شیعەو کوردو شیوەن

ئاسۆ عەبدولەتیف

هێزی پرسەو شیوەن و مەرگدۆستی، هەمیشە لە هێزی ژیاندۆستی و شادیەکان باشتر دەتوانێ گوتاری سیاسی کوردو شیعە لەیەک نزیک بکاتەوەو خۆی لە بەریەککەوتن و غیرەی سیاسی و درۆن و جەبهەی لابەلا، بەدوور بگرێ.

 کورد لەنێوەندی ئەو مەرجەعیەت و شیعەگەراو تەلبەندە زۆرانەی بەرەی موقاوەمەدا، نابێ هاوسەنگی لەدەست بدات و بەتەنها بیر لە یەک ئاراستەو یەک ڕەهەند بکاتەوە، بۆ وێنە بیرکردنەوە لەدیزاینکردنەوەی میعماریی و ژێرخانی ئابوری کوردستان تەنها بەئاراستەی کۆپی پایتەختە ئەوروپی و ڕۆژئاواییەکان و بەدوبەیکردن و بەئەستەمبوڵکردن هەڵەی گەورەیە، دەبێت بڕێک جار کورد خۆی وەک قوربانییەک پیشان بدات لەبریی پاشایی و میرایەتی و دیوی سوننەتی و کۆنزێرڤاتیڤانەی قوربانی و پرسەکانی شیعە پشتگوێ نەخات، ئەوەش بەخاتری هاوسەنگی و مانەوەو داڕشتنەوەی دیسکۆرسی خۆی و میتۆدی گەیاندنی پەیامەکانی بۆ نەیارە سیاسیەکانی.

چونکە هاوكێشه‌ی، ئێران ئه‌مریكا ئیسڕائیل گۆرانی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌هاتوه‌، ئه‌وه‌ی ده‌ستكاری نەخشەو سکێچی جەوهەریی و سیاسی دەوڵەت و گه‌لانی ئەم ناوچەش ده‌كات ئه‌وانن وەک هێزو مۆتیڤی یەکلاکەرەوە.

ئایا گەلێک هەیە لەمێژوودا وەک کورد ئەو هەموو پرسەو شیوەن و جینۆسایدەی هەبێت و نەتوانێ ئیستیسماری بکات و بەردەوام بگلێ و بکەوێ و کەچی دەستی دوژمنانی بگوشێ و پێبکەنێ و هەڵپەڕێ و باسی چێژی ژیان بکات و خۆی کۆپی بکات لە دەوڵەتی گەورەی ئەوروپی و ڕۆژئاوایی و نەوتی گەورەو هێشتا کارەسات و پرسەگێڕیەکانی نەکردبێت بە هەوێنی مانەوەو دەوڵەتداریی خۆی؟ یانی تاکەی ئەم کەمتەرخەمیە؟

بڕوانە ئەو دروشم و سڵۆگانەی کورد هەیەتی لەم حەفتا ساڵەدا، نابەزین و ناکەوین و نامرین، ناتوێینەوە، نەعەرەبم نەئێرانی، نەتورکێکی شاخستانی! سەرلەبەری دروشمی بێئومێدییە، یان، شەهیدان نامرن، وتەزای نامرن فەرمانە بۆ مەرگ و سۆسیۆلۆژیای شیوەن و بەردەوامی خوێنلێچۆڕانەکانمان، بۆ ئەوەی بەردەوام گەنجان بمرن و سوتەمەنی و قوربانی بن و شەهیدی تر بدرێ و نەوەستین و ئەم خوێن و تراژیدیایە بەردەوام بێ بەبێ دەستکەوت! وەلێ گەلانی تری وەک فارس و تورک و عەرەب، وانین و هەڵسەنگاندن بۆ کەوتنەکانیان دەکەن و نوقتەیەکیان داناوە بۆ مەرگی نەتەوەکەیان.

بە ئەڵمانیەکی نازیست و هۆڵندیەک، یان سورپێستێکی ئەمریکی و فاشیستێکی ئیتاڵی بڵێ بمرەو خۆت بەخت بکە بۆ ئێستا توشی شۆک دەبێ، بۆچی چونکە قۆناغەکەیان بڕی و دەوڵەت و فەزیلەت و شوناسیان هەیەو نۆرەی مانەوەو ژیاندۆستیە نەک مەرگ، شیعەکان دەڵێن یەک پرسەو عاشوراو چلەمان هەیەو نابێ کەسیتر شەهید بێ دوای ئیمامی حسێن و هەموو هێزی خۆیان خستۆتە خزمەتی ئەو ڕەشپۆشی و شیوەنە هەزاران ساڵەیە بۆ دەوڵەتی خۆیان و ملیۆنان حسەینیەیان کردۆتە ئەکادیمیای پێگەیاندنی نەتەوەیەک بۆ خزمەتی ئەو ئەجێندایە، خۆئەگەر شەهیدی سیمبولیکیانەی تریشیان هەبێ وەک ئەوەی قاسمی سولەیمانی و سەرۆک کۆمار ئیبراهیم ڕەئیسی، دیسان دەیخەنەوە ناو ئەو کۆنتێکست و گوتارە ئایدۆلۆژیە مەرگدۆستی و شیوەنگێڕیە مێژووییەی خۆیان بۆ بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەتداریی، ئەوە جیاوازیە گەورەکەی نەتەوەی بێدەوڵەت و نەتەوەی زاڵی دەوڵەتدارە.

22/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر