ڕۆژنامەنوسانیش وەک بەرپرسان خەریکی یەکتری شکاندن و فەیک نیوزن

ئاسۆ عەبدولەتیف
دیسان میساقی شەرەفی رۆژنامەنوسیی بە پڕۆژەی فەیک.

کار گەشتۆتە ئاستێک، بەداخەوە گەندەڵی سیاسی ڕێکخراو، لە نوسینەوەی ئاکارو پەیماننامەی شەرەفی ڕۆژنامەنوسیدا بکرێت لەلایەن خودی ڕۆژنامەنوسانەوە، ئەوەش بە پشتیوانی هەندێک بەرپرس بەمەبەستی دەستخستنی هەندێک پێگەو دەستکەوتی ماددیی، پێشتر حیزبیان شێواند ئێستاش میدیا.

باشە دەپرسین بەپێی کامە یاساو ئیتیکی ڕۆژنامەوانی، ئایدیاو پڕۆژەی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و چالاکوان نادیدە دەگرن و ڕەنج و ماندووبوونیان بەرچاو ناگرن و ئایدیاو پڕۆژەکە تەملیک دەکەنە سەرخۆتان، دەتانەوێ بەم کارەتان کام ڕێڕەوی چەوت و فەیکە نیوز ڕاست بکەنەوە کە خۆتان بە ڕێگایەکی ناڕاستدا دەڕۆن و بەرهەمی خەڵکی تردەخۆن؟

بە کام لۆژیک و بنەمای زانستی و میدیایی و لە چ وڵاتێکدا چوار جار میساقی شەرەفی ڕۆژنامەنووسی نوسراوەتەوەو ڕادەگەیەنرێت و چاوپۆشی لێدەکەن ئەگەر مەبەستەکە لێدان نەبێت لە خودی پڕۆژەو گوتاری میدیایی هاوچەرخ و هاندەری سیاسی و ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندی ماددی لە پشت نەبێت؟

لەکاتێکدا یەکەمین هەوڵدان بۆ نووسینەوەی، میساقی شەرەفی ڕۆژنامەنوسیی لە کوردستان، گروپی ڕاچەنین و میدیای ئازادی ڕێکخراوی ICSP پێی هەستان لە هۆتێل چوار چرا لە شاری ھەولێر لە ٢٣/٥/٢٠٠٧ . ناکرێ ئەم مێژووە لەبەرچاو نەگیرێت و نەنوسرێتەوەو چەواشەکاری تێدا بکرێت، کەچی باسی میساقی شەرەفی نوێی ڕۆژنامەنوسی و ئیتیک و هەواڵی ناڕاست بکەن؟

ئەوە چ ئەخلاقێکی میدیاییە ئەو هەموو ڕەنج و ماندووبوونەی رابردوو نادیدە بگرن، بەو پرەنسیپە نامرۆیی و فەیکپڕۆژانەوە دەتانەوێت کام پەیامی ڕاقی و ڕاستگۆیانە بۆ ڕۆژنامەنووسان بنوسنەوە.

پەیماننامەی شەرەفی ڕۆژنامەنوسیی، کە شانزەساڵ بەرلە ئێستا نوسرا،  گروپێک ڕۆژنامەنووس و چالاکی بوارەکانی یاساو کۆمەڵگای مەدەنی و مافی مرۆڤ بە هاوکاری ڕۆژنامەو دەزگا میدیاییەکانی ئەوکات و یونامی و ڕێکخراوەکان و دەستپێشخەری گروپی ڕاچەنین نوسرا لە شاری هەولێرو هیچ کەس و میدیاو لایەنێکی فەرامۆش نەکرد، بوویە بنەمای کاری میدیایی هاوبەش و ئێستا خێرە ئەو جیاکاری و چەواشەکارییە.

تەنانەت هەر لەو ساڵەدا پڕۆژەی دیکە لەدایک بوو، وەک بەڕێز دوکتۆر هێرش رەسوڵ بۆ مێژوو نوسیویەتی، یەکەمین پرۆژەی گەڵاڵەکردنی ئاکارنامە (پەیماننامەی شەرەف) بۆ رۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان لە ئاستی کەس (شخصي)، ساڵی ۲٠٠۷ و لەلایەن بەندەوە بوو، کە لە ئەوکاتەدا، لە رۆژنامەی (هاوڵاتی) بڵاوبۆوە و دواتریش لە کتێبی (ئێتیک و یاسا لە میدیای کوردیدا)

دواتر بەڕێز حامد محەمەد عەلی  سكرتێری پێشوی  سەندیكای رۆژنامە نوسانی كوردستان دەڵێت؛ بەڵێننامەی شەرەفی ڕۆژنامەنوسانی كوردستان، پەسەندكراوی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنوسان و كۆنگرەی سێیەمی سەندیكا لە تەموزی ساڵی 2011 بەو شێوەیە نوسرایەوەو ئیتر ئەم کۆنفرانس و باس و خواسی ڕاگەیاندنی بەیاننامەی شەرەفی ڕۆژنامەنوسانەی ئەمڕۆ لەهەولێر ،چ واتایەکی هەیە، ئایا مەعقولە سەنتەری میترۆو ڕۆژنامەنوسان ئەو بەڵێننامەیان نەدیوە، کە پێشی  ١٢ ساڵ ڕاگەیەنراوەو سەدان ڕۆژنامەنوس دەنگیان بۆ داوە ئەی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان بۆ بێ ئاگایە و لەکوێیە؟

بەڵێننامەی شەرەفی ڕۆژنامەنوسانی كوردستان، پەسەندكراوی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنوسان و كۆنگرەی سێیەمی سەندیكا لە تەموزی ساڵی 2011 لە پەراوێزی ئەم نوسینە دادەنێم.

ئیتر لێرەو لەوێ هەندێک سەنتەرو ڕێکخراو بیانەوێت حکومەت و ڕاوێژکارەکانی بەلاڕێدا بەرن و ئەو هەوڵ و چالاکیانە نادیدە بگرن ئەوە شتێکیترە لە بیزنسکردن بە میدیاوە، بیانەوێت یان نا پڕۆژەی فەیک و ناراس  دەنوسنەوە بۆ بەرژەوەندی و دەستکەوتی مادی و ڕێکخراوەیی و خۆدەرخستن.

21/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر