ئایا، تۆی مامۆستای زانکۆ، بزن بەخێو دەکەیت؟

ئاسۆ عەبدولەتیف
مامۆستایەکی زانکۆ، یان خۆ بەکۆمەڵناسزانێکی سۆسیۆلۆگ، کاتێ یەک دوو جارنا، سەدانجار، شیکارەکانی شکست دەهێنێ و سەرچیخ دەچێ، ئیتر ناکرێ بانگهێشتی بکەنەوە بۆ ناو دیبەیت و دیدارەکانی حکومەت و کایە مەعریفی و سیاسیەکان بەبیانووی ڕاوێژکاری و پێدانی زانیاری و شیکار.

سەدان مامۆستای تری بەتوانای زانکۆ هەیەو ئیگۆیان نیەو بەخۆیان ناڵێن تینک تانک و توێژەر، ماستاو ناکا بەدەم قاوە خواردنەوە لە لۆبیە پێنج ئەستێرەکاندا ئەوانە بێننە پێش و سوود لە وزە خاکیەکانیان وەربگرن، چیتر سەدان هەزار دۆلار بۆ تیکتی فڕۆکەو هۆتێل خەرج مەکەن بۆ ئەو جۆرە مرۆڤە ساختانە، کەڵکی نیە.

هەزاران خوێنەوار هەن لەم وڵاتە لەتەنیشت لەوەڕگاو گوندو مەرعاکانەوە، ئیتر پارە خەرج مەکەن بۆ پانێڵسازی نەشارەزاو بێ ڕوانگەو فکر، کاتێک قسەی پێ نیە بۆ ئێستا دێت باسی پەنجاساڵی تر دەکات بۆ حوکمڕانی، ئەوە بەرهەمهێنانەوەی جەهل و فریودان و دەبەنگکردنی کۆمەڵگایە، تۆ مامۆستای زانکۆیەکی ئەوروپیت و تەواو، توێژەرو سکۆڵەرو تینک تانک و بیرکەرەوە نیت، بەم کۆمەڵگایە نامۆیت و قەدەری ناعەدالەتی و نایەکسانی و میزاجی حیزبی و ئایدۆلۆژی تۆی خستۆتە سەر ئەو ستەیجە سیاسییە کوردیەو وەک هەموو کایەکانیتر ئەم کایەی مەعریفەو ئەنەڵایزو تەحلیلەش داڕزاو مەکەن.

ئەم ئیگۆ بازاڕییە بێ مانایە چییە کە ئەکادیمیەکان فێری بوون لەسیاسیەکانەوە، نایزانی خۆ بەزۆر نیە تەنانەت بەکوردیش نازانی قسە بکەیت چ جای فەڕەنسی و ڕوسی، چیتر خۆت بە ئەفسانە مەزانە، کاریزما خۆت دیاری ناکەیت، مەکەوە ناو هەڵدێرەکانی خورافەو وەهمی سەرۆکایەتیەوە، هاوشانی خۆت بوەستە، بە زمانزانی و جل و بەرگی کەشخەو موجامەلەی سەرۆک نیە، ئەمە زانستە نەک ئایدۆلۆژیا، تۆ زۆر تایبەت نیت، واز لەو خودپەسەندی و نەرجسیەتە بێنن.

ڕایان هۆڵیدەی یەکێک لە نووسەرو میدیاکارە گەنج و کاریگەرەکان و پۆدکاستێکی ئەمریکیە، ناسراوە لە بازاڕگەری و مارکێتینگ نووسەری دەکتێبی کاریگەرو بەناوبانگەو بە سیی زمان کتێبەکانی دەخوێنرێتەوەو ملیۆنان جار کۆپی و تیراژی هەیەو خۆی دەڵێ زۆربەی کاتەکانم لەکێڵگەیەک لە دەرەوەی شاری ئۆستن لە تێکساس بەسەر دەبەم و بەردەوام دەخوێنمەوەو دەنووسم، لە نێوان ژینگەی بەخێوکردنی ئاژەڵ و گوێدرێژو بزنەکاندا دەمەوێت ئیگۆکەم وردوخاش بکەم، تۆش وەهم و خورافەی سەرۆکایەتی و پلەی بەرزی وەزیفی و لەقەبی زانستی هێشتا لە ناختایە.

27/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر