گوتاری باڵوێزخانەو قونسوڵگەریەکان

ئاسۆ عەبدولەتیف
گوتارێکی ناتەبا و ناڕۆشن

ماوەیەکە بێماناو زیاد لە پێویست، گرنگی دەدرێت بە باڵوێزو دیبلۆمات و «نوێنەرایەتی وڵاتان» قونسوڵگەریەکان، بەجۆرێک گەورەیان کردوون و فۆکەسیان لەسەر داناون بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە بڕیارو دەسەڵاتێکیان هەبێت بۆ چاککردنی ڕەوش و گوزەرانی هاوڵاتیان، خۆ ئەگەر دۆخێکی سەربازی و ئەمنی بێتە پێش ئەوا ئەم برادەرانە نەک پاڵپشت و  بەرگریکار نابن لەم هەرێمەو دۆزەکەی. بەڵکو بارگەو بنە دەپێچنەوەو هەوڵی خۆدەربازکردن ئەدەن لە پێش خەڵکەوە.

زۆر بێمانا بووە ئیشی ئەم باڵوێزو قونسوڵگەریانە، کارو چالاکیان کورت بۆتەوە لە بۆنەی یادکردنەوەی ڕۆژی نیشتیمانیی وڵاتەکانیان و لێدوان لەسەر وردە پێشێلکاری و وێنەگرتن و شەراب خواردن و پرێزنتەیشنی ئامادەکراو لە هۆتێلە تایبەتەکان، لەگەڵ بەشێکی زۆر کەمی نوخبەو نوسەرو وەرگێڕو ڕۆژنامەنوسان و چینی مەدەنی و ڕاقی کۆمەڵگا، کە خۆیان دیاری دەکەن بۆ ئەجێنداو مەبەستی نادیارو باسکردن لە چەمکەکانی ئازادی و یەکسانی و جێندەرو دیموکراسی. بەبێ ئەوەی هیلاکەت بچێژن و دابەزن بۆ ئاستی خوارەوەی کۆمەڵگاو پشتگیری لەو خەڵکە هەژارە بکەن و بە پراکتیک کارێکی دڵخۆشکەر بکەن بۆیان، هەموو چالاکیەکانیان بۆتە تیۆرو پێکەنین و گەشت و بەرزکردنەوەی دروشمەکانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئازادی ڕۆژنامەنوسی میدیایی وەک ئەوەی گاڵتە بە شعوری خەڵک بکەن.

ئەم نوێنەرە بیانیانە زۆر سەیرن، هەموو خەڵک بە ڕەعیەت و کرێگرتەو ملکەچ و خزمەتکاری خۆیان دەزانن بەبێ ئەوەی تا ئێستا داهێنان و پڕۆژەیەکی جوانی وڵاتەکانیان بۆ هاوردە کردبین. پۆشاک و شەرواڵێکی کوردی و مرادخانی لەبەردەکەن و جامەدانەیەک و بەرخی کوردیان بۆ سەردەبڕن و دەیخۆن و دێنە کافێکان و دەچنە زانکۆکان و وادەزانن شۆڕشیان کردوە!؟ کەچی هێشتا نەیانتوانیوە بە جوانی و ڕێزەوە بە سیستم، سەرەتاییترین مافی گەشتکردن بۆ خەڵکی هەرێم دابین بکەن بە پێدانی ڤیزا، ڕۆتین و گرێ و گۆڵ و باج و ڤیزای بازرگانی و پرسگیریی ئەمنی و جیاوازی ڕەگەزیی بابوەستێت.

ئه‌مه‌ریكا، به‌ به‌رنامه‌‌ لەگەڵ دەسەڵاتی عەسکەری و پۆلیسیدایە و بە ئاشکرا سه‌له‌فیه‌تی دینیی ئوسوڵیی گه‌شه‌ پێده‌دات له‌ ئه‌فغانستان و  عێراق و سوریاو یەمەن و لوبنان و پاکستان و تورکیا و ئێران و بۆ عێراقیش ٦٧ فیرقەو کەتیبەو لیواو گروپی حەشدو سەرایاو سەربازگە لەپەنا گوێکانیدا لەدایک بوون و قسەی نەکردو کەچی لەناو باڵوێزخانەو قونسوڵگەریەکانیەوە داوای عەدالەت و یەکسانی و دەوڵەتی مەدەنی و دیموکراسی و یەکگرتنی هێزەکان دەکات؟

ئه‌مه‌ریكا وانه‌كانی ناو كتێب و نامیلكه‌ی ئیسلامی و تیۆره‌كانی دیموكراسی و مەدەنیەت و دادگەری بە واقیعی ناوێت تەنها وەک تیۆر لە میدیاو چایخانەکاندا ئیشی بۆدەکات ئەویش لە ڕێگەی پرۆکسی و دیبلۆماتەکانیەوە، »عەبدولفەتاح سیسی و ئه‌ردوغان و محمد بن سه‌لمان و هه‌یبه‌توڵاكان و شێخان و ئەمیرەکانی کەنداوی عه‌ره‌بی« و مه‌دره‌سه‌كانی جیهادو قیتال و حەشدو سەرایاکانی ده‌وێت، له‌بری ناوه‌نده‌كانی فیكر و زانکۆو ئه‌ندێشه‌ی زانستی، بیست ساڵ‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ ئه‌فغانستان بوو، ناوه‌ندێكی كو‌لتووری و سینه‌ماو سته‌یجێكی شانۆیی و وێژه‌یی و پڕۆژه‌یه‌كی وه‌شاندنی چاپ و رۆشنگه‌ریی دروست نه‌كرد، تاڵیبانێكی تازه‌ی دروستكرد تا هه‌موو حه‌زاره‌تێكی دینی له‌ ره‌گه‌وه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێت، لە عێراقیش بەهەمان شێوەو کوردستان خراپتر.

بۆیە نە ئەمریکاو نە دەزگاو دامەزراوەکانی یوئێن و ئەوروپاو ڕۆژئاواو نە هیچ ئۆفیس و دەزگایەکی قونسوڵگەریی. بەجددی لەگەڵ دامەزراوەی مەدەنی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤدا نین، بەتایبەت بۆ ڕزگاربوون لەو چەقبەستوویی و پاشاگەردانییە دەستوریی و یاسایی و پەڕلەمانییەی دروست بووە لەنێوان ئەقتابە گەورەکانی عێراقدا.

24/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر