گووتاری پیاوانی ئایینی وسیاسیە کونزەرڤاتیڤەکان

زانا تۆفیق بەگ
 کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگا هاوشێوەکانمان ، لە نێوان دوو گوفتارو یەک کردارن . هەرچەندە  بە ڕووکەش لەیەک جیاوازن بەڵام ، لە جەوهەردا  یەک کۆنسێرتو یەک دیدگای هاوبەش . کە ئەوەش بریتیە لە دیسکۆرسیەکی بە گفتار نەرم لە ناوەڕۆکدا توندڕەو.   
ئەم دوو جۆرە کارێکتەرانەی ناو دنیای سیاسی ئێمە ، زادەی یەک پاشخانو یەک کەلتوورو یەک گوتاری درۆن بۆ کۆمەڵگا.
ئەم دوو مەخلوقە بەرهەمی یەک سیستەمی موڕالی سیاسیو یەک پەروەردەی ئیسلامی سیاسین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا . 
 بەکارهێنانی تێکستی دین و بە پیرۆزکردنی پیاوانی دین ودروستکردنی دنیایەکی مەجازییە کە پڕە لە خورافیاتو حیکایەتی ناواقعی دروستکراو لەلایەکو ، خوێندنەوەی تێکستە پیرۆزەکان لەلایەکی تر. هاوکات بەشێکی زۆری کومەڵگایان پێ دۆگما کردوە.  نووخبەکەی تری دنیای سیاسەت لە ژێر ناوی شعاراتی دیموکراسی و بنەماکانی ئازادی تاک و خۆشەویستی نیشتمانو  کۆمەڵی دروشمی موزەیەفی  دروستکراو  کۆلەکەی کۆکردنەوەی پارەو بەهێزکردنی دەسەڵاتی سیاسی خۆیانن . 
 هەردوو گروپ واتا پیاوانی دینی و سیاسیە کۆنزەرتیڤەکان بەرهەمی یەک گوتاری جیاواز لە ڕووکەش بەڵام ، لە ناوەڕۆک هەمان فکرو هەمان دیدگان ، هەردوولا ترسێکی گەورەیان لە ئازادی تاک و کۆبونەوەی پلاتفۆرمە جیاوازەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەیە .  چونکە بەرهەمی هەموو گۆڕانکاریەک سەرچاوەکەی دەگەرێتەوە بۆ بیرکردنەوەی تاک بەشێوەیەکی سەربەست دوور لە مۆنۆپوڵکردنی  ئایدولۆژیایەکی تایبەتی ، وەکو ئەوەی لە ئێستادا  پیاوانی ئاینی و سیاسیە کۆنزەرڤاتیڤەکان دەیکەن . ئەتوانم بلێم ئەم دوو جۆرە گروپە بەرهەمی دوودەموچاوو، یەک دیاردەن وە لەناو یەک زارو یەک بیرکردنەوەدا دێنەدەرێ.
لە ڕاستیدا لەسەردەمانێکدا کۆمەڵگای ئێمە خەونی بە لێکترازانی ئەم دوو مۆڕالە خراپەوە دەبینی . هەمیشە لەلای بەشێکی کەمی توێژەرانی کورد هەوڵی دروستکردنی کەلێنی گەورە یان ئەدا لەنێوان ئەم دوو نوخبەیەدا ،نوخبەیەک هەبوون خەونیان دەبینی کە سیاسەت نەبێتە درێژکراوەی دین یان هەمان کەلتووری ڕابووردوو، یان پاسەوانی هەمان ئەفسانەی کۆمەلێ گوتاری موزەیفی بێ ئەرزش پیاوانی دینی . 
لە ڕۆژگاری ئمڕۆدا بەشێکی زۆری پیاوانی سیاسی بوونتە پاسەوانو بەهێز کردنی ئاڕاستەی ئیسلامی سیاسی   توندڕەو ئاژۆکانی ئیسلامی  سەلەفی لە کوردستاندا. پێشوازی کردن وپاڵپشتیکردنیان لەڕووی مادی و مەعنەوییەوە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی بەهێزکردنیان لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانو  دروستکردنی کەناڵی تایبەتی و دیدارو کوبونەوەکانیان لە ئێستادا سەردێڕی زۆربەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و میدیای کوردین.
 هەر لەم ڕوانگەیەوە ئێمە ناتوانین جیاوازی لەناو دیسکۆرسی پیاوانی سیاسی و ئیسلامی سیاسدا بیکەین لە داهاتوودا ترسێکی گەورە ڕووبەڕووی نەوەی ئێستاو داهاتوو دەبێتەوە ئەگەر نەتوانین پەروەردەی کۆمەڵایەتی و کەلتووری خۆمان بگۆڕین.

12/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر