٣٠ ساڵ دیکتاتۆریەتی کورد ٣٠ ساڵ کوشتن و گرتن

بێریڤان محەمەد

تاوانەکانی ١٧ی شوبات و کوشتنی منداڵ و گەنجانی ناڕازیی کورد، لەپاڵ زیندانیکردنی چالاکوانان و رۆژنامەوانان و ئازادیخوازان. درێژکراوەی یەک زهنیەتی مەترسیداری دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستانە کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە حوکم دەکات و هەزاران تاوانی مەزن لەلایەن ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆریەوە لە دژی هەموو ئەوانە بۆ نادادپەروەری ستەم و هێرشی داگیرکاران و نەبوونی ئازادی وتویانە نەخێر و داوای عەدالەتیان کردووە ئەنجامدراون.

 

مەترسیەکانی دەسەڵاتی هەرێم کە سڵ لە خیانەت و نە لەکوشتن و گرتن ناکاتەوە، لە مەترسیەکانی دوژمن و داگیرکەرانی وەک دەوڵەتی تورک و ئێران و رژێمە داگیرکارەکانی رابردوو زیاتر نەبێت کەمتر نیە.

 

کەلەسایەی ئەوانەوە چیدی ژیان و ئاسایشی هاوڵاتیەک پارێزراو نییە، تەواوی هەرێمی کوردستان بەتایبەت هەرێمی داگیرکراوی دەستی پارتی بۆ مرۆڤە خاوەن کەرامەت و ئازادیخوازەکان کراوەتە زیندان و گرانترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونی خەڵکەکەی دەدەن.

 

هەر وەک باکور و رۆژهەڵاتی کوردستان، باشوریش لەلایەن پارتی و تورکیاوە داگیرکراوە، لە ناوخۆدا دیکتاتۆریەت و سەرکوت بەرێوە دەبات و لە بەرامبەر داگیرکەرانیش بێ ئیرادە و گوێڕایەڵە.

 

سەرجەم قەیرانەکانی ئەم بەشەی کوردستان لە ئابوری تا سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتی گرێدراوی سیاسەت و زهنیەتی ئەم پارتە و سیستەمە حوکمرانیەکەیەتی لەسەر بنەمای درێژکردنەوەی قەیران و راگەیاندی شەڕ لە بەرامبەر دەنگە نارازیی و ئازادیخوازەکان کۆمەڵگا تا بەو شێوەیە درێژە بەژیانی سیاسی و دەسەڵاتداری خۆی بدات.

 

ئەم حەقیقەتە ئێستا هەرکاتێ زیاتر بۆ هەرکەس ڕوونترە، چیدی کەس بە سیناریۆ و ساختەکاری بازرگانە سیاسییەکان فریوناخوات و چاوەروانی گۆرانکاری و باشکردنی دۆخی هەرێم و باشکردنی ژیانی کۆمەڵگا و کۆتایی هاتنی داگیرکارییان لێ ناکات، بەڵکو وەک هۆکاری سەرەکی قەیران و داگیرکارییەکان دەبینرێن.
ئەوەی کە پێویستە زیاتر هەستکردن و بینینی ئەم زیندانە ئاواکراوەیە، لەسەر ئەو بنەمایە بۆ ئازادکردنی باشوری کوردستان لەژێردەستی دکتاتۆریەت و داگیرکەران، دەبێت شۆرشی مەدەنی ئازادی پێشبخرێت، بۆ ئەوەش لە هەموو رویەکەوە پێویست بە یەکریزی هێزە ئازادیخوازەکانی ناو کۆمەڵگا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە هەیە.


17/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر