وەبەرهێنەر پاشای سیتی کەلاوەیە !

ئاسۆ عەبدولەتیف

وەبەرهێنی کوردیی، ئەوەندە حەزی لە خۆنمایشکردن و خێرو سەدەقەیە لە شارەکانی تر بۆ ڕیاکاریی و خۆبەفریشتەکردن لای حکومەت و بەهاناوەچوونی هەژاران وەک دەرهێنەری سینەمایی لێهاتوەو خۆی لێ بوەتە پاشای کەلاوەکە بۆ نمایش و تەمسیل. کەچی لەو نزیکەی بەرقاچی ڕاستی خۆیەوە، کرێچییەکانی نابینێت لە سیتیە وێرانەکەی خۆیدا، خواخوایەتی حکومەت هەر باخبەڕەڵای لێبکات و هەرگیز بیر لە تاپۆکردن و یاسای توند نەکاتەوە بۆ ڕووبەرە بەتاڵ و سەوزاییەکان و خزمەتگوزاریەکان، چونکە گرێبەست و ڕسومات و تەخشان و پەخشانی زەویەکان هەر لای خۆیەتی بۆ ئەبەد، پاشای عەرشەکەیە ئیدی.

حکومەت دەبێت عاقڵانە ئەم گەمەیە لەدەست ئەو پاشایانە دەربهێنێت چونکە کەلاوەکان سبەی مانای خراپ ئەدەن بەدەستەوە، دەبێت حکومەت ئەو عەرشە درۆینانە وەرگرێتەوە و سیستمی پێدانی ئەرازی و یاساکانی مۆڵەتی وەبەرهێنان و تاپۆ و خزمەتگوزاریی گشتی شارە نیشتەجێبوەکان دووبارە هەموارو ڕێک بخاتەوەو چیتر چاوپۆشی نەکات لە پڕۆژەی لارو سەقەتی هەندێک وەبەرھێن بۆ گەندەڵی بەردەوام و ئیختیلاسی زەوی وزارو سپیکردنەوەی پارەو دەستکاری نەخشەو سایت پلان و نوقورچدان لە زەوییە بۆش و گۆشەو سەوزایی ناو سیتیەکان.

لەگەڵ هەنگاوە باشەکاندا دەپرسین باشە دەستەی وەبەرهێنان، چیکردوە بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی ناو سیتیەکان و کەلاوەکان کە بوونەتە قوربانی و دیل و بارمتە بەدەست وەبەرهێنەری تەماحکارو زمانلووسەوە، هەر ڕۆژەو بیانوویەکیان پێدەگرن و شانۆیەکیان بۆ ڕێک دەخەن لەسەر ئەو ستەیجانە؟ تاکەی خەڵک گیرۆدەی یاسا خێڵەکی و شەعبیەکانی گیرفانی ئاغای وەبەرهێن بێت و ملکەچی بێت و یاسای وەبەرهێنەرانیش پشتگیری بکات؟ بە ڤێللایەک و دوان و ڕەشوەیەک و بەرتیلخۆرییەکی بێتام و ئاشکرا ئەوە سەدان جارە باری لاری وەبەرھێنەر ڕاست دەکەنەوەو خەڵک هەر بێدەنگەو ماوەیەکی تریش داوای دەنگیان لێدەکەن بۆ شەرعیەت و ئایندەی ئەم حوکمڕانییە؟ 

لە هەندێک سیتیدا نە بنکەی تەندروستی هەیەو نە گەراج و نە سەوزایی و نە قوتابخانەیەکی هاوچەرخ و نە جادەو پارک و جوانییەک، کەچی هێشتا نایەنەپێشەوە بۆ دەرکردنی یاسایەک کە سیولەو پارەی کاش بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوەو لە بەرژەوەندی گیرفانی حکومەتیشدایەو ڕێگە لەو نەزیفە ئابورییە دەگرێت.

وەبەرهێنی شەیتان کراوە بە فریشتەو مەڕدۆش و چاکەخوازی نیشتیمانی و پاشا، بە یەک دوو چاوپێکەوتنی تیڤیی و سپۆنسەرکردن و پێدانی دیاریی سادەو ڕیابازانە، ئاسانکاری بۆ کراوەو لە سیتیەکان سەوزایی و باخچەو زەوی قوتابخانەو بنکەی تەندروستی فرۆشراوەو کراوە بە مارکێت و خانوو بەنزینخانەو پەیمانگای ئەهلی و دەجار سایت پلانیشیان بۆ گۆڕیوە، کەچی بۆیەک جار نەیانتوانیوە شەقام و ئەسانسۆرێک چاک بکەن و بگۆڕن، دەی ئەوە کێ لێی بەرپرسە؟

خەڵک تاوانی چییە یەکەو خانوەکەی بۆ تاپۆ ناکەن دوای تەواوبوونی قیست و ڕسوماتەکانی، بەڵام بۆ یەک ڕۆژ دواکەوتنی قیستەکەی دەجار تەلەفۆنی بۆدەکەن و بۆ هەر کڕین و فرۆشتنێکیش دەبێ وەکیلی ماڵ نەک خاوەن ماڵ! باجی خۆی بدات بە وەبەرهێنەر بە دۆلارو بەو بەها بەرزەشەوە؟

یاسای پاراستنی مافی خەڵکی ڕەش و ڕووت بێزەحمەت لە کوێی یاساکانی دەستەی وەبەرهێناندایە، مافی خەڵک نەک وەبەرهێنەر؟

02/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر