خەونەکانی ڕاپەڕین

هیوا حسن
دوای دەیان ساڵ لەخەبات و خوێن بەخشین بۆ گەیشتن بە خەونەکانمان ئەوەبوو لە بەهاری ساڵی 1991 یەکەم زەنگی بەدیهێنانی هیواکانمان لێدراو چاوەڕێ بوین خەونی سەدان ساڵەی باوباپیرانمان بێتە بەرو بە ئازادی و دەسەڵاتی خۆماڵی شاد ببین،  ئامانجی راپەڕین کرانەوەی ویستگەی یەکەمی خەونە پەمەیەکانمان بوو کە ئیتر لەدونیایەکی جیاوازو دوور لەزوڵم و چەوسانەوە بەرەو ژیانێکی شەرەفمەندانەو پڕ شکۆ هەنگاو ئەنێین، بەڵام بەداخەوە ئەوەی رویدا سەداسەدی پێچەوانەی هیواو ئاواتەکانمان بوو ، کە هەرگیز لەبیرو هزری هیچ تاکێکی کوردا نەبووە.

 لێرەوە دەیان پرسیار لەمێشکی نەوەی کۆن و نوێی دوای ڕاپەڕین خۆی زەق ئەکاتەوەو ئەدرێ بەگوێی ئەوانەی بەناوی شۆڕشەوە مژدەی بەدیهێنانی دونیایەکی بەهەشتییان بە خەڵکی کوردستاندا ئەدا ، ئەرێ بەڕاست ئەوکاتەی ڕۆڵەکانمان بەسرودی ئەیڕەقیبەوە ئەچونە ژێر پەتی سێدارە یان لەسەنگەری بەرگری لەخاکی داگیرکراودا گیانی خۆیان ئەبەخشی ، ئایا ئامانجیان بۆ بەدیهێنانی  دەسەڵاتی چەند بنەماڵەیەکی بازرگان بوو؟ ئایا هەموو ئەو ماڵ وێرانی و نەهامەتیەی خەڵک بۆ ئازادی و گێڕانەوەی شکۆی تاکی کورد بوو یان بۆ کپ کردنی دەنگە ئازادەکانە لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە؟ ئەپرسین فرمێسکی دایکی جەرگ سوتاو و هاواری منداڵی بێ باوک و خوشکی پشت شکاو بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک بوو یان بۆ برسیکردنی خەڵک و دروستکردنی کۆمەڵێک فیرعەون بەدزینی ژێرخان و سەرخانی ئەم ووڵاتە لەسەر حیسابی خەڵکی بەش مەینەتی کوردستان؟ .

هەر بۆیە لەیادی ڕاپەڕیندا گرنگە خەڵکی کوردستان ئاوڕێک لەمێژوی ڕابردوی پڕ قوربانیدانی خۆی بداتەوەو بەراوردی بکات بەو دەرەنجامەی کە ئێستا هاتۆتە دی و چیتر رازی نەبێ بەرهەمی شۆڕش و ڕاپەڕینی گەلەکەمان لەبری بەدیهێنانی ئازادی و خۆشگوزەرانی ،نادادی و ستەم و برسیکردنی بۆ خەڵکی کوردستان هێنابێت و کۆمەڵێک کەس و بنەماڵە بەرهەم و رەنجی سەد ساڵەی میللەتەکەمانیان بۆ خزمەتی خۆیان قۆرغ کردبێت.

04/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر