هەرێم لەخراپەوە بەرەو خراپتر

سەرتپ جەوهەر

بڕیارە بەمزوانە نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێم سەبارەت بە پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی كوردستان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەكان كۆببێتەوە، لەوێ‌ بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن بدات.

پێدەچێت پارتی پێشتر لەگەڵ زۆربەی هێزو لایەنە سیاسیەكان گفتوگۆی كردبێت لەبارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی كوردستان لە 10ی حزەیران بۆ كاتێكی دیكە كە پێدەچێت مانگی 10ی داهاتوو بێت. ئەگەر كۆبونەوەكە بكرێت، پێشبینی دەكرێت یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش بەشداری لەكۆبونەوەكەدا بكات.

بەدڵنیاییەوە دواخستنی ئەم هەڵبژاردنە قەبارەی زیانەكانی سەر هەرێمی كوردستان هێشتا زیاتر دەكات، ناو ناوبانگی هەرێم كە هەمووی بووە بەشوخت لەككە، دواخستنەكە هێشتا ناشرینترو خراپتری دەكات. 

دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان درێژەدانە بە سیاسەتی چەوت و بەرژەوەندیخوازیی حزبیی و شەخسی لەهەرێمی كوردستان كە لە 30ی حوزەیرانی 2013 بەدرێژكردنەوەی (نایاسایی) ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان دەستی پێكرد، قۆناغ دوای بەقۆناغ دامەزراوە شەرعییەكانیان بێئەرزشكردو هەموویان پەلوپۆخست، دواترینیان درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بوو لەدەرەوەی هەموو یاساو بنەمایەكی دەستوریی لەئۆكتۆبەری 2022 لەلایەن (پارتی و یەكێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان). دەتوانین بڵێین ئەم خولەی پەرلەمان رۆڵێكی ئێجگار خراپی بینی لەتێكدانی دامەزراوەكانی حوكمڕانیی و تەنانەت ناشرینكردنی رەنگوڕووی پەرلەمان.
بەپێی واقعی كوردستان كە چەك لەدەست حزبدایەو هێزە سەرەكیەكانیش درێژكراوەی ئەجێندای ئیقلیمین، پێناچێت ئاسان بێت هەڵبژاردن لە حوزەیرانی ئەمساڵدا بكرێت، بەڵام ئەم شێواوییەی كوردستان لەكاتێكدایە كە ناوچەكە دەكوڵێت و بڕیارە 22ی ئەم مانگە ئەردۆغان بێتە عیراق و شەوێكیش لە هەولێر دەمێنێتەوە.

هاتنی ئەردۆغان لێكەوتەی زۆرخراپی دەبێت، چونكە رێككەوتنێكی ئەمنی گشتگیر لەگەڵ عیراق ئیمزا دەكات كە راستەوخۆ پەیوەندی بەهەرێمی كوردستانەوە هەیە. هاتنی ئەردۆغان ئۆپراسیۆنی تورك لەناو خاكی هەرێم خێراتر دەكات كە رەنگە تەنها سنوری پارێزگای هەولێر نەگرێتەوە.

هەرێمی كوردستان لەم بارودۆخەی ئێستا كەس ئیرەیی پێنابات، چونكە هیچ دامەزراوەیەكی شەرعیی نەماوەو هیچ ئاسۆو تروسكاییەكیش بۆ راستكردنەوەی ئەو رێڕەوە چەوتەی ئێستای حوكمڕانانی هەرێم دیار نییە. لەلایەك تورك لەڕێی رێككەوتنی ئەمنی عیراق ناچار بەهەندێك رێكاری ئەمنی دەكەن و هاوكات بەپێی ئەو رێككەوتنە رێگا بۆخۆیان خۆشدەكەن تا بەئاسانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی لەناو خاكی هەرێم بكەن لەژێر ناوی لەناوبردنی پارتی كرێكارانی كوردستان. لەو رێككەوتنەی نێوان توركیاو عیراق هەرێم هیچ رۆڵی نییە، بەڵكو تەنها دوعا دەكەین نەبێتە بەشێك لەم ئۆپراسیۆنانە!

ئەم دۆخەی هەرێم لەكاتێكدایە كە ململانێی ئیقلیمیی نێوان هێزە كاریگەرەكان رۆژ دوای رۆژ گرژی و گرفتی گەورەی بەدوایخۆیدا دەهێنێت، ئەگەر هەر بەریەككەوتنێكی راستەوخۆ لەنێوان ئەو هێزانە دروست ببێت، بەدڵنیاییەوە پروشكی ئەو شەڕو ململانێیانە بەر هەرێمی كوردستانیش دەكەوێت، چونكە سیاسەتێكی یەكگرتووی سەقامگیری نەبووەو ناڕاستەوخۆ بەشێك بووە لەو ململانێیانە.
.

14/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر