی نەماوە جگە لەكۆنگرەكردن. هەم زۆنی سەوز لەدوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەفەراغێكی سیاسی گەورەدا تێدەپەڕێت و تاكە بەدیل یەكێتیە، بەتایبەت دوای كەمبونەوەی دەنگەكانی گۆڕان و نەوەی نوێ‌، هەمیش دۆخی ناوخۆی یەكێتی توانای گەشەو بەردەوامی نییە بەمشێوەیەی ئێستا.


26/08/2019



وتارەکانی تری نوسەر