ئەوەی دژ بە هەرێم روودەدات ئەنجامی شكستی سێكوچكەی حوكمرانیە

سەرتپ جەوهەر
ئەگەر موچەی خەڵكیان نەبڕیبا، دادگای فیدراڵ بۆی نەبوو باسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بكات

ئۆباڵی لاوازبوونی هەرێم لەئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێمە، ئەو مێژووە ناشرینە مێژووی ئەوانە نەك خەڵكی كوردستان.

دوایین خولی پەرلەمان، خراپترین و (موزیڕترین) خولی پەرلەمانیی بوو لەمێژووی كوردستان

ماوەیەكە پرسی لاوازكردنی هەرێمی كوردستان بەهۆی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵەوە باسی لێوەدەكرێت. بەدڵنیاییەوە ئەم تێگەیشتنە راستە كە هەم بڕیارەكانی دادگای فیدراڵ بوونەتەهۆی لاوازكردنی هەرێم، هەمیش دادگاكە لەژێر هەژموون و كاریگەری ئێراندایە بەڵام...

بەڵام.. بۆ نەپرسین ئەگەر پارتی و یەكێتیی و گۆڕان (سێكوچكەی حوكمڕانیی) تەمەنی پەرلەمانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان لەدەرەوەی هەموو یاساو نەریتێكی دیموكراتی درێژنەكردایەتەوە ئێستا دادگای فیدراڵ پەرلەمانی كوردستانی پەك نەدەخست!
خولی ئەمجارەی پەرلەمان، خراپترین و (موزیڕترین) خولی پەرلەمانیی بوو لەمێژووی كوردستان، نەك نەیتوانی كێشە سیاسیەكان یاخود گرفتەكانی حوكمڕانی چارەسەر بكات، بەڵكو زۆر ئاڵۆزتری كرد.

بەڵام.. بۆ نەپرسین ئەگەر پارتی و یەكێتیی موچەو قوتی خەڵكیان نەبڕیبا، قوتی خەڵكی كوردستانیان نەكردبایە شاباشی دروشمی سەربەخۆكردنی ئابوری هەرێم، ئێستا دادگای فیدراڵ بڕیاری بەبانكی كردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی دەكرد؟

بەڵام.. بۆ نەپرسین ئەگەر پێكهاتەكانی (ئاشورو سریان و كلدان و ئەرمەن و توركمان) نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژاردباو ئیرادەیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم زەوتنەكرابا، ئێستا هەموومان بەبڕیاری هەڵوەشاندنەوەی كۆتا ناڕەحەت دەبوین، بەڵام كاتێك دادگا هەڵیوەشاندەوە پێمان بڕیارێكی باش بوو، ئەگەرچی خراپە پێكهاتەكان لەمافی نوێنەرایەتی بێبەش بكرێن".

ئەی بۆ نەپرسین ئەگەر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم دامەزراوەیەكی لەسەرخۆو دامەزراوەیی بوایەو هەڵبژاردنەكانی كوردستانی بەپاكی و بێگەردی كردبا، ئێستا دادگای فیدراڵ دەیتوانی ئەو دامەزراوەیە هەڵوەشێنێتەوەو هەڵبژاردنی كوردستان بسپێرێت بەكۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عیراق؟

من پێموایە هێشتا بڕیارو رێكاری دیكەی دادگای فیدراڵ و حكومەتی عیراق ماوە لەدژی هەرێم دەربچێت و بگیرێتەبەر، ئەوەی روودەدات ئەنجامە نەك هۆكار، واتە ئەنجامی شكستیی سێكوچكەی حوكمڕانیی (پارتیی و یەكێتیی و گۆڕان)ە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو، ئێستاش دەبێ‌ تەحەمولی ئەنجامەكانی بكەن. حوكمڕانانی هەرێم زەمینەی دەستوەردانی ئیقلیمیان لەكاروباری هەرێم دروستكرد، بۆیە دەبێ ئەو راستیە بزانن كە ئۆباڵی لاوازبوونی هەرێم لەئەستۆی ئەواندایەو ئەو مێژووە ناشرینە مێژووی ئەوانە نەك خەڵكی كوردستان.

04/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر