نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بۆ جەژن وتی: "دۆخی عێراق و كوردستان، پێویستی به مانا و بههاكانی جهژنه، له لێبوردهیی، ئاشتهوایی، بهخۆداچوونهوه و پێكهاتنهوه.”
جارێ ئەوە عێراق ھیچ، قووەت نییە باری لاری ڕاست بکاتەوە، ئێوە لە دۆخی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان ورد ببنەوە، باشە چ شتێک (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی)ی ئەم ھەرێمە لە جێگا ئاساییەکەی خۆیدایە!
ململانێی سیاسی، لەوپەڕی توندیدایە و گەیشتۆتە ملشکاندن!
دۆخی ئابووری، لەوپەڕی بێ متمانەییدایە تا ڕادەی ترس و نائومێدی!
باری کۆمەڵایەتی، لەوپەڕی ترازاندایە تا ئاستی شەرعییەتدان بە بازگە و ڕێگا داخستن لەسەر یەکتری!
ڕاستە مێژوومان بەم دەرد و برینانە غەریب نییە و جەستەشمان پێیان غەریب نییە، بەڵام خۆ برین چەند قوڵ و دەردیش چەند موزمین بێ، دەرمان نەکرێ، دەبێتە دەردی بێ دەرمان و سەرەتا بەدەن شیتەڵ ئەکا، دواتر سەریش دەخوا، نەیشیخوا، دەیکا بە قوڕا!
کێ دەتوانێ بڵێ (لێبوردەیی)خراپە ؟ ئەگەر خراپە، ئەی بۆچی لەگەڵ (غەیری خۆمان!)دا ھەندە لێبوردەین کە بووە بە پێناسەمان و پێی دەناسرێینەوە؟
قسەم لەسەر ئەمیرەکانی شەڕ و بازرگانانی خوێن نییە، بەڵام کێ ھەیە لە (ئاشتەوایی) زەرەرمەند بووبێ؟ مەگەر ئەوەی بەدەستھاتووە (جا ھەر چییەک و ھەر چۆنێک و ھەر چەندێک بێ) ھی زەمەنی ڕەشەبایە، یان ھی شنەی با؟
(بەخۆداچوونەوە و پێکھاتنەوە)ش لەنێوان دوواندا، کە کەسیان پشتی ئەوی تری پێ لە عەرز نەدرێ و لە عەرزیشی بدا، ھەر بە بەرچاوی خۆیەوە (ھەڵیدەسێننەوە!)، تاقە ڕێگای بێ بەدیلە و ئەگەر پیاڵە ژەھریش بێ، چار نییە و دەبێ بخورێتەوە!
سەرۆک نێچیرڤان وتیشی: "با ههموومان ئهم جهژنه بكهینه دهرفهتێك بۆ هاریكاری و لێكگهیشتن، دهست لهناو دهست، قهیران و ئاڵۆزییهكان تێپهڕێنین و قۆناغێكی تازهی پێكهوهیی دهست پێ بكهین”
باوەڕناکەم ئەم چەند دێڕە، پێویستی بە تەنانەت یەک دێڕیش شەرح ھەبێ، ئاخر کەس نەزانێ، کورد دەزانێ کە (دەست لەناودەست)ی چی بۆ ھێناین و (دەست بادان)یش چی بەسەر ھێناوین و دەھێنێ!
سەرۆکی ھەرێم ڕاشکاوانەتر دوا و وتی: "داوا له پارتی و یهكێتی وهك دوو هێزی سهرهكی و ههموو لایهنه كوردستانییهكان دهكهم، ههرچی كێشه و ناكۆكی ههیه بهلاوەی بنێن، خۆیان له ههڵمهت و پهلاماری میدیایی و یهكترشكاندن بپارێزن”
تەبعەن نیوەی عیلاج تەشخیسە، ئینجا نووسینی ڕەچەتەی دەرمان. ئێ کە گفتوگۆی سیاسیش لە ژووری کۆبوونەوەکان و سەر مێزی دانوستاندنەوە بۆ سەر جادەی پڕ لەتاسەی میدیا و بازاڕی شێواوی سۆشیاڵ میدیا گوێزرایەوە، ئیتر ھەموو قسەکردنێک (با باش و ڕاست و دەقیقییش بێ) خۆی لە خۆیدا بەنزین بە ئاگردا کردنە و جۆرێکیشە لە گەڕان بەدوای کێشە، نەک چارەسەر!
ئیشاڵا ئەم جەژننامەیەی نێچیرڤان بارزانی گوێگری ئەبێ،
نەک ئەوی تر!