قسەیەك لەسەر ئەم دۆخە

فوئاد سدیق

                                                                   
هەرێمی كوردستان، هەر بە تەنیا گرفتی ئابووری بۆ دروست نەكراوە،بەڵكو  بەشێوەیەكی گشتی خودی كۆمەڵگای كوردیش لە قەیراندایە، ئێستاش كۆمەڵگا  خۆی دەرهاوێشتەی ئەم دۆخەیە، چونكە ئەو كاتانەی لە ساڵانی ٢٠٧ تا ٢٠١٣ كە  بە رووكەش هیچ قەیرانێكی ئابووریش لەئارادا نەبوو، بەڵام ئەم كۆمەڵگایە لە ناوەوە بەتەواوی خۆی خۆی دەخواردەوەو چەندین قەیرانی جیا جیا پەكیخستبوو. ناچینە سەر دوێنێ، قسەیەك لەسەر ئەمڕۆ دەكەین.

 
  كوردستان كۆمەڵێك گرفتی تێئاڵاوە، ئەو گرفتانە، بەدوژمنایەتیكردنی یەكتری، زیاتر ئاڵۆزتر دەبن و رێگایەك بۆ قورتاربوون لەو تەنگانەیە ناهێلێتەوە، بەڵكو تەنیا بە هاوكاریكردنی یەكتری، دەتوانرێ بەسەر گرفتەكاندا زاڵ بین،بەشێوەیەك هەم حكومەتی هەرێم جوانتر بێت، هەم كۆمەڵگاش ئاسوودەتر بێت .  ئێستا هەرێمی كوردستان، دۆخێكی تایبەت بە خۆی هەیە، نە لە رووی شوناسەوە، سەقامگیری و روونیی پێوە دیارە، نە لەرووی سەروەرییەوە وەك دەوڵەتانی دەوروبەرە، نە كۆمەڵگاكەشی ئاستی هوشیارییەكەی ئەوەندە بەرزە، بتوانێ برینی ئەم نیشتمان و گەلە تیمار بكات، كەواتە  ئێمە لە دۆخێكی زۆر ئاڵۆزداین،بۆیە پێویستیمان بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئەقڵی سیاسی و سیستەمی سیاسییە، ئەم داڕشتنەوەی ئەقڵییەتە  سیاسی و سیستەمییە، لەسەر بنەمای تیۆرەكانی رەفتاری كۆمەڵایەتی بونیاد دەنرێتەوە، كە لە ئێستادا خودی رەفتارە كۆمەڵایەتییەكان، ئاستەنگن بۆ بەرەوپێشچوونی سیستەمی سیاسی. 

 
 تێنەگەیشتنی نوخبەی ئەم هەرێمە، بەتایبەتیش نوخبەی رۆشنبیریی، بۆ ئەوە ناچن كە سیاسەت بۆ مرۆڤەكانەو، ئەوە مرۆڤیشە پەیڕەوی لێدەكات، كەواتە سیاسەتیش رەنگدانەوەی %١٠٠ ی ژینگە كۆمەڵایەتییەكەمانە، هەر لەبەر ئەوەشە، سیاسەتی رۆژهەڵاتی جیاوازە لەگەڵ سیاسەتی رۆژئاوایی، سیاسەتی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، تەواو جیاوازە لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆكاری بنچینەییش ئەوەیە رەفتارو ئاكاری مرۆڤ بە ژینگەی كۆمەڵایەتییەكانییەوە،  بەستراوەتەوە.
  جەهلی ئۆپۆزیسیۆن(ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنمان هەبێت!) یان پسپۆرێكی سیاسی(ئەگەر پسپۆرمان هەبێت!) لەوەدایە، بیەوێت سیستەمی سیاسی لە وڵاتێكی دواكەوتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رێك وەكوو سیاسەتی وڵاتێكی ئەسكەندەناڤی یان ئەمریكی یان سەنگافوری بگونجێنێ، ئەمە وەك ئەوە وایە، بتەوێ مەكینەی ئۆتۆمبێلێكی لادە یان بەرازیلی بخەیتە سەر ئۆتۆمبێلێكی  جاگوار، یان مرسیدیس.یان كەرەستەی كۆمپیۆتەرێكی ساڵانی ٢٠٠٠ بتەوێ بخەیتە سەر نوێترین كۆمپیوتەری ٢٠٢٠ . ئەم ئەقڵیەتە سەر ناكەوێ ، ئەنجامەكەی هەر تێكشكاندن و ماڵوێرانی بەدوادا دێت و هیچ ئەنجامێكی ئەرێنی نابێت.چونكە ژینگە كۆمەڵایەتییەكان كاریگەریی خۆیان لە هەموو كات و سەردەمێكدا هەر هەبووەو هەیە. 

 
  لێرەوە دەبێت لەوە تێبگەین، هەموو ئەو دەنگانەی داوای رووخاندن و هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی هەرێم دەكەن، ئایا هیچ بەدیلێكی تەندروستی ئەوتۆیان پێیە كە ئاییندەیەكی خۆشگوزەرانمان بۆ مسۆگەر بكات؟، ئەم پرسیارە زۆر جەوهەرییە، ئایا كەرەستەی بونیادنانەوە لەبەردەستن؟ ژینگەی كۆمەڵایەتیمان تەندروستە؟ ، نوخبەی رۆشنبیری و سیاسیی و ئابووریمان نەشێواوە؟  ئەی كێن ئەوانەی داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەت دەكەن و، دەشتوانن خۆشگوزەرانیمان بۆ مسۆگەرو فەراهەم بكەن؟!  چ گرەنتییەك هەیە نامانخەنەوە ژێر پۆستاڵی حەشدی ناشەعبی، كە لە جەیشی ناشەعبییەكەی سەدام، زۆر زۆر مەترسیدارترو تۆقێنەرترن. چ گرەنتییەك هەیە، ئاژاوەو فەوزایەكی گەورە باڵ بەسەر ئەم هەرێمە ناكێشێت و كەس لە گیانی خۆیشی دڵنیا نابێت.

 
  ئێستا كاتی ئەوە هاتووە، بە ئەقڵێكی ساردو دڵێكی گەرمەوە، باس لە برینەكانی نیشتمان و نەتەوە بكەین و، هەوڵبدەین بە باشترین رێگا، چارەسەری ئەم دۆخە بكەین. واتا هەوڵەكانمان بۆ ئەوە نەبێت كە زیانی زیاترمان پێبگات، بەڵكو بۆئەوە بێت باشترین دەرمان بخەینە سەر برینەكانمان، تا زووتر چاكبینەوە. 

 
   ئەو گرووپەی ئەمڕۆ لە كوردستان خۆپیشاندان دەكات و داوای رووخاندنی حكومەت دەكات، ئەم گرووپە لە خەڵكە زۆر هەژارو بێدەرامەتەكە نییە،ئەم گرووپەی  بەرانبەر ئەو بارودۆخە سیاسییەی كوردستان وەستاونەتەوەو، خەڵكیش بەرەو توندوتیژی دەبات، زیاتر چینی ناوەڕاستە، چینی ناوەڕاست كاتێك هەست بەوە دەكات خەریكە پێگەكەی بەرانبەر بە گرووپ و چینەكانی تر لاواز بووە، یان لەدەستیدەدات، هەروەك ئەلیكس دوتۆكفیل دەیگوت: ئەوەی شۆڕشی فەرەنسای هەڵگیرساند، جووتیارانی هەژاری خۆ جێیی نەبوون،بەڵكو چینی ناوەڕاست بوون كاتێ دەیانبینی چەندین ساڵە  دۆخی ئابووری و سیاسی وڵات بەرەو لاوازی مل دەنێ،ئیتر شۆڕشیان دروستكرد.. خەڵكی هەژارو نەدار لە بواری سیاسییەوە، هەرگیز رێكخراو نین، ئەوان بەردەوام سەرقاڵی نوقمێك نانن بۆ منداڵەكانیان و راكە راكەیانە بۆ پەیداكردنی نزمترین بژێوی ژیانی رۆژانەیان. ئەو ئاستی وشیارییەشیان نییە بتوانن خۆیان رێكبخەن، كەسێكیشیان لەناودا نییە تا بتوانێت رابەرایەتیان بكات. كەواتە ئەوانەی دروشمە زەقەكانی دژ بە حكومەت بەرزدەكەنەوە، ئەوكەسانەن  هەست بە لەدەستدانی بەرژەوەندییەكانیان دەكەن، نەك ئەو كەسانە بن كە نانی سبەینێیان نەبێت. 

 
   ئەگەر بە وردی سەیری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەین، دەبینین ئەوەندەی ئینتیماو دڵسۆزی بۆ ئایین و مەزهەب و دەمارگرژی نەتەوەیی هەیە،  نیو ئەوەندە لە خەمی بەدامەزراوەكردن و دادپەروەری و ...هتد  نین، بۆیە دڵسۆزی بۆ نیشتمان لەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە زۆر  كاڵبۆتەوە.باشترین نموونە كە لەمبارەیەوە لە ئێستادا  زۆر زەقن ، یەمەن و لیبیایە. ئەم دوو وڵاتە كەوتوونەتە نێو گۆمی خوێنەوەو، هیچ ئاسۆیەكیشیان لێ دیار نییە، فەرموو توركیاو روسیاو ئەمریكاو  ئێران وئیمارات و سعودیەو چەندین وڵاتانی دیكە، لەسەر خاكی لیبیاو یەمەن شەڕە قۆچانێیانە، زەرەرمەندی یەكەمیش خاك و گەلی ئەم دوو وڵاتەن، كە لە ئێستادا دۆخی ئابووری و پەروەردەیی و تەندروستی و،،هتد لەوپەڕی خراپیدایە، ئەمە لەكاتێكدا ئەم دوو وڵاتە خاوەنی سەروەری خۆیان و قەوارەی سیاسی خۆیانن، ئەی چی بۆ هەرێمی كوردستان بڵێین، كە  هێشتا شۆڤینییەتی عەرەب  بە هەمان ئەقڵیەتی بەعس چاوی بڕیوەتە ئەم هەرێمەو دەیەوێ داگیرمان بكاتەوە، وەك چۆن بینیمان كەركوكیان داگیر كردەوە. 

 
  نوخبەی رۆشنبیری پێویستی بە یەكبوون هەیە، چونكە  هێشتا ئەم نوخبەیەش گرفتی زۆری هەیەو نەیتوانیوە نە حكومەت نە میللەت بە رێگای باشترو باشتردا ئاراستە بكات، بۆیە پێش هەموو شتێك ئەم نوخبەیە پێویستی بە لەیەكتێگەیشتنێكی روون هەیە، ئەم لەیەكتێگەیشتنە ببێتە هەوێنی جدییەت لە هەوڵ و كارەكانیدا، كە هۆكاری بنچینەیەیی و سەرەكی بێت بۆئەوەی حكومەتی هەرێم بەردەوام خۆی ئەپدێت بكاتەوە، نەك قسە لەسەر رووخاندنی بكەین، چونكە دەبێت ئەوە بزانین خۆ ئەپدێد كردنەوە، كارێكی وەها سووك و سانا نییە،لەگەڵ خۆ ئەپدێد كردنەوەدا، كۆمەڵێك بابەتی نوێ دێنە ئاراوە، تۆ سەیركە  لەناو هەموو  فەیلەسووفەكاندا، تەنیا نیچە  لە خۆ ئەپدێد كردنەوەدا، پێشڕەوە، چونكە توانی هەموو بەهاكانی رابردووی هەزاران ساڵە سەرەوژێر بكات و  سەرلەنوێش دایڕشتەوە. بەڵام نیچەش كاتێ لەبەرانبەر خودای كریستیانەكان وەستایەوە، لەشوێنیدا، خودای زەردەشتییەكانی پیرۆزتر كرد!!.  ئەم نموونەیەم بۆیە هێنایەوە، ئێمە نابێ بەدوای بەدیلێكی نادیاردا بكەوین، ناشبێت بۆ دواوە هەڵبێین، بەڵكو لەكاتی چەقبەستندا، پێویستمان بە هەنگاونانی جدی بەرەو پێشەوە هەیە، ئاخر ئەم میللەتە بەدبەختە لەوەتەی هەیە ماران گەزتی كراوەو دەكرێ، نوخبەی رۆشنبیری دەگەوجێندرێ، رووداوەكانی  لەم هەرێمە روودەدەن، زۆر خەمناك و ترسناك و هەستیارن، چونكە كارەكتەرو هەڵسوڕاوی رووداوەكان، وشیار نین،بەدرۆی شاخدار، خەڵك فریودەدەن،  لەئەنجامی رق لێبوونەوەو هەڵچوونێكدا، هەموو دۆخەكە تێكدەدەن. رووداوی لەمجۆرە تەواو بڤەیە،لەبەرئەوەشە ئێستا ئۆپۆزیسیۆنێكی حەقیقی بوونی نییە، چونكە چی متمانەو چی ئیرادە هەبوو، بەقوربانی كورسی كراوەو دەكرێ.ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، هەمیشە لەناخی مرۆڤدا، گورگێكی هار خۆی شاردۆتەوە، وەك تۆماس هۆبز نزیكەی (٤٥٠) ساڵ پێش ئێستا وتوویەتی: مرۆڤ گورگی مرۆڤە.  كاتێك ئێمە دەتوانین بۆ یەكتری گورگ نەبین، ئەگەر وشیار بووبینەوەو هەمیشە سەرمان گەرم نەبێت، كاتێك مرۆڤ سەری گەرم دەبێت، ناتوانێ بە باشی بیربكاتەوە، هەر لەبەر ئەوەشە هەمیشە یاساكانی ئاسمان و زەوی پێكناكۆكن،ئەو گورگە هەموو هەوڵەكانی بۆ پێشێلكردنی یاساكانە بە ئاسمان و زەوییەوە. چونكە هەموو كەسێك كۆمەڵێك خواست و هیواو ئارەزووی تایبەت بە خۆی هەیە،بەڵام بەهۆی ئەو ژینگەو ئەو كولتوورەی هەیەتی و بەهۆی ئەقڵییەتی زاڵی كۆمەڵگاوە، بەناچاری دەیشارێتەوە،لە هەر دەرفەتێكدا ئاسۆیەك دەربكەوێت، هەموو ئەو خواست و هیواو ئارەزووە پەنگخواردووەی  تا بۆی بكرێ جێبەجێدەكات و نایشارێتەوە،تۆ سەیری رۆبسپێر Robespierre بكە، لە سەرەتای شۆڕشی فەرەنسا چ رۆڵێكی گەورەی بینی، كەچی دواتر چۆن بوو بە جەللاد و لە شۆڕش هەڵگەڕایەوەو پاشەكشێی پێ كرد ، بەڵام ئەنجامەكەی ئەوەبوو رۆبسپێر سەری لە جەستەی جیا كرایەوەو، شۆڕشیش رێگای خۆی وەرگرتەوە. خەڵكی كوردستان رێك ئەو ترسەی هەیە، ئەوانەی شەوان لە تیڤییەكاندا، خۆیان كردووە بە فریشتە، نموونەیەكی بچووكی رۆبسپێرن، میللەتی كوردیش ئەوەندە خیانەتی لێكراوەو ئەوەندە درۆی شاخداری لەگەڵ كراوە، بۆیە كورد وتەنی ماران گەزتی لە خشكەی گوریس دەترسێ. ئاخر پێویستە خەڵكی كوردستان  هەمیشە ئەوەی لەبەرچاو بێت، كە هیچ هێزێكی ئیسلامی بە میانڕەوو توندڕەوەكانیانەوە، ناتوانن خواستەكانی خەڵك بەرجەستە بكەن و،  هەرگیز لە ئاستی داخوازییەكانی خەڵكدا نابن، مومارەسەكردنی ژیان لە تیۆرەوە بۆ پراكتیك زۆر جیاوازە. ناشكرێ هەر تەوژم و گرووپێك سەریهەڵداو بە دروشمی رووخاندنی حكومەت و لەولایشەوە بە بەهەشتكردنی ژیانی خەڵك هاتە قسە، كۆمەڵگا پێشوازی لێ بكات، چونكە كۆمەڵگای كوردی لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا تاڵاوی پڕ لە درۆی زۆر چەشتووە. كارل پۆپەر دەڵێت: هەر حیزب و گرووپێك هات وتی دەمانەوێ ئەم كۆمەڵە خەڵكە بنێرینە دۆزەخ، بۆئەوەی ئەم كۆمەڵە خەڵكە بچنە بەهەشتەوە، ئەوا دڵنیابن، ئەم حیزب و گرووپانە دیكتاتۆری ملهوڕن و ناتوانن ئاشتی و ئاسوودەیی بۆ خەڵك دابین بكەن. هەندێك لەوانەی بانگەشە بۆ رووخاندنی حكومەتی هەرێم دەكەن، دەیناسم كە پێشتر وەزیر بووە لەو حكومەتەو ئەوكات نوقەی لێوە نەدەهات، یان هەندێكی تر دەناسم كە فایلی رەشیان لەسەردەمی بەعسیبوونیاندا هەبووە، ئێستا داوای رووخاندنی حكومەت دەكەن!، ئەمە كارەساتە قەدەری میللەتێك بخەینە ژێر دەستی رەشی ئەوجۆرە كەسانە، ناكرێ موجازەفە بە چارەنووسی میللەتێك بكەین، بەهۆی چەند قسەیەكی گەرمی كۆنە بەعسییەك یان  كۆنە وەزیرێك، تا پێیان كرا، خواردیان و بردیان، ئێستاش خۆیانمان لێ بكەن بە شۆڕشگێر و ، لەسەر حسابی خوێنی خەڵك و چارەنووسی نەتەوەیەك ،بچنەوە سەر سفرە رازاوەكەی جاران!.لەكوێی  جیهان موجازەفە بە چارەنووسی گەل دەكرێ، جگە لە وڵاتانی دواكەوتوو، بۆنموونە یەمەن و لیبیا، فەرموو لەناو گۆمی خوێندان.  لەبەر ئەو ترسەیە دەڵێم، ئێمە پێویستیمان بە ئەقڵێكی ئایندەیی هەیە، دوور لە میزاج و بەرژەوەندی تەسك و دوور لە ئەقلیەتی كۆیلایەتی و دوور لە تێڕوانینی نەخوێندەوارانە. ئەمجۆرە تێڕوانین و ئەقڵیەتەش هێشتا چەكەرەی نەكردووە، پێویستە كاری لەسەر بكەین، بۆئەوەی ئایندەی نیشتمان و نەتەوەكەمان روونتر بێت. بەرای من هەر كاتێ ئەم روانین و ئەقڵیەتە چەكەرەی كردو رەگی داكوتا، دەتوانین هەنگاوی گەورە بە ئاراستەی باشبوون بهاوێین، دوور لەو دروشمە ناشۆڕشگێڕانەو زۆر عاتیفییانە. نە دەوڵەتداری، نە سیستەمی سیاسی، بە دروشم و عاتیفە بەڕێوە ناچێت، هەنگاوی كردەیی دەوێت، كە سەرچاوەی ئەو هەنگاوە كردەییە، ئەقڵانییەت و ئەقڵی ئایندەییە. هەر بیركردنەوەیەك، رەفتارەكەی،رەفتارێكی مەعریفییانە(مەبەستم لە مەعریفە  ئەپستمۆلۆجیا نییە، بەڵكو تێگەیشتنێكی زانستیانەو واقیعبینانەو ئاییندەخوازییە) نەبوو، كەواتە رووبەڕووی هەڵدێرمان دەكاتەوە. ئێمەش نامانەوێ رووبەڕووی هەڵدێر ببینەوە.  چەرچڵ راستی گوت كاتێ وتی: ئیمپراتۆریای ئایندە، بریتییە لە ئیمپراتۆریای  ئەقڵ. چونكە كە ئەقڵانییەت لە گەشەدابوو،وردە وردە  ئەو بەرنامەیە جێگای خۆی قایم دەكات، كە كاری بۆ دەكرێ. بەبێ ئەقڵانییەت هەموو شتێك مایە پووچ دەمینێتەوە.حكومەتی هەرێم بەرنامەیەكی فراوانی چاكسازی خستە روو، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناو لەگەڵیدا قەیرانی ئابووری رووی تێكرد، ئەو بەرنامەیە جێبەجێ نەكرا، پێویستە هەموومان كارلەسەر ئەوە بكەین، ئەو بەرنامەیە جێبەجێبكرێ، بە جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیە، هەنگاوی باش دەچینە پێشەوە، ئەو كێشانەی رۆژانەو شەوانە لە تیڤییەكاندا باسیان لێوە دەكرێ، لەناو بەرنامەكەی چاكسازیدا، چارەسەر دەكرێن، كەواتە بۆچی كارێك بكەین، كە ببێتە هۆی چەقبەستنی چاكسازییەكە. ئاخر دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت، هەمیشە قەیرانە گەورەكان ئەنجامی زیانبەخشیان لێ دەكەوێتەوە، كە زۆرجار چاوەڕواننەكراون .

 
   ئێمە بە حساب ٣٠ ساڵە لە هەرێمێك دەژین كە خۆی ئیدارەی خۆی كردووە، بەڵام هێشتا خاوەنی شوناسێكیی نیشتمانی نین، ئاخر شوناسی نیشتمانی كاتێك دروستدەبێت، كە بیروباوەڕێكی هاوبەش لە لایەن خەڵكەوە پەیدا دەبێت و دان بە شەرعیەتی سیستەمی سیاسی وڵاتدا دەنرێت. جا گرنگ نییە سیستەمەكە دیموكراسی بێت یان لیبرالی یان .......هتد. لە هەر وڵاتێكدا هاووڵاتی دڵی بە سیستەمی حوكمڕانی خۆش نەبێت و شانازی پێوە نەكات، ناتشتوانێ هەموو تواناكانی خۆی بۆ بەرژەوەندی دەوڵەت بخاتە كارەوە.ئەمە راستییەو دەشبێت دانی پێدا بنێین. شوناسی نیشتمانی هۆكاری یەكەمە بۆ متمانەكردن  بەیەكتری، هاوكات رێگا بۆ پێشكەوتنی ئابووریش خۆشدەكات. 

 
ئێستا ئەو خۆپیشاندانانەی كە لە چەمچەماڵ و هەڵەبجەو شوێنەكانی تر بەڕێوە دەچن، زۆر ئاڵۆزو شێواون، نە بەرنامەیەكی  تازەو نیشتمانییان هەڵگرتووە، نە خاوەنیان هەیە، وەك بڵێی سەركردایەتیان بكات، نە هیچ ئەلتەرناتیڤێكیشیان هەیە، ئا لێرەدایە وشیاری كۆمەڵگە كە زۆر پێویستە، بەداخەوە، ئەو نوخبە سەقەتەی كوردیش كە ناوی لێنراوە نوخبە، رێژەیەكی یەكجار زۆریان  ئاستی وشیارییان زۆر نزمە...بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی وشیاریی و مەعریفە رۆڵی خۆیان بینیوە، كە چۆن سوود لە هەڵەكانی خۆی وەربگرێت و جارێكی دیكە رێكیبخاتەوەو كەمترین هەڵەی تێدا رووبداتەوە، بۆ قورتار بوون لەم قەیرانەی تێیكەوتووین، پێویستی بە ئەقڵی گەورەو بیركردنەوەی جوان و جوانتر هەیە نەك هەڕەشەكردن و خۆ گیفكردنەوە لە یەكتری  ..ئێستا لەنێو ئەو قەیرانانەدا، خەریكە دەنگە ناڕازییەكە خۆی بۆ جۆرێك لە ئاژاوەگێڕی دەگوازێتەوە، تێكدان زۆر زۆر ئاسانترە لە بونیادنانەوە، ئەوە لیبیاو یەمەن چۆن گیریان خواردووەو لەدەستیان دەرچوو.. ئێستا حزبە سیاسییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا زۆر كۆن بوونە، بەڵام نە حزبی نوێ دروست بووە بۆ لادانی ئەو دوو حزبەی (كۆماری و دیموكراتەكان) لە ئەمریكاو(كارو پارێزگاكان)یش لە بەریتانیا، نە بارەگاكانیشیان دەسووتێنرێن، بەڵكو خەڵك داوای خۆشگوزەرانی دەكات و رەخنەی بونیادنەرانە لە حكومەت دەگرێت.. فۆكۆیاما دەڵێت: گەورەترین گۆڕانكاری  ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا،هاتنی ترامپ بوو بۆ سەرۆكایەتی، دەڵێت، تاكە بەدبەختی ئەو وڵاتە سەركردەیەكی بێ توانا لە لووتكەی دەسەڵاتە كە زۆر پەرتەوازەكارە لە مێژووی تازەی وڵات، كاتێ ڤایرۆسی كۆڕۆنا ڕووی تێكرد، لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی حوكمی نەگۆڕی، بەڵكو لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی كە خۆی سەرۆكایەتیدەكرد لە حاڵەتی شەڕدا بوو ، بە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە و ڕق و كینە فەرمانڕەوایی كرد، لەجیاتی یەكێتیی نیشتمانی، قەیرانەكەی قۆستەوە بۆ شەڕكردن و زیادكردنی پەرتەوازەیی كۆمەڵایەتی، لاوازیی ئەدای ئەمریكی لە كاتی پەتاكە هۆكاری زۆرە، بەڵام گرنگترینیان ئەوەیە سەركردەیەكی نیشتمانی شكستی هێنا لە سەركردایەتیكردندا. فۆكۆیاما لەوە دوورتر دەڕواو پێشبینی ئەوە دەكات كە ئەگەر ویلایەتی دووەم لە نۆڤەمبەری 2020 درایەوە بە هەمان سەرۆك، ئەوا دەرفەتەكانی گەڕانەوەی دیموكراسی یان سیستەمی نێودەوڵەتیی لیبرالی كەمتر دەبنەوە، ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەر چۆن بن، ئەوا دیاردەی جەمسەربەندیی توند هەر بۆ ولایەتە یەكگرتووەكان دەمێنێتەوە. ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لەمیانی پەتاكە زەحمەت دەبێت، هەندێ هاندەر هەن بۆ زیانلێكەوتووانی تووڕە بۆ تانە لێدان لە شەرعییەتی هەڵبژاردنەكان، هەتا ئەگەر دیموكراتییەكان سەربكەون و كۆنتڕۆڵی كۆشكی سپی و هەردوو ئەنجومەنی كۆنگرسیان كرد، ئەوا دەوڵەت بە نیوەچڵی وەردەگرن، داخوازییەكانی كار بەدەست دێنن، بەڵام لەگەڵ كۆمەڵێك قەرز و بەرگرییەكی توند لە نەیارە سەرسەختەكاندا دەبن.

 
  ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم، كەلتووری لێبوردەیی بۆ پێكەوەژیانی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكان چەند گرنگە، نەبوونیشی هێندە زیاتر بۆ پاكتاوی رەگەزی گرووپەكان بەدەستی یەكتری ترسناكە. ئێمە لە كوردستان سەرەڕای هەموو  ئەو زەحمەتیانەی كە لە رابردوودا بەناویدا رەتبووین، بەڵام كولتوورێكمان بۆ پێكەوە ژیان هەیە، با چیتر ئەو كولتوورە بریندار نەكەین و نەیشێوێنین،ئەو پێكەوە ژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە،هێشتا لە عێراقیش رەنگینەداوەتەوە، چونكە عێراق بۆتە دەوڵەتێكی تائیفی مەزهەبگەرایی.

 
  وڵاتانی دیموكراتی و بەتایبەتیش لەو وڵاتانەی كەهێشتا دیموكراتی نەگەیشتۆتە ئاستی كامڵبوون، هەموو كات هەستدەكرێت لەنێوان حزبە سیاسییەكان و هاووڵاتیان جۆرێك لە بۆشایی یان جاری واش هەیە بێمتمانەیی دروستدەبێت و درزی تێدەكەوێت، هۆكاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەو وڵاتانەی لە دەسپێكی پرۆسەی دیموكراتیدان، ئەركی حزب گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام نە حزبەكان راشكاوانە تەسلیمی ئەو گۆڕانكاریانە دەبن، نە هاووڵاتیانیش قۆناخی ئێستا لەقۆناخی پێشتر جیادەكەنەوە، تۆ سەیر كە، یەک لەسەر سێی وڵاتان لە ئێستادا رژێمێکی سەرکوتکاری و خۆسەپێن بەڕێوەیان دەبەن و زۆرێک لە دیموکراسییەکان بوونەتە نێچیری پۆپۆلیزم. ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیکات بەرامبەر پشێلکاری مافەکانی مرۆڤ- وەک سەرکوتکردنی راگەیاندنی ئازادی و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، چەوساندنەوەی کەمینە ئاینی و ئیتنییەکان، دڵڕەقی پۆلیس و کوشتنی بە ئامانجگیراو- تەنھا دەربڕینی نیگەرانییە. لە کاتێکدا جەنگ و ھەژاری و خۆسەپێنی رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر بڵاو دەبنەوە. ئازادی و یەكسانی دوو پێوەری تەواو جیاوازن و تەنانەت دژ بە یەكیشن، كاتێك دەتەوێ بواری یەكسانی فراوانتر بكەی، بواری ئازادی بچووكتر دەبێتەوە، پێچەوانەكەشی هەر راستە، كاتێك ئازادی فەراهەم دەكرێ، یەكسانی باوی نامینێ.

 
ھێشتا ئێمە رێگایەکی دورودرێژمان لە پێشە، ھەرچەندە ھەنگاوی گەورە ھەڵگیراون بۆ چارەسەرکردنی جیاکارییەکانی پەیوەست بە لایەنی جێندەر و ئیتنییەوە. پەیامەکە روونە: ھزری ئێمە چەقبەستو نییە. بە پێچەوانەوە، دووبارەھەڵسانگدنەوە بۆ بەھاکان رواڵەتێکی جێگیری پەرەسەندنی مرۆییە. لە ئێستادا پێویستییەکی زۆرمان بەم دووبارە ھەڵسگاندنەوەیە ھەیە بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ ھاوکاری جیھانی دابرێژین لەسەر بناغەی بنەماکانی پەیوەست بە کەرامەتی مرۆیی، یەکسانی، فرەیی و ھاوکاری. سەرکەوتنی ئەم سیستەمە بەندە بەوەی چاوپۆشی نەکرێت لە تاکڕەوی و ،دیالۆگ جێی ململانێی جیوپۆلەتیکی بگرێتەوە. لەوەش زیاتر، دەبێت دووبارە و بە شێوەیەکی ریشەیی بیر لە چەمکی ئاسایش بکرێتەوە. ھەروەھا دەبێت ھەنگاونان بۆ بنیاتنانی متمانە و چارەسەرکردنی کێشە ھاوبەشەکانی ( وەک ھێرشی ئەلیکترۆنی) جێی پشتبەستن بە چەکی ئەتۆمی و نمایشکردنی ھێزی سەربازی بگرێتەوە.



29/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر