نێچیرڤان بارزانی نوقتە سەری دێڕ!

شیروان تالیب

عادەتەن یان ئیشی تێکدراو چاک ئەکا ، یان ئیشێک ئەکا کە نەکرا بێ ، وەک دەرھێنانی نەوت لە جەرگی خاکدا و دواتر فرۆشتنی ، پاشانیش دێت بە ھێواشی بۆرییەک ئەچەقێنێ و سنوورەکانی پێ ئەبڕێ و ئیتر لەئاشتیدا ، ئەو بۆرییە یار خۆشحاڵ ئەکا و نەیاریش ناچار ئەکا ڕێز لە پێگەی ھەرێم بگرێ . ئێ لەشەڕیشدا ، دەست و دەمی دوژمنی پێ ئەگرێ ، خۆ ھەرنا ، سڕیان ئەکا تا ھیچی وەھایان پێنەکرێ !
ئەو ھەندێکجار شتێک ئەڵێ کە تازەیە ، تازەش نەبێ دژە باوە ! وەک ئەوەی کە لە زەمەنی پەتای ( دەردەکورد )دا ، بەتاقی تەنیا ئەڵێ : وەرن با کۆبینەوە و ڕێکبکەووین ، تا نەکەووین ! 
جار جارەش بە قسەیەکی پێشتر نەووتراو ، گۆمێکی ڕاوەستاو ئەشڵەقێنێ ، وەک ئەوەی ئەمجارە لە بەغدا بە گوێی ھێز و کەسایەتییە عێراقییەکاندا دای و وتی : ھەموومان ھەڵەمان کردووە ، با بەھەڵەکانماندا بچینەوە تا ھەمووان بە ئارامی بژین ! 
ئەم بۆچوونە ، لێکدانەوەیەکی وردی ، دۆخێکی ھەستیاری ، عێراقێکی عەجیبە و ھەڵسەنگاندێکی واقیعیشە ، چونکە نە شەڕ و گرژی بەلایەک ئەکرێ و نە ئاشتی و ڕێککەووتنیش ، پاشان خۆ چەپڵە بەدەستێک لێنادرێ !
نێچیرڤان بارزانی چاکی ھێنا و دەقیقیش لێکیداوەتەوە ، ئاخر ھەڵەی چاک کراوە ،، 
ھەڵە لە لێکدانەوەی دەستوور ،
ھەڵە لە تێگەیشتن بۆ فیدراڵی ،
ھەڵە لە خوێندنەوەی واقیع و تەنانەت ھەڵە لە ھەڵسەنگاندنمان بۆ پێگەی یەکتریش ! 
هەڵەی کوشندەش کە خەریک بوو دیسانەوە پەنا بۆ کردنەوەی ببردرێ ، بیرکردنەوە بوو لە سیاسەتی چۆکپێدادانی گەلی کوردستان ، ئەو سیاسەتە نەزۆکەی رژێمە ( کەوتووەکان ) کە نەک هەر کوردی پێ دەستەمۆ نەکرا ، بەڵکو عێراقیشی گیرۆدەی زنجیرەیەک شکست کرد کە هێشتاش ژان و شوێنەوارەکانیان ھەرماون و وا زووش ناڕۆن ، ئەمێنێ ! 
لەبەغدا ، نێچیرڤان بارزانی ڕاشکاوانە داوای ڕاشکاوی لە ھەمووان کرد تا دوای ١٨ ساڵ لە حوکمڕانییەتی عێراقی تازە ! دان بە ھەڵەکانماندا بنێین ، ئەو ھەڵانەی کە دۆخەکەیان گەیاندە ئەو ڕادەیەی ، شەراکەت بووە دژایەتی و یەکترتەواوکردنیش بووە یەکتربڕین !
تەوافوق بەلاوەنرا و کەمینەوزۆرینەش بۆ ھەموو شتێک ، ھاتە جێی !
لەم عێراقە تازەیەدا کە کۆمەڵە ھاوسەنگەرێکی کۆن بونیادیان نا ، برایەتی لە خوێندا ، گۆڕدرا بۆ خوێنڕشتنی براکان !
دەستی دەستی و دەستی یەکتربڕین ، میکانیزمە باوەکەی وتوێژە و کۆبوونەوە لەپێناو کۆبوونەوە و ڕێککەووتن لەسەر ڕێکنەکەووتنیش ، سیمای دیاری دانوستاندنەکانی ھەردوولا بووە !
ئەو ئەمجارە ھەمووانی خستە بەردەم دوو ئیختیار ،،
یان بەردەوامی کێشەکان و ئاڵۆزتربوونیان و مانەوەی ھەمووان لەناو گێژاو !
یان چارەسەری ڕیشەیی بە دانانی خاڵ لەسەر پیتەکان و ھەنگاونان بەرەو لێکگەیشتن ، تێگەیشتن ، دواجاریش ڕێککەووتن .
لەگەڵ ئەمانەشدا ، ئەوەیشی خستۆتەبەرچاو کە ئاشتی و تەبایی و سازان ، عێراقێکی بەھێز و ھەرێمێکی بەھێز ئەنجامەکەی ئەبێ و شەڕ و گرژی و ترازانیش ، بەرەو عێراقێکی لاوازتر و ھەرێمێکی ھەمیشە کێشەدار ، ئەمانبا !
پاش سەد ساڵ ، بوێری نێچیرڤان بارزانی لە خستنەڕووی بۆچوونەکانیدا بۆ چارەسەر بەڕادەیەکە کە بە ئاشکرا بەعێراقییەکان بڵێ : ئێمە بەھێزی خۆمان لە بەھێزی ئێوەدا ئەبینینەوە !
فەوزا و پاشاگەردانی لە بەغدا ، مانای گەشانەوەی ھەولێر ناگەێنێ !
بچووکبونەوەی ئێمە ، ئێوە گەورە ناکا و گەورەیی ئێمەش لە بچووکبوونەوەی ئێوەدا نیە !
ئەو ، سەوابتە نەتەوەییەکان فەرامۆش ناکا و چاکی لەبیرە ، بەڵام واقیعەکەشی باش ھەڵسەنگاندووە ، چونکە ئەزانێ چی ئەگوزەرێ !
لەڕاستیدا ئەوەی ئەو ئەیەوێ ، ھەرئەوەیە کە ھەر کورد و کوردستانییەک ئەیەوێ ، بەڵام لای ئەوی واقیعبینی نا حەماسی ، ھەر قۆناغێک ، ئامراز و میکانیزمی خۆیی ھەیە !
بەواتایەکی تر ،،،
ئەو پێی وایە ماست لەوەختی خۆی و کەنگریش لە وەختی خۆی دا ،،
دێ .

14/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر