هەرێم لە تونێلێكی تاریكدا

سەرتپ جەوهەر


 هەموو ئاماژەكانی بەردەستن، رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی موچەو بودجەی هەرێم زۆر زەحمەتە. هەموو سەرچاوە ئاگادارەكانی هەرێم دووپاتیدەكەنەوە كە هەرێم هیچ بڕە نەفتێك رادەستی بەغدا ناكات. هەروەك بەغداش ئامادەنییە هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم بنێرێت بەبێ‌ جێبەجێكردنی ناوەرۆكی ئەو بڕگەیەی كە لە قانونی قەردكردنی عیراقدا هاتووەو جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی بێ‌ رادەستكردنی نەوت و داهاتەكانی دیكە، هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم خەرج نەكرێت.

 

پێناچێت بڕیاری رادەستكردنی نەوتی هەرێم لەدەست هەرێمی كوردستان مابێت. بۆیە هەرێم لەڕێگەی جیاوازەوە بەدوای دەریچەو رێگای دیكە دەگەڕێت بۆ رازیكردنی بەغدا بەئەگەرو پێشنیاریی دیكە.  بەپێی چەند زانیارییەك لەبەغدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، داوای سەردانیكردنی تارانی لە ئێرانییەكان كردووە بۆ بینینی لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە، بەتایبەت عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران، بەڵام تائێستا ئێرانییەكان وڵامیان نەبووە.

 

 ئەو داوایەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، كە خۆی هەم گرێبەستە 50 ساڵییەكەی نێوان پارتی و توركیای ئیمزاكردووەو هەمیش كۆمپانیا نزیكەكانی ئەو زۆربەی نەوتی هەرێم دەردەهێنن و هەناردەی دەكەن، دەكرێت چەند خوێندنەوەیەكی بۆ بكەین. یەكەمیان بۆ ئەوەیە كە لەڕێی تارانەوە فشار لەسەر بەغدا دروستبكرێت و تا بەئەگەری دیكەی غەیری رادەستكردنی نەوت و داهاتی هەرێم قایل بكرێت، لەبەرامبەر ناردنی بڕێك پارە. دووەمیشیان بۆ كەمكردنەوەی ئەو فشارانەیە كە بەمدواییە سوپای توركیا لەسەر هەولێرو دهۆك دروستیكردووەو هێزێكی زۆری سەربازی دەربازی ناو هەرێم بووە بەبیانوی لێدانی پەكەكە. 

 

لەوانەیە حكومەتی هەرێم گرەو لەسەر بودجەی ساڵی 2021 بكات. بیەوێت هەرچۆنێك بێت دوای ئەم موچەیە، كورد وتەنی "پشی پشی" خەڵك تا سەری ساڵ راكێشێت، بەئومێدی رێككەوتن لەگەڵ بەغداو ناردنی موچەی هەرێم لەمانگی یەكەمی 2021، بەڵام هەموو زانیارییەكانی ناو لیژنەی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بەردەستن، تەئكید دەكەنەوە لەسەر ئەوەی لەقانونی قەردی عیراق 2020 دا هاتووە، وەكوخۆی دەبرێتە ناو بودجەی ساڵی 2021. هیچ گفتوگۆیەك لەوبارەیەوە ناكرێت، بەڵكو هیچ لایەنێك لەناو پەرلەمان و حكومەت ناوێرێت لەوە واوەتر گفتوگۆبكات. چونكە هەڵبژاردنی پەرلەمان لەمانگی شەش لەپێشەو لایەنەكان پرسی ناردنی پارە بۆ هەرێم لەبەرامبەر یەكتر بەكاردێنن. 

 

خولاسەی كەلام هیچ هیواو تروسكاییەك بۆ رێككەوتنی بەغداو هەرێم لەگۆڕِێ نییە، ئەگەر هەرێم بیەوێت رێككەوێت ئەوا دێتەژێر باری ئەو مەرجانەی كە لەقانونی قەردكردنی مانگی رابردووی عیراقدا هاتووە، چونكە هەر ئەو بڕگە قانونیەیە گوێزراوەتەوە ناو پرۆژەی بودجەی 2021 و دوبارەبۆتەوە.  هەوڵدانی دروستكردنی فشار لەڕێی ئێرانەوەو نەناردنی وەفدێكی خاوەن بڕیاری هەولێر بۆ بەغدا، دیسان بەڵگەی ئەوەن كە هیچ هیوایەك بۆ رێككەوتن نییە. ئەوانەی بەناوی چارەسەری پرسی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەچنە بەغدا، هیچ دەسەڵاتێكیان بەسەر نەوتی هەرێمەوە نییە، بۆیە لەپێكهاتەی وەفدەكانەوە دیارە، دانوستانەكان تەنها بۆ كات كوشتنە نەك چارەسەر. حكومەتی هەرێمیش هیچ چارەسەرییەكی بەدیلی نییەو رەنگە ئەم بێ چارەسەرییە ئەم حكومەتەو حكومڕانانی بەر بەئاڵۆزییەكی جددی ببات.


06/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر