لە یادی ئۆکتۆبەردا

کاوە مەحمود
شۆڕشێکی مەزن لە مێژووی مرۆڤایەتی کە لە یاد ناکرێت

لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابووردوودا هەزاران بابەت و وتار و سەدان کتێب دەربارەی شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 نووسراوە. بەشێکی زۆری ئەو بابەتانە، کە پێش هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت نووسرابوو، هاوکات لەگەڵ یوونی ڕەهەندی هزری و شیکاری بواری فەلسەفی سەبارەت بە چەمکی شۆڕش تیایاندا، بابەتی توانای مرۆڤایەتی بۆ بنیاتنانی سیستمێکی نوێی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە خۆ گرتبوو. سیستمێک کە ئەلتەرناتیف و جێگرەوەی سیستمی سەرمایداری بێت و پەرەسەندنە هەمەجۆرەکانی یەکێتی سۆڤیەتیش بۆ ئەو توانستە و ئەو ئاراستەیە بە بەڵگە دەهێنرایەوە.

لە مێژووی مرۆڤایەتی بە گشتی و لە مێژووی بزوتنەوە یەکسانیخواز و سوشیالیستەکانی جیهان، بە تایبەتی لە ڵاپەرەیەکی پڕشنگاداردا کە وەرچەرخانێکی مێژوویییە، ئاماژە بۆ کۆمۆنەی پاریس ساڵی 1871 وەک یەکەم شۆڕشی چینی کرێکار دەکرێت. شۆڕشێک بۆ چەند مانگێک لە دەسەڵات مایەوە و، وەک ڕووداو کۆتاییی هات، بەڵام گرنگی مێژوویی کۆمۆنەی پاریس لە بواری تیۆری و لە بواری تکۆشانی کردەیی بۆ جیهانێکی نوێ و وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی کۆتایی نایەت. ئەم بۆچوونە بۆ شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزنیش ڕاستە، وەک شۆرشێکی چینی کرێکار، کە لە بازنەی شۆڕشەوە گەیشتە بازنەی دەسەڵات و حوکمداریکردنی چینی کرێکار و، توانی هەر لە سەرەتاوە لە ڕەوشی شەڕی جیهانیدا بڕیاڕی ئاشتی وەرگرێت و یاسا و مەرسومی زەوی بۆ بەرژەوەندی جوتیاران دەرکات و بەلشەفییەکان رزگاری چینی کرێکاریان بە رزگاری و سەربەخۆیی گەڵانی ستەمدیدە بەستەوە و نموونەیەکی نوێیان لە حوکمرانی بنیات نا.

ئاماژە کردن بە گرنگی مێژوویی شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزن دەکرێ شیکردنەوە و لێکدانەوەی هەمەجۆر و جیاوازی بۆ بکرێت، بەتایبەتی دەربارەی چەمکی خودی شۆڕش و ئاسۆی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی مێژوویی چینی کرێکار، بەڵام ناکرێ لە سونگەی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت، کە کارتێکردن و مەترسی ئەو هەڵوەشاندنەوەیە تا ئێستا لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی دیارە، لە بەها و گرنگی و نەریتی نوێی سیاسیی شۆڕشی ئۆکتۆبەر کەمبکرێتەوە.

جیهان دوای هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەت ئارام تر نەبوو. خولیا و ئاراستە و سیاسەتی نهێشتنی بارگرژی و ئاسوودەیی  و سەقامگیری ئابووری و خۆشگوزەرانی نەهاتە دی. سەرمایەداری ئەگەر خۆی بە سەرکەوتوو پاش هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەت نمایش کرد، قەیرانە قوڵەکانی کۆتایی نەهات و تاکە جەمسەریش توانای سەرکردایەتیکردنی جیهان و بەرێوەبردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی نییە.

جیهانی ئەمڕۆ لە ڕەوشێکی مێژوویی نزیک و هاوشێوە لە سەردەمی شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەژی نەک بە مانا دەقاودەقەکەی، بەڵکو لەو دیدەوە کە ژیانی مرۆڤایەتی و سیاسەتی نێودەوڵەتی بەو شێوازەی سەرمایەداری هاوچەرخ و ئۆلیگارشی دارایی لە جیهاندا کار بۆ سەپاندنی دەکەن، بە ڕێوە ناڕوات و قەیرانەکان زیاتر دەبن و شەڕی سەرمایەداری بەناوی پێکدادانی شارستانییەکان چارەسەری ناکات.

ئەمڕۆ زەمینەی جیهان و ناکۆکی و ململانییەکان و قەیرانەکان، بانگەشەیە بۆ بیرکردنەوەی چارەسەر لە ڕێگای ئەو نەریتانەی شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەر بۆی بەرپابوو و بانگەشەی بۆ دەکرد و، بێ گومان شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەو شێوازەی ئەنجام درا لەم هەلومەرجەدا کۆپی ناکرێت و دووبارە نابێتەوە، بەڵام مرۆڤایەتی پێشکەوتنخواز بە سیاسەتی شەڕ و هەژاری و زەوتکردنی مافی گەلان قایل نییە و هەڵبەتە شێوازی تێکۆشانی گونجاوی بۆ دەبینێتەوە و لەسەر ئەم کاروانەش بەردەوامە.

07/11/2023



وتارەکانی تری نوسەر